ئێران پشتیوانیی بۆ پوتن دەردەبڕێت

ئۆکرانیا دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی رەت دەکاتەوە

لە راستەوە ئیبراهیم رەئیسی و عەلی خامنەیی و ڤلادیمیر پوتن

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەرۆک کۆماری ئێران پەیوەندیی بە سەرۆکی روسیا دەکات سەبارەت بە گرژییەکانی ئەو وڵاتە و وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئاشکرای دەکات ئۆکرانیا دانوستانی لەگەڵ تاران رەت کردوەتەوە.

ئەمڕۆ دوشەممە دوو رۆژی دوای هەوڵەکانی گروپی ڤاگنەر، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی بۆ مۆسکۆ راگەیاند و وتی: کۆماری ئیسلامی پشتیوانیی لە دەسەڵاتی نیشتیمانیی روسیا دەکات.

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد داوا لە ئۆکرانیا کراوە بەڵگەکانی بۆ بونی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران لە جەنگی وڵاتەکەی ئاشکرا بکات و لەسەر ئەو پرسە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکات بەڵام رەت کراوەتەوە.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند؛ خولێکی دانوستان سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا لە نێوان بەرپرسانی ئەو وڵاتە و کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی عوممان بەڕێوەچوە بەڵام هیچ بەڵگەیەک نەخراوەتەڕو کە بیسەلمێنت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران هێرش کرابێتە سەر ئۆکرانیا.

کەنعانی وتویەتی بڕیاربوە خولی دووەمی دانوستانەکان بەڕێوبچێت بۆ خستنەڕوی بەڵگەکانی ئۆکرانیا بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە دانوستانیان رەت کردوەتەوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیاوە تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران رادەستی سوپای روسیا کراوە بۆ بەکارهێنانیان دژی سوپای ئۆکرانیا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار