بەهۆی کحولی ساختەوە 644 کەس لە ئێران دەمرن

خواردنەوەی مەی ساختە لە ئێران قوربانیی لێدەکەوێتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



پزیشکی دادی ئێران ئاشکرای دەکات مردن بەهۆی مەی و ماددە کحولییە ساختەکان لە وڵاتەکە زۆر بوە و تەندروستیی ئەو وڵاتەش دەڵێت ماددەی مێتانۆڵ لە خواردنەوە کحولییەکان بەکار دەهێنرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە پزیشکی دادی ئێران بڵاوی کردەوە؛ تەنها لە ساڵی رابردودا لانیکەم 644 کەس بەهۆی ژەهراویبون بە خواردنەوە کحولییەکان یان مەی ساختە گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژە بەوە کراوە ژمارەی قوربانییانی خواردنەوە کحولییەکان لەچاو ساڵانی رابردودا 30% بەرز بوەتەوە و زۆربەشیان بەهۆی ماددەی مێتانۆڵەوە بوە.

لە سێ رۆژی رابردودا 175 کەس لە چەند ناوچەیەکی شاری کەرەج  سەر بە پارێزگای ئەلبورز لە ئێران ژەهراویبون کە 14 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و بوەتە هۆی نابینابونی سێ کەس و چوار کەسی دیکەش لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان.

بەرپرسانی تەندروستیی پارێزگای ئەلبورز رایانگەیاندوە؛ بە ئەگەری زۆر ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ژەهراویبون بە خواردنەوە کحولییەکان گیانیان لەدەستداوە بەرز ببێتەوە.

ژمارەیەک لە بەرپرسانی تەندروستیی ئێران هۆشداراییان داوە لە بەکارهێنانی ماددەی مێتانۆڵ لە زۆربەی خواردنەوە کحولییە دەستکردەکانی ناو ئەو وڵاتە و ژەهراویبون بەو ماددەیان بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبونەوەی ژمارەی قوربانییانی خواردنەوەی مەی لەقەڵەم داوە.

بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی رێگریی لە هاوردەکردن یان بەرهەمهێنانی خواردنەوە كحولییەکان دەکرێت و ئەوەش وای کردوە بەرهەمهێنانی مەی ساختە و خواردنەوەی کحولی نایاسایی لە ئێرن قوربانیی زۆری لێبکەوێتەوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار