بیستەمین خولی دانوستانەکانی ئاستانا لەبارەی قەیرانی سوریا کۆتایی هات

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بیستەمین خولی دانوستانەکانی نێوان سوریا، تورکیا، ئێران و روسیا لەبارەی قەیرانی سوریا لە شاری ئاستانای قەزاقستان بێ ئەنجام کۆتایی هات.

کۆبونەوەکە دوو رۆژ بوو بەردەوام بوو، لە کۆبونەوەکەدا بوراک ئاکچاپار جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، میخائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا، عەلی عەسغەر خاجی راوێژکاری کاروباری سیاسی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەیمەن سوسان جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا بەشدار بوون و گێر پیدرسۆن نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا و شاندەکانی ئوردن، عێراق و لوبان لە کۆبونەوەکەدا ڕۆڵی چاودێریان دەگێڕا.

لە کۆبونەوەکەدا سوریا جارێکی دیکە پێداگیری لەسەر کشانەوەی سەربازانی تورکیا لەنێو خاکی سوریا و تورکیاش پێداگیری لەسەر دژایەتیکردنی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کرد.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، بیستەمین خولی دانوستانەکانی ئاستانا کۆتایی هات و ئەنجامنامەی کۆتایی راگەیەندرا. لە ئەنجامنامەکەدا، باسی گەڕاندنەوەی ئاوارە سوریەکان، گۆڕینی دیلەکانی شەڕ و دۆزینەوەی بێسەروشوێنەکان کراوە.، بەڵام ئاژانسی هاوار نیوزی سەر بە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لایەنەکانی کۆبونەوەی ئاستانا ئەوانیان بە جوداخواز لە قەڵەمداوە و دژایەتی کوردیان کردووە.

قانات تۆمیج جێگری سەرۆک وەزیری قەزاقستانیش رایگەیاند، دۆخی سوریا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. وڵاتانی عەرەبی هەوڵدەدەن سوریا بگەڕێننەوە بۆ نێو جیهانی عەرەبی. گەڕاندنەوەی سوریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی و پەیوەندیەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ دیمەشق، کۆمەڵێک دەستکەوتن کە لە ئەنجامی هەوڵی لایەنە بەشداربووەکانی کۆبونەوەکانی ئاستانا بەدی هاتوون و وتی، " پێدەچێت، ئەمە دوایین کۆبونەوە بێت لەبارەی قەیرانی سوریا کە لە ئاستانا بەڕێوە بچێت."

بەڵام ئەلکساندر لاڤرنتیەڤ ئەندامی شاندی دانوستانکاری روسیاش دوای کۆبونەوەکە رایگەیاند، پرۆسەی ئاستانا تەواو نەبووە، بەڵام ئەگەر قەزاقستان دەیەوێت، کۆبونەوەکان بۆ وڵاتێکی دیکە بگوازرێتەوە، دەتوانین قسەی لەسەر بکەین و جێگەیەکی دیکە هەڵبژێرین. دانوستانەکانی ئاستانای تایبەت بە قەیرانی سوریا، لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ دەستیان پێکرد.

روسیا، ئێران و تورکیا ڕۆڵی نێوەندگیریان دەبینی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش چاودیری دانوستانەکانی دەکرد کە دواتر عێراق و لوبنان و ئۆردنیش وەک لایەنی چاودێر زیادکران. زیاتر لە شەش ساڵە لایەنەکان لە ئاستانا کۆدەبنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێک بەدەست نەهێنراوە و پێدەچێت قەزاقستان لە دانوستانەکان بێهیوا بووبێت، لەبەرئەوەی لەلای خۆیەوە کۆتایی بە دانوستانەکان هێناوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار