ئەردۆغان بەرپرسانی هەدەپە دەكاتەوە ئامانج

دەستگیركردنی بەرپرسان‌و ئەندامانی هەدەپە لەتوركیا دەستیپێكردووەتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) دوو كۆنفڕانسی گرنگ لەئەستەنبوڵ و لەئامەد ئەنجامدەدات لەمانگی ئابی ئەمساڵداو بڕیار دەدرێت لەژێر ناوی هەدەپەوە بمێنێتەوە یان پارتی چەپی سەوز بكرێتە پارتی سەرەكی.

هەدەپە لەهەڵبژاردنی 14ی ئایاری پەرلەمانی توركیا لەژێر ناوی «پارتی چەپی سەوز» بەشداری هەڵبژاردنەكانی كردو زیاتر لە 10%ی دەنگەكانی توركیای بەدەستهێناو 65 كورسی مسۆگەر كرد لەكۆی 600 كورسی پەرلەمان، بەڵام بڕیاریانداوە  هەڵسەنگاندن بۆ كەمبوونەوەی دەنگەكانیان ئەنجامبدەن.

لەقۆناغی دوای هەڵبژاردنەكاندا وەك ئەوەی پێشبینی دەكرا، هیچ گۆڕانكاریەك لەهەڵوێستی حكومەتی هاوبەشی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) نەهات، لەبەرامبەر پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) و لەم ماوەیەدا كە زیاتر لەمانگێك بەسەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانیدا تێپەڕبووە، بەبەردەوامی ئەندام و بەرپرسانی پارتەكە دەستگیردەكرێن.

زیاتر لە 12 هەزار كەس لەئەندامان و بەرپرسانی هەدەپە لەزیندانەكانی توركیادان و هەدەپە ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە لەخەباتكردنی مەدەنی لەتوركیادا بەردەوام دەبن، ئەردۆغانیش دەیەوێت لەڕێگەی زیندانیكردن و ئەشكەنجەدانیانەوە لەخەباتكردن بۆ گەلی كورد لەباكوری كوردستان ساردیان بكاتەوە.

 

لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە بەدەیان كەس دەستگیركراون

هێزە ئەمنیەكانی توركیا كەئیدی وەك هێزی ئاكەپەو ئەردۆغان بەناو دەكرێن، شەوی ١٧ی ئەم مانگە هەڵیانكوتایە سەر باڵەخانەی هەدەپە لەناوچەی شیشلی ئەستەنبوڵ، پۆلیس سێ كاتژمێر لەباڵەخانەكەدا مایەوەو بەپێی ئەو دیمەنانەی كە لەمیدیاكاندا بڵاوبوونەوە، دەست بەسەر ژمارەیەكی زۆر ئاڵاو كتێب و بەڵگەدا گیراو عەلی باڵ سەرۆكی رێكخستنی پارتەكە لەناوچەی شیشلی بۆ وەرگرتنی وتەكانی بانگهێشتی بنكەی پۆلیس كرا.

هاوكات لەشاری تەكرداغ، پۆلیس هەڵیكوتایە سەر ماڵی ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە. لەئۆپراسیۆنەكەدا پێنج كەس دەستگیركران كەیەكێكیان كاندیدێكی پارتی چەپی سەوز بوو كە لەهەڵبژاردنەكاندا نەیتوانیبوو دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت، دەستگیركراوەكان بۆ بەشی سیاسیەكانی زیندانی تەكرداغ رەوانە كران.

كەسێكی دیكە كە رووبەڕووی هەڵمەتی دەستگیركردن بووەوە، خدر چیچەك سەرۆكی پێشووی رێكخستنی هەدەپە بوو لەدەرسیم كەتۆمەتی ئەندامێتی پەكەكەی خراوەتەپاڵ و تائێستا لەزینداندایە.

ئۆپراسیۆنێكی دیكە لەدژی ئەندامانی هەدەپە لەناوچەی بێشەبابی پارێزگای شڕناخی باكوری كوردستان ئەنجامدرا، لەئۆپەراسیۆنەكەدا سەرەتا ١٠ كەس دەستگیركران، بەڵام دواتر پێنج كەس ئازادكران و پێنج كەسی دیكە بەتۆمەتی ئەندامێتی پەكەكە رەوانەی زیندانكران كەیەكێكیان زەریفە بۆراك سەرۆكی رێكخستنی هەدەپەیە لەناوچەی بێشەباب.

لەناوچەی پاتنۆسی ئاگریش هێزە ئەمنیەكان هەڵیانكوتایە سەر ماڵی بەرپرسانی هەدەپەو لەئەنجامدا، موشەرەفە گەچەر و عەمروللا كلچ هاوسەرۆكانی شارەوانی ناوچەی پاتنۆس و ئەندامێكی ئەنجومەنی شارەوانی پاتنۆس لەسەر لیستی هەدەپە دەستگیركران. لەئەنقەرەش ئەندامێكی ئەنجومەنی ناوەندی هەدەپە بەناوی دۆغان ئەرباش دەستگیركرا.

لەناوەندی شاری شڕناخیش پێنج بەرپرسی هەدەپە دەستگیركران و بەگشتی لەماوەی مانگێكی رابردوودا، بەدەیان ئەندام، بەڕێوەبەرو لایەنگری پارتی دیموكراتی گەلان دەستگیركراون.

 

حكومەتی توركیا بڕیاری دادگای باڵای ئەوروپا جێبەجێ ناكات

لەلایەكی دیكەوە، هەرچەندە هەفتەی رابردوو، دادگای باڵای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا رایگەیاندبوو كەبەرپرسە باڵاكانی پێشووی هەدەپە هیچ تاوانێكیان نییەو پێویستە بەزووترین كات ئازاد بكرێن و بەتایبەتی داوای ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە كرابوو، بەڵام دادگای توركیا بی ئەوەی گوێ بەداواكاری دادگای ئەوروپا بدات، دوای حەوت ساڵ لەزیندانیكردن، سزای ساڵێك و ١٥ رۆژی دیكەی بەسەر فیگەن یوكسەكداغدا سەپاند. هەروەها ماوەی زیندانیكردنی سەلچوك مزراكلی سەرۆكی شارەوانی ئامەدی درێژ كردەوە.

دەستگیركردن و فشارەكانی سەر بەرپرس و ئەندامانی هەدەپە لەكاتێكدایە كەدادگای دەستوری توركیا، دەیەوێت هاوكاری خەزێنەی دەوڵەت بۆ پارتە سیاسییەكان، لەسەر هەدەپە ببڕێت. بۆ ئەم مەبەستەش، دادگای دەستوری بڕیارە كۆبێتەوەو ئەم پرسە تاووتوێ بكات. دادگای دەستوری هۆكاری بڕینی هاوكاری خەزینەی هەدەپە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كەهەدەپە بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا نەكردووەو نەچووەتە پەرلەمان و بەپێی یاساكانی توركیا هەر پارتێك بەندی لەسەدا حەوتی هەڵبژاردن تێنەپەڕێنێت، ناتوانێت لەهاوكاری خەزێنەی حكومەت سوودمەند بێت كە هەدەپە پێشتر نزیكەی ٤٠٠ ملیۆن و ٢٢٨ هەزار لیرەی وەردەگرت.

 

هەدەپە مانگی ئاب دوو كۆنفڕانسی گرنگ ئەنجامدەدات

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە لەڕێگەی پارتی چەپی سەوزەوە، بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا كرد، ئەو ئەنجامەی بە دەستنەهێنا كەچاوەڕێی دەكرد. پارتەكە رووبەڕووی رەخنەی زۆری ئەندام و لایەنگرانی بووەوەو بۆیە دەستی بەزنجیرەیەك كۆبوونەوە كردووەو دەیەوێت بەگوێرەی رەخنەكان خۆی نوێ بكاتەوە.

رێكخستنەكانی پارتەكە لەهەموو پارێزگاكانی باكوری كوردستان و زۆربەی پارێزگاكانی توركیا لە ١٧ی ئەم مانگەوە دەستیان بەكۆبوونەوە كردووەو كۆبوونەوەكان تا ٢٥ی ئەم مانگە بەردەوام دەبن. رێكخستنەكانی هەدەپە پێشنیازەكانیان بۆ ئەنجومەنی ناوەندی پارتەكە دەنێرن و ئەندامانی ئەنجومەن پێشنیازەكان هەڵدەسەنگێنن.

دواتر لەمانگی ئابدا، هەدەپە دوو كۆنفڕانسی گرنگ لەئەستەنبوڵ و لەئامەد ساز دەكات. لەكۆنفڕانسەكاندا، بڕیار دەدرێت كەئایا هەر لەژێر ناوی هەدەپەوە درێژە بەكارو خەبات بدرێت یاخود، پارتی چەپی سەوز بكرێتە پارتی سەرەكی. هەروەها پێشبینی دەكرێت، گۆڕانكاری بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەند بێت و هاوسەرۆكی نوێ هەڵبژێردرێن.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار