دەبێت یەكێك قسە بكات
یەک ساڵ لەمەوپێش
لەتیف فاتیح فەرەج
لەبێدەنگیەكی گەورەداین، ژاوەژاوی سیاسی و شاتە شاتی پارلەمانیش ناچنە خانەی قسەكردنی كاریگەرەوە، قسەكردنێك مرۆڤ ناچاری هەڵوەستە بكات، ئێستا لەو بێدەنگیە گەورەیەدا كەس بەكەس نیە، هەردوو لایەنی بەحسێب خاوەن چەك و پارەو ناوچەی دەسەڵات رۆژرنیە پەڵپ و بیانوو بەیەكتر نەگرن، ئەوەی پایتەختی بەدەستەوەیە كار لەسەر خنكاندنی ئەوانی تر دەكات، بۆ ئەمەش هەموو رێگایەك دەگرێتە بەرو گرتویەتی، ئەوانی تریش بەشی سەرەكیان سەرقاڵی ژاوەژاوەكەن، هەندێك جار مرۆڤ هەستدەكات بێسەریەكی گەورە لێرە هەیە، ئەم بێسەریە بواری دەستوەردان، شێواندن، بێسەرەو بەرەیی رەخساندووەو كەس نیە لەشوێنێكا بەدەنگێكی بەرز ژاوە ژاوەكە بێدەنگ بكات و قسەیەك بۆ بیستن بكات، قسەیەك بوونی هەبێت، ئەم وێرانیە پێویستی بەقسەیەكی ترە، قسەیەكی جیاواز، ئێستا ئەوەی ئێمەی تێداین كەشتییەكە لەشێوەی تایتانیك، كەشتیەك كە ناخودای نیەو نەك بەستەڵەك و شاخی سەهۆڵی لەپێشێتی بگرە بڵێسەی توڕەو پڕتەوژمی ئاگر لەبەردەمیدایە، هاكا گەیشتە كەشتیەكەو تەڕو وشكی پێكەوە كردە سوتماك .
پێویستمان بەقسەكەرێكە، قسەكەرێك بتوانێ گوێیە ئاخنراوەكانی دەسەڵات بكاتەوەو پێیان بڵێت دەبێت لەشوێنێكا بوەستن، قسەكەرێك هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەچنگی هەفتاو هەشتاو لەدەستی حزب رزگار بكات ،ئەو هێزەی تاسەر ئێسك حزبێنراوەو لەبری ئینتیما بۆ نیشتمان و گەل ئینتیمای بۆ حزب و سەرانی حزب هەیە، ئێستا لەهەركات زیاتر پێویستمان بەقسەكەرێكە تادەعباكانی حوكمڕانی نوستوو بەئاگا بێنێت و دیلان ئاسا بدا بەگوێیاندا « نەك شوشە شكا وا رەز دەسوتێ « نیشتمان لەكەناری كەوتنایە، ملهوڕەكانی حوكمڕانی حزبی نە بایان دیوە نە باران، (30) ساڵە شكست لەدوای شكست تووشی گەل دەكەن و بەڕێژەی كەمتر لە 20%ی دەنگدەرەوە حوكمڕانی 100%ی وڵات دەكەن و هێشتا پێیان كەمە، گەلیان پارچە پارچەو داڕزاو كردووە، دژی هەموو دەنگێكی جیاوازن، خۆیان دەڵێن ئێمە كورسیەكی پارلەمانمان هەبێت و سەدمان هەبێت هەر حاكمین، شانازی بەخیانەت و هێنانی دەبابەو پاسدارو میت و جەندرمەو پۆستاڵی بەعسەوە دەكەن، شكۆ شكاندنی پایتەخت بەسەروەری دەزانن، بۆ شكاندنی یەكتر دەستی حەشدو ئاخوندو سوڵتان و كارداش ماچ دەكەن، بە (30) ساڵ (100) ساڵ كوردی باشوریان بردە دواوە .
دەبێت كەسێك هەبێت قسە بكات، قسە بەدەنگی بەرز ئەمە باوەڕێكی لاواز نیە ئەگەر ئێستا قسەكەرێك هەڵوەستە بەمانە نەكات، سبەی كار لەكار ترازاوە، ناكرێت بانگەشەی سەربەخۆی بكەین و سەرمان لەئامێزی تاران و ئەنكەرەو ئەستەنبوڵدا بێت، ناكرێت نەوتی خۆمان، نەوتی نیشتمانی خۆمان رادەستی سوڵتان بكەین و ئەو بكەینە وەلی ئەمری خۆمان و پێمان وابێت خۆری ئێمە لەكۆشكی ئەوەوە هەڵدێت، لەكاتێكا ئەوەتا ئەو تەنانەت لەپایتەختی عێراقیش شەڕی بەرژەوەندی خۆی دەكات و ئێمەی هەر بیر نیە، نەك بیری نیە تەنانەت هەركات بیەوێت سەرمان پاندەكاتەوە ، وەك چۆن لەسەردەمی ریفراندۆما وای كرد، ئێمەش نەوتەكەی بۆ هەڕاج دەكەین، كەئیدی بڕوام وایە بۆری نەوتەكەش زۆر ئەستەمە جارێكی تر هاژەی نەوتی لێوە بێت، ئێستا قسەكەرێك دەبێت بێتە سەر سەكۆی شانۆكەو بەدەنگی بەرز بڵێت ئیتر بەسە، بەڵام ئەو قسەكەرە دەبێت هەموو ئەوانی تری لەدواوە بن، هەموو لەگەڵیدا بن و دەسبەرداری خەونی سوڵتانی و پلەو پۆست بن، تائەو شوێنەی ئیتر گەل دەتوانێ ئازادە بڕیاری خۆی بدات .
لەبەردەم هەڕەشەیەكی گەورەداین، رۆژ بەرۆژ زیاتر بچووك و بچووكتر دەبینەوە، ئێستا وەك خێڵێكی سەرگەردان و بێسەر دێین و دەچین، لەبەغدا بەبەرچاوی شیعەو سوننەوە دەست دەخەینە بیناقاقای یەكتر، بەگریانی یەكتر شاگەشكە دەبین، برینی ئەنفال و هەڵەبجەو قوربانیەكانیشمان بەحزبی دەكەین و كەسێك نیە ئەم هەموو ناشرینیە رابگرێت، ئیدی كاتی ئەوەیە كەسێك لەپێشەوە بوەستێت و دەنگ بەرزبكاتەوە، كاتی ئەوەیە بەدۆستەكانمان بڵێین ئەرێ بەس نیە ئەو هەموو لاواندنەوەی ئەم ملهوڕیە كەتەنانەت گوێ لەئێوەش ناگرێت، لەكەناری دۆزەخداین دەستێكی بەهێزمان پێویستە بۆ ئەوەی نەهێڵێت بكەوینە خوارەوە، ئێستا كاتی ئەوەیە هەموومان بیر لەوە بكەینەوە كێ قسەكەری ئەم قۆناغە بێت، تەنها مەرجیش ئەوە بێت كە لەتەنیشتیەوە تین و تاوی پێببەخشین و نیشتمان و گەل و خۆیشمان لەم كەوتنە مسۆگەرە رزگار بكەین، ئیتر ئەوان نە گوێ دەگرن، نە دەتوانن گۆڕانكاری بكەن.