لەدهۆك 140 هەزار كەس هەژارن
پارێزگای دهۆك خاوەنی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلە كەمانگانە زیاتر لە 75 ملیار دینار داهاتی هەیە
یەک ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
«هیچ مووچەیەكم نیە داهاتی من تەنها لەسەر تاكسیە، دەبێت مانگانە 300 هەزار دینار بەكرێی خانوو بدەم، رۆژانە لەبەیانیەوە دەردەچم تانزیكەی شەو تا ٢٠ هەزار دینار پەیدابكەم، ئەو پارەیە دەبێت بەشی پێداویستییەكان و كرێ خانووەكەشم بكات»، محەمەد نادر، دانیشتووی گەڕەكی بەرۆشكی لەسەنتەری دهۆك، كە خاوەنی سێ كوڕو كچێكە وا دەڵێت.
لەپارێزگای دهۆكدا 140 هەزارو 132 كەس هەژارن لەكۆی دانیشتوانەكەی كەخاوەنی بەهێزترین دەروازەی بازرگانییە كەمانگانە زیاتر لە 75 ملیار دینار داهاتی هەیە.
بەپێی تازەترین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق كە پێش چەند هەفتەیەكە دەریكردووە، كەمترین رێژەی هەژاری لەپارێزگای سلێمانیەو زۆرترین لەپارێزگای موسەننایە.
لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەرزترین رێژە لەپارێزگای دهۆك كە لەسەدا 8.5%، رێژەی هەژاری لەپارێزگای هەولێر 6.7%و پارێزگای سلێمانی 4.5%ە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و حكومەتی هەرێم هەروەها یەكێتی وەبەرهێنان ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای دهۆك ملیۆنێك و 648 هەزارو 611 كەسن، رێژەی هەژاری 8.5%ە، واتە لەپارێزگای دهۆك 140 هەزارو 132 كەس هەژارن كەداهاتی مانگانەیان 180 بۆ 200 هەزارە.
دهۆك لە 1970 بووەتە پارێزگا، لەحەوت قەزاو 29 ناحیە پێكهاتووە، دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و دەروازەی سەر زێرێ دهۆك و توركیا پێكەوە دەبەستێتەوە، هاوكات دەروازەی فیشخابورو رۆژئاوا هەیە، جگە لەمەش دەیان كێڵگەی نەوتی و سەرچاوەی تری داهات بوونی هەیە.
محەمەد نادر، دانیشتووی گەڕەكی بەرۆشكی لەسەنتەری دهۆك، خاوەنی سێ كوڕو كچێكە، دوو كوڕی دەرچووی زانكۆیەو لەماڵەوە دانیشتوون خۆی شوفێری تاكسیە، بۆ هاوڵاتی وتیشی:»دوو كوڕی من دەرچووی زانكۆن، سیڤی خۆیان بۆ دەیان شوێن ناردووە ئیشیان دەستناكەوێ ، ئەمە كەی ژیانە لەكاتێكدا پارێزگای دهۆك خاوەنی دەیان سەرچاوەی داهاتە، بەڵام بەشی هەژارانی تیادانیە، تەنیا چینێك سوود لێوەردەگرن، ئێمەش بەس تەماشایان دەكەین».
هەروەها ساڵح زاهیر، مامۆستای ئامادەیی لەسنوری قەزای ئاكرێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت « تائێستا دهۆك لەپلانەكانی حكومەتدا لەبواری وەبەرهێناندا جێگای خۆی بەدادپەروەری نەبینیوەو گرنگی پێویستی پێنەدراوەو لەبەرامبەریشدا پارێزگاكانی تر زۆرتر گرنگی پێدراوە، بوونی ژمارەیەكی زۆر لەكرێكارو ئاوارەو پەنابەر خەڵكی ڕەسەنی پارێزگاكەی بێبەشكردووە لەهەلی كار، ئەمەش بێكاری و هەژاری بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادكردووە».
« پارێزگای دهۆك لەزۆر بواردا پەڕاوێزخراوە، دەبوایە ئێستا كەمترین رێژەی هەژاری لەپارێزگای دهۆك بووایە، چونكە لەڕووی داهات هیچی كەمتر نیە لەناوچەكانی ترو ڕەنگە زیاتریشی بێت « ساڵح زاهیر وای وت.
جێگری پارێزگاری دهۆك بوونی ئاوارەكان لەپارێزگاكەیان بەهۆكاری سەرەكی دادەنێت بۆ بوونی رێژەی هەژاری.
ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت»جارێ یەكەمجار ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە زانستی و ورد نین، چونكە هیچ لێكۆڵینەوەیەكی مەیدانی و فەرمی نەكراوەو هیچ سەرژمێری نەكراوە تابزانین ژمارەی دانیشتوان چەندەو دواتر ئامارەكانی هەژاری و بێكاری بڵاوبكەنەوە».
«ئێستا نیو ملیۆن كەس لەئاوارەی شەنگال و نەینەوا لەگەڵ پەنابەرانی رۆژئاوا لەسنوری پارێزگای دهۆك دەژین، نزیكەی 10 ساڵە لەپارێزگای دهۆك ماونەتەوە، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی كردووەتەسەر دانیشتوانی خۆجێی دهۆك»، ماجد سەید ساڵح وای وت.
جێگری پارێزگاری دهۆك ئاماژەی بەوەشكرد كە رووبەرێكی زۆر لەزەوی سنوری پارێزگای دهۆك شەڕی پەكەكەو توركیای هەیە، هەر ئەمەش وایكردووە كە خەڵك نەتوانێت بگەڕێتەوە سەر گوندەكان و باخ و زەویەكانی خۆیان و ناتوانن سوود لێیوەربگرن.
ماجد سەید ساڵح ئەوەشی خستەڕوو كە بودجەی پارێزگای دهۆك لەئەنجومەنی وەزیران لەسەدا 23 بۆ 24 بووە، بۆ پرسی دامەزراندنی فەرمانبەرانیش بەهەمانشێوە ئەو رێژەیە بۆ پارێزگای دهۆك دابین دەكرێت، وتیشی:» بەدڵنیاییەوە ئیدارەی پارێزگای دهۆك كاریكردووە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری و دەرفەتی كاری بۆ هەزاران كەس لەڕێگای كەرتی حكومی و ئەهلی و رێكخراوەكان رەخساندووە، دەكرێت رێژەی هەژاری كەمبكرێتەوە ئەوەش بەپشتگیری و هاوكاری ئەنجومەنی وەزیران و كەرتی تایبەت كەزیاتر پاڵپشتی پارێزگای دهۆك بكەن».
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، یەكێكە لەو دەروازانەی پاش راپەڕینی 1991، بەتایبەت دوای دروستبوونی حكومەتی هەرێم تاكە سەرچاوە بوو بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران.
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم سەر بەوەزارەتی دارایی چەند جارێك ئەوەی باسكردووە كەداهاتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لەهەموو دەروازەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان زیاترە.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم رایگەیاند:» داهاتی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان 60%ی داهاتی نانەوتی پێكدەهێنن، لەنێو دەروازە فەرمییەكاندا دەروازەی ئیبراهیم خەلیل زۆرترین داهاتی هەیە».