ئیسرائیل: کاتی هێرشکردنە سەر ئێران نەهاتوە

ئاژانسی ئەتۆمیی: ئێران وەک پێویست رێگە بە چاودێریی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نادات

زاچی هانێگبی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی

یەک ساڵ لەمەوپێش



بەرپرسێکی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت: ئێران تێپەڕاندنی هێڵی سوری بۆ پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم راگرتوە و سەرۆکی ئاژانسی ئەتۆمیی دەڵێت: تاران وەک پێویست هاوکاریی ئاژانسەکە ناکات.

زاچی هانێگبی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی رایگەیاند؛ لە ئێستادا بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی و رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی هێڵە سورەکانی تەلئەڤیڤ-ی تێنەپەڕاندوە بۆیە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکان نزیک نەبونەتەوە.

بە وتەی هانێگبی: ئیسرائیل بە بەردەوامیی خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لە ئەگەری تێپەڕاندنی هێڵە سورەکان، هێرشی پێشوەختە بکرێتە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران.

وتیشی: رون نییە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران چی دەبێت بەڵام ئەوەی رونە مەرج نییە ئیسرائیل پابەندی هیچ جۆرە رێککەوتنێکی نێوان واشنتۆن و تاران بێت.

لە لایەکی دیکە رافائیل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی رایگەیاندوە؛ ئاستی هاوکارییەکانی ئێران بۆ ئاژانسەکە کەمە و دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 بە تەواوی راگیراوە.

گروسی ئاشکرای کرد ئەو ئاگاداری دانوستان و کۆبونەوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی و رەخنەی لە ئێران گرت کە وەک پێویست هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی ناکات بۆ چاودێریی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە.

پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێستای ئێران دەگاتە 60% لە کاتێکدا بە پێی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015-ی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 نابێت رێژەی پیتاندنی ئەو وڵاتە لە 5% زیاتر بەرز ببێتەوە و بەرپرسانی ئیسرائیلیش رایانگەیاندوە؛ ئەگەر رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرز بکرێتەوە هێرش دەکەنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار