سودانی: ساڵانە نزیكەی چوار ملیار دۆلارمان بۆ كڕینی غاز بەفیڕۆ دەڕوات
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند بەفێڕۆدانی گازی هاوەڵ ساڵانە زیانی 4 ملیار بە عێراق دەگەیێنێت و دەڵێت لەگەڕی شەشەمی گرێبەستە نەوتییەکاندا وەبەرهێنان لە ژمارەیەک کێڵگەی گرنگ لە گازدا دەکرێت بەشێوەیەک لە ساڵانی داهاتوودا عێراق دەبێتە فاکتەرێکی گرنگی وزە لە جیهاندا.
لە ئاهەنگی 60 ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت "ئۆپێک" کە رۆژی هەینی، 16ـی حوەزیرانی 2023 لە بەغدا بەڕێوەچوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا لەبەردەم وەزیرانی وزە و نەوتی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی ئەو رێکخراوە رایگەیاند:نەوت هێشتا سەرچاوەیەكی سەرەكی وزەیە لە جیهاندا و گرنگی خۆی هەیە لە سیاسەتی ئابووری، گەشەپێدان، ژینگە و تایبەتمەندى خۆی بۆ ئەو وڵاتانەى، كە پشتی پێدەبەستن.
محەمەد شیاع سودانی ڕاشى گەیاند، فرۆشتنی غازی سروشتی و وەبەرهێنانی وزە بەرپرسیارێتی نوێی بۆ وڵاتانی ئەندامى ئۆپیک زیاد كردووە و لە ئێستادا غاز بووەتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ زۆرێك لە پیشەسازییەكان، بۆ ئەمەش پێویستە وڵاتانى ئەندامى ڕێکخراوەکە ڕووبەڕووی ئەو ئاڵەنگارییانە ببنەوە، كە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
باسی لەوەش كرد، لە سەرەتای پێكهێنانی حکومەت گرنگیمان بە دۆسێیەی وزە داوە و ساڵانێكی زۆرە عێراق پشتی بە نەوت بەستووە، وەك سەرچاوەیەكی بنەڕەتی بۆ ئابووری وڵات سەیری كردوە وغازی سروشتی پشتگوێ خراوە، ئەمەش وایكردووە چەندین دەرفەتی گەشەپێدان لەدەست بدەین.
سودانى دەشڵێت، دەستمان كردووە بە مامەڵەكردن لەگەڵ گەشەپێدانی پیشەسازی نەوت و وەبەرهێنان لەو كەرتانەی پشتگوێخراون و گرێبەستی گرنگمان بۆ وەبەرهێنان لە غازی سروشتی واژۆكردووە، بەم نزیكانە، شەشەم گرێبەست واژۆ دەكرێت، كە ڕێگری لە بەفیڕۆ چوونی غاز دەکات.
سودانی لە وتارەكەیدا جەختی كردەوە، لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی بواری وزەدا هاوكاریمان كردووە، لەوانەش ڕێككەوتنی ئەم دواییەی وڵاتەکەمان لەگەڵ كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی، بۆ وەبەرهێنانی وزە بە مەبەستى ئەوەی عێراق ببێتە ناوەندێكی كارا لە بازاڕی غاز لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا.