ئیسرائیل: کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی شێرپەنجە زیانی هەیە

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای شکاندنی بێدەنگی دژی کۆماری ئیسلامی دەکات

ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل

یەک ساڵ لەمەوپێش



بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل کۆماری ئیسلامی بە شێرپەنجە ناودەبات و دەڵێت بونی لە هەر شوێنێک زیانی لێدەکەوێتەوە.

ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە وتارێکیدا بۆ بڵاوکراوەی (تەلەگراف) چاپی لەندەن، کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێرپەنجە ناودەهێنێت و دەڵێت: ئەو دەسەڵاتە جیهانی کردوەتە شوێنێکی مەترسیدار.

لە وتارەکەی کۆهیندا هاتوە: ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمیی بگات ئەوا دەبێتە ئامرازێک بۆ ئەنجامدانی تاوانی گەورە و هۆڤانە چونکە ئەو دەسەڵاتە لە ئاستی ناوخۆی وڵاتەکەشیدا بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، تاوانکاریی دژی خەڵک دەکات.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای کردوە: بە فشاری زیاتری ئابوریی و سیاسیی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و گۆڕینی هەڵسوکەوتەکانی لە ئاستی ناوخۆی ئێران و دەرەوەی ئەو وڵاتەدا بدرێت.

بە وتەی  کۆهین دەبێت جیهان کۆتایی بەو بێدەنگییە بهێنێت کە ئێستا لە ئاستی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە چونکە دەسەڵاتی تاران هاوشێوەی شێرپەنجە لە هەر شوێنێک بونی هەبوبێت زیانی لێکەوتوەتەوە.

وتارەکەی ئێلی کۆهین لە کاتێکدا بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل رایانگەیاندوە؛ لە ئەگەری رێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران ئەوان پابەندی ئەو رێککەوتنە نابن و بە بێ رەچاوکردنی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی دەوەستنەوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار