لە نێوان سویدو توركیادا 

2 ساڵ لەمەوپێش



لەتیف فاتیح فەرەج 

ماوەیەك لەمەوبەر پێموایە كۆتای ساڵی پار لە چاوپێكەوتنێكدا وتم  سویدو فنلاند بە ئاسانی مل بۆ توركیا نادەن ، هەڵبەت ئێستاش هەمان باوەڕم هەیە ، بەڵام  مل نادەن بەو مانایەی ناكرێت هەرچی توركیا بیڵێت ئەوان بێژن بە چاوان ، ئەردۆگان هەموو رێگەیەكی گرتە بەر تا فنلاند و سوێد بە چاوانی بۆ بكەن، خۆ ئەمە هەوانتە نیەو ئەردۆغانیش وەلی ئەمری ئەوروپا نیە ،بۆیە توركیا بە دوای رێگەی تردا گەڕا ، هەڕەشەی كردنەوەی دەرگا بۆ چوونی لێشاوی پەنا بەر بۆ ئەوروپا سەرینەگرت ، وێڕای وەرگرتنی بەردەوامی پارە بەو بیانووە ، چاوسوركردنەوەو منجە منج سەرینەگرت ، ئەمجارە نۆرەی هەنگاوەكانی میتە ، میت لە ئەوروپا بە پەیوەندی لە گەڵ بە كرێگیراوەكانی خۆی ، هەروەها بە پەیوەندی لەگەڵ دەزگا تەناهیەكانی وڵاتانی ئەوروپی زۆر جار هەندێك كار دەكات كە تەنانەت حكومەت و دەوڵەتیش زۆر بە دواداچوونی بۆ ناكەن و تێدەپەڕێت نمونەی تیرۆری ساكینە جانسزو هاوڕێكانی " ساكینە ، سارا لە گەڵ فیدان دۆغان  ، رۆژبین و لەیلا شایلەمەر،  روناهی لە لە 9ی كانونی دوەمی 2013 لە ناوجەرگەی پاریس لە لایەن بەكرێگیراوێكی میتەوە بە ناوی عومەر شەهید كران "ئەوە نەیەكەم كاری میتەو نەدواكاری ، لە مێژە نەك لە ئەوروپا ، لە ناو خودی توركیاو لە باشورو رۆژئاوای كوردستانیش میت ئەو كارانە دەكات ، هەڵبەت بۆ ئەمەش بەردەوام هاوكارو رێنیشاندەری هەن .

پرسی قورئان سوتاندنەكەی سەلوان قسەو گومانی زۆر هەڵدەگرێت دەركەوتنی هەندێك راستیش بەرلەوەی میت و ئاكەپە دەهری بكات ، لایەنگەلی دیكەی دەهری كردوەو پەیتا پەیتا سەلوان گرێدەدەن بە حەشدی شەعبی و لەوێوە بە ئێرانەوە ، گەرچی بۆ ئەمەش دەشێت هەقیقەتی تیا بێت و كەسێكی وەك سەلوان دەكرێت لە یەككاتا بۆ چەند شوێنێك لە كاردا بووبێ‌ ، لێ‌ بە فەرمانی لایەنی سەرەكی كە میتە سیناریۆی كاردانەوەكان بە تایبەت سیناریۆی كاردانەوەی ئەردۆغان هەر ئەوەمان پێدەڵێت كە ها سوێد من رێگە نەدەم هەرگیز نابیتە ئەندامی ناتۆ ، ئەوە منیشم بیانوی وەرنەگرتن و رێگری دروستدەكەم نەكەسی تر ، هەموو ئەمانە پێویستیان بە بە دوادا چوونی زیاترە .
 ئەوەمان بیر نەچێت  ئەم فشارانە لە سەر سوێد بۆ تەنگە تاو كردنی ئەو وڵاتەیەو رێگە پێدانیش بە كارەكەی سەلوان دیسان گومانی زۆر هەڵدەگرێت ، چونكە سەلوان لە ڤیدیۆی پێش كارەكەیدا زۆر راشكاوانە دەڵێت " دەچم لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵم قورئان دەدڕێنم دواتر پێڵاوەكانمی پێپاكدەكەمەوەو دەیسوتێنم " یەكەم رۆژی جەژنی بۆ ئەو كارە دیاری كردووە ، لە كاتێكا بە گوتەی مامۆستاو پێشنوێژو وتارخوێنی ئەو مزگەوتە لە جەژنەكاندا زیاتر لە دەهەزار نوێژ خوێن روولەوێ‌ دەكەن ، مامۆستای وتار بێژ وتی دەكرا لەبری ئەم بەردەمی مزگەوتە شوێنێكی تری هەڵبژاردبا بۆ ئەو كارە قێزەونە ، هەڵبژاردنی ئەو شوێنە كارێكی موخابەراتی رەهایەو لە خۆوە نیە ، زۆر ئامانجیشی لە پشتە ، كە یەك لەوان تێكدانی بارو دۆخی سوێدە ، سەلوان سەر بە هەر حزب و هەركێ‌ بێت ئەو كارەی لە خۆو لە خۆڕا نەكردووە,

ئێمە لەم دورەوە هەر سەرنج و تێبینیەكمان لە سەر سوید هەبێت ، نابێت ئەو راستیە لە بیر بكەین سوید یەكێك لە وڵاتە هەرە دیموكراتەكانی دنیایە ، هەر ئەوەی كە دەهەزار كەس لەو مزگەوتە نوێژ دەكەن بەسە بۆ ئەوەی لەو راستیە بگەین كە ئەو وڵاتە چەند كراوەیە بە ڕوی موسوڵماناندا ، ئەمە ستۆكهۆڵم خۆ لە هەموو شارەكانی دیكەش لە یۆتۆبۆری ، مالمۆ شوێنەكانی تر موسوڵمان و مزگەوت و نوێژخوێن هەن و ئازادن ، رەنگە هەر لەو سویدەش هەزاران هەزار كۆپی قورئان هەبن ، باشە خێرە ئەردۆغان پەلاماری سوید دەدات لە سەر ئەو كارە و لە پەناشەوە هەندێك جوێنی بازاڕی بە سەلوان دەدات خۆ لە روی سێكسبازاڕیەوە سوید لە پلە ی سفرو توركیا لە لوتكەدایە ، تەنانەت بۆ سێكسبازاڕی توركیا فیلم و كاری گەشتیاریش بە كار دێنێت ، بە درێژای مێژوش لە توركیاو عیراق و مەكەو ئێران و زۆر شوێنی تر قورئان سوتێنراوەو سوكایەتی پێكراوە ، ناكرێت لێرەدا بە گێڕانەوەی دیرۆكی ئەم نوسینە درێژ بكەینەوە ، زۆر گەمژانەیە مرۆڤ هەموو ئەمڕاستیانە نەزانێت و هەرا بناتەوە .
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار