روسیا ئیدلبی بۆردومان کرد: لانیکەم 7 کەس کوژران
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا لە ئیدلب هێرشیان کردە سەر گروپە چەکدارەکان دژی حکومەتی سوریا و لانیکەم 7 کەس کوژران.
رامی عەبدولرەحمان سەرۆکی مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، هێرشە ئاسمانیەکە لە ناوچەی جسر شوگوری ئیدلب ئەنجامدراوە و بەو هۆیەوە سێ چەکداری نزیک لە تورکیا و چوار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.
سەرۆکی مەرسەدی سوریا دەشڵێت، ئەمڕۆ بە گشتی لە هێرشەکاندا 25 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. روسیا لە ساڵی 2015ەوە بە شێوەیەکی بەهێز و لە رێگەی سەربازیەوە پشتگیری لە حکومەتی سوریا دەکات. هەرێمی ئیدلیب بە گشتی لەژێر کۆنتڕۆڵی گروپی هەیئە تەحریر شامدایە کە پەیوەندی لەگەڵ ئەلقاعیدەوە هەیە.
لە باکوری ئیدلبیش ژمارەیەک گروپ هەن کە راستەوخۆ پشتگیری لە تورکیا بە دەست دەهێنن. هەر ئەمڕۆ بەگوێرەی میدیاکانی سوریا، لە گوندێکی رۆژئاوای پارێزگای دەرعای سوریا، مینێک بە کاروانێکی پۆلیسی سوریاوە تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە چوار پۆلیس گیانیان لەدەستداوە و پۆلیسێکیش بریندار بووە.
بەگوێرەی ئامارێکی مەرسەدی سوری، لە سەری ساڵەوە، تەنیا لە پارێزگای دەرعا 254 هێرشی جیاواز روویانداوە و بەو هۆیەوە 197 کەس کوژراون کە زۆربەیان ئەندامی هێزەکانی حکومەتی سوریا و خەڵکی مەدەنین.