لە تورکیا گرانی تەنگی بە هاوڵاتیان چنیوە
خانەوادەیەکی چوار کەسی لە مانگێکدا پێویستی بە هەزار و 300 دۆلار هەیە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە تورکیا گرانی تەنگی بە هاوڵاتیان چنیوە و بەگوێرەی ئامارێک، خانەوادەیەکی چوار کەس لە مانگێکدا پێویستی بە هەزار و 300 دۆلار هەیە.
کۆنفیدراسیۆنی سەندیکا کرێکاریەکانی تورکیا ئامارێکی لەبارەی دۆخی هاوڵاتیانی تورکیا و سنوری هەژاری لەو وڵاتەدا بڵاوکردەوە. کۆنفیدراسیۆنەکە دەڵێت، خانەوادەیەکی چوار کەسی لە تورکیا بۆ خەرجی مانگێک، پێویستیان بە 33 هەزار و 788 لیرە هەیە، کە دەکاتە هەزار و 300 دۆلار.
بەگوێرەی ئامارەکە، گەنجێکیش لانیکەم پێویستی بە 13 هەزار و 471 لیرە هەیە کە بتوانێت لە مانگێکدا پێداویستیەکانی دابین بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ یەک دۆلاری ئەمریکی 26 لیرەی تورکی تێپەڕ کرد و رۆژ بە رۆژ زیاتر نرخی شتومەک و خواردن گران دەبێت.
ناوەڕاستی مانگی حوزەیران حکومەتی تورکیا کەمترین موچەی لە وڵاتدا بە 500 دۆلار خەمڵاند، بەڵام بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار، لە ئێستادا کەمترین موچە نزیکەی 450 دۆلارە کە ئەمەش نارەزایەتی لەلای هاوڵاتیان دروست کردووە. لە دوو رۆژی رابردووشدا، نرخی نان، کرێی خانووبەرە و کرێی هاتوچۆ بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.