دیداری لۆزان

یەک ساڵ لەمەوپێش



هۆمەر موحەمەد

ئەمرۆ لەیادی سەدساڵەی لۆزاندا، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNKA) دیداری لۆزانی لەژێر دروشمی : کورد پێکەوەژیان دەکاتە چارەسەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەدوو پانێڵدا لەهۆڵی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسورەکە بەست.

منیش وەک هەر بانگهێشتکراوێک بۆ ئەو دیدارە، مافی ئەوەم هەبوو دەستبەرزبکەمەوەو لەنۆبەی خۆمدا قسەیەک یاخود پرسیارێک بکەم بەڵام بەهەر هۆیەک بێت رێگەیان نەداو وتیان (ببورە کات تەواو بوو..!!)، لەکاتێکدا بازیان بەسەر ناوەکەمدا داو ئەوانەی لەدوای من ناویان نوسرابوو دەرفەتیاندا ! بەڵام دەرفەت بۆمن نەبوو، بەهەرحاڵ نایکەم بەگللەیی و گەردنیان ئازادبێت . بەڵام ئەوەی لەوێ دەبوو بیڵێم لێرە دەیخەمە بەردیدەی خوێنەرانی ماڵەکەی خۆم .

ئەوەی دەمویست لەتێچندا بیڵێم و نەیانهێشت :

سەیرە کۆنگرەی لۆزان تەنها لەباشوردا کورتبکەیتەوەو لەباشوریش تەنها سەرنجت لەسەر ستەمکاری و کەمتەرخەمی و کێشەو ململانێی یەکێتی و پارتی بێت ؟ لەکاتێکدا پەیماننامەی لۆزان نێودەوڵەتییەو تەنها کوردیش لێ زەرەر مەندنییە. لەوەش سەیروسەمەرەتر هەرچی پۆخڵەوات و نەزانی و هەژاری فیکری و دزی و گەندەڵی وشکستی حزبەکانی دەسەلاتدارانی باشورە بیخەیتە ملی خەڵکی کوردستان ؟

لەکاتێکدا ئەگەر چاوێک هەبێت بۆ جوان بینی، ئەوا کوردی ستەملێکراو، خەڵکی ئاسایی ناو شارو گوند و ئۆردوگاکان بایی ئەوە جوانیان هەیە کە بکرێن بەنمونەو سومبلی نەبەزین و بەرگری و مرۆڤ شانازییان پێوەبکات !

لەهەردوک پانێڵەکە ئەوەی جەختی لەسەر دەکرایەوە ئەوەبوو کە "کورد دەبێت هێزی هەبێت" بەڵام هیچیان پێناسەیەکیان بۆ هێز نەبوو ! کام هێز ؟ چ جۆرەهێزێک ؟ بێگومان دەزانم ئەوان مەبەستیان لەهێزی سەربازی بوو، چونکە زوو زوو نەک هەر لەپانێڵەکاندا بەڵکو لە موداخەلەکانیشدا باسی نەبوونی دەوڵەتیان دەکرد !

ئێ باشە ئەوە هەموومان دەزانین کورد دەوڵەتی نییە، بەڵام خۆ کلتوری هەیە، کۆمەڵگا ئەگەر دەوڵەتیشی نەبێت حیکمەتی سیاسی هەبێت، بە خەباتی (کلتوری، دبلۆماسی و ئابوری) دەتوانن ببنە جێگرەوەی دەوڵەت .. ئێ خۆ هەتا ئێستا ئەوەی کوردی پاراستووە هەر کلتورەکەی بووە. نەک خەباتە چەکدارییەکەی، ئەوەی کوردیشی بەهەزار هەڵدێردابردووە خەباتی چەکدارییەکی رووتی بێ فیکرو مەعریفە بووە. هەر جوڵانەوەیەکی چەکداری بەبێ مەعریفەو خەباتی کلتوری و دبلۆماسی لەشکست زیاتر ناچنێتەوە.

ئەو بەرێزانە دەبێت بزانن کە لۆزان بەتەنها دیدارو کۆنگرەیەک و تەنانەت بەقسە شی ناکرێتەوە، بەقسە بەهیچ کوێ ناگەین بەڵکو پێویستمان بەدیدێکی نوێ و بیرکردنەوەیەکی ترو پەندو ئەزموونە. لەشکستەکانی رابوردوو. ئینجا پراکتیک کردنی ئەو دیدە نوێیە.

یەکێک لەپانێلیستەکان فۆکەسی لەسەر دوو گوتاربوو :

یەکەمیان : گوتاری خۆبەزەلیل زان و دوومیان گوتاری ترس .

لەراستیدا ئەوانە هەردوکیان لەگوتار دەرچوون و لە ژێر یەک تایتڵیشدا جێگەیان دەبێتەوە (چونکە ئەو بووەتە شوناس، شوناسی مەزڵومییەت و خۆبەزەلیل نیشاندان، ئێ هەر مەزڵومییەت ترسیش بەرهەم دەهێنێتەوە)

بۆیە بەبڕوای من کورد خاوەن شوناسی مەزڵومییەتە ( خۆبەزەلیل نیشاندان) ئەوەش هەر شکست و گوتاری حزبەکانە نەک هی خەڵک ئەوە ئەوانن لەبەردەم ئەوانیتردا خۆیان بەگچکە دەزانن و یەکتری قبوڵ ناکەن .. ئەوانن چاوەروانن ئەمریکاو ئەوروپا ببێتە فریاد رەسیان و رزگاریان بکەن .

دەنا خەڵک هەمیشە ئامادەی بەرگری و بەرخۆدان بووە، خاڵی بەهێزیش لە شوناسی کلتوری کورددا هەر جەنگاوەری ئازانییە بەڵکو مرۆڤ دۆستیشە ئەوە خەڵکی کوردستان بوون لەدوای ئەنفال وکیمیاباران کاتێک سوپای عێراق لەساڵی ١٩٩١ کەوتە بەردەستی خەڵکی ڕاپەریوو خەڵک چەکیان کردن بەڵام نەیانکوشتن بەڵکو خوێنیان بەبریندارەکانیان بەخشی لەو قات وقڕی و گەمارۆی ئابورییەدا نان و جلی بۆ کردنەوە! ئەوە کوردانی رۆژئاواو هێزەکانی ژن بوون لەدوای شەنگال و ئەو هێرشە درندانەیەی داعش بۆسەر کۆبانێ یەک دیلی داعشیان نەکوشت ! بەڵکو بەئێستاشەوە پاراستویانن و دیلەبریندارەکانیان تەداوی کرد .. ئەمانە شوناسی هێزی ئێمەن و دەکرێت لەخەباتی کلتوریماندا دونیای پێ سەرسام و شەرمەزاربکەین.

عەیبە خۆت بەچاودێری سیاسی و شیکەرەوەو سیاسەتمەدار بزانی بەڵام چیرۆکی (دەخیل و سامیا) وەک بەهای باڵای کلتوری نەبینی و هەر چاوت لە سیاسیە شکستخواردووەکان بێت. بەقودرەتی قادر باری لاریان راست بکەنەوەو لەم دۆخە قەیراناوییە رزگارت بکەن؟! لەکاتێکدا بەشی سەرەکی قەیرانەکە خۆیانن نەک ئەوی دی .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار