هەزاران کەس لەبەردەم باڵیۆزخانەى سوید لە بەغداد خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ هەینی، لەدواى بانگەوازەکەى موقتەدا سەدر، هەزاران کەس لە بەردەم بینای باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا خۆپیشاندانیان کرد، بە خوێندنى قورئان و تونەوەى چەند دروشمێک، ئیدانەى سوتاندنى کۆپییەکى قورئانیان کرد.

لاى خۆشییەوە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند؛ عێراق شوێنی سویدییەکان نیە، پێویستە حکومەتی عێراق دەستبەجێ هەمو تیمە دیپلۆماسیی و سەربازییەکانی سوید لە عێراق بکەنە دەرەوە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ، وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، باڵیۆزخانەى عێراق لە ستۆکهۆڵم نامەیەکى لە جان کنۆستن، بریکاری وەزارەتى دەرەوەى سوید پێگەیشتوە کە ئاڕاستەى عێراق و وڵاتانى ئەندامى رێکخراوى هاریکاریی ئیسلامى کراوە و تیایدا هاتوە "لە قوڵایی دڵەوە گوزارشت لە نیگەرانی خۆمان دەکەین سەبارەت بە روداوى سوتاندنى قورئان لەبەردەم مزگەوتى گەورەى ستۆکهۆڵم".

هاوکات سەرۆکوەزیرانی سوید باسی لە کاردانەوەکان بەرامبەر بە سووتاندنی قورئان کرد لە دەرەوەی سوێد و باسی لە ئەگەری هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکانی سویدی کرد و رایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە ئەوە شتێکی قبووڵکراو نییە کە خەڵک لە وڵاتانی دەرەوەی سوید بەشێوەیەکی نایاسایی خۆیان بگەیێننە نێو باڵیۆزخانەی سوید."

ئەو قسانەی سەرۆکوەزیرانی سوید دوای ئەوە هات کە خۆپێشاندەران لە بەغدا خۆیان گەیاندە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵآتە لە بەغدا.

هەروەها لەبارەی سووتاندنی قورئان، سەرۆکوەزیرانی سوید دەڵێت: "تەنیا لەبەر ئەوەی ئەنجامدانی هەندێک شت یاسایین، مانای ئەوەی نییە گونجاو بێت." 

هەموو ئەم ڕوداوانە دوای ئەوە هات پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بە ناوی سەلوان مۆمیکا، لە یەکەمین رۆژی جەژنی قوربان، لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم، کۆپیێکی قورئانی  سووتاند.

سووتاندنی ئەو کۆپییەی قورئان  لە سەرانسەری وڵاتانی زۆرینە موسڵمانان و چەند وڵاتێکی دیکەش ناڕەزایی و سەرکۆنەکردنی بەدوای خۆیدا هێنا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار