قائانی پەرلەمان و حکومەتی عێراق بە بەرهەمی کۆماری ئیسلامی ناو دەبات
قائانی: کۆماری ئیسلامی هێزی خۆی لە ناوچەکە پیشان داوە
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس-ی سوپای پاسداران
یەک ساڵ لەمەوپێش
فەرماندەیەکی سوپای پاسدران دەڵێت ئەو حکومەت و پەرلەمانەی ئێستا لە عێراق هەیە بەرهەمی شۆڕشی ئیسلامی و بەرگرییە و کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا رۆلێ بەرچاوی هەیە.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس-ی سوپای پاسداران ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکدا رایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی رۆلی هەیە لە پەروەردەکردنی بەرگریی ئیسلامی و ئەمریکا لە ماوەی 20 ساڵدا حەوت تریلیۆن دۆلاری بۆ داگیرکردنی ناوچەکە خەرج کردوە بەڵام رۆژانە بە بێ دەستکەوتە و بگرە پێگەی خۆی لەدەست دەدات.
لە لێدوانەکانیدا قائانی ئاماژەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین کرد و وتی: کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی مەشق و راهێنان بە فەلەستینییەکان دەکات و ئەوەی ئێستا بەدی دەکرێت بەرهەمی فەرهەنگ و کەلتوری ئیسلامییە.
بە وتەی ئەو کۆماری ئیسلامی جوانترین شێوەی بەرگریی فێری هێزەکانی بەرگریی کردوە و ئەگەر ئەو بەرگرییە نەبوایە ئەمریکا لە 11ی سێپتەمبەرەوە جیهانی قوت دەدا.
قائانی وتیشی: ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی هێز لە رۆژئاواوە بۆ کیشوەری ئاسیا کەوتوەتە بوار جێبەجێکردنەوە بۆیە کۆماری ئیسلامی رۆڵی گرنگی لەو گۆڕانکاریانەدا هەیە.
لە بەشێکی دیکە لێدوانەکانیدا ئاماژەی بە هۆکاری کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس کرد و وتی: ئەمریکا دەیەوێت ئەو رێگایە بەسەر هەمو لایەکدا بسەپێنێت کە خۆی دەستنیشانی دەکات بۆیە سولەیمانی پێی وابو دەبێت لەو حاڵەتەدا هێز لە بەرامبەر دوژمندا بەکار بهێنرێت بۆ ئەوەی بەڵاڕێدا نەڕۆن ئەوەش لە هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر ئەمریکا بەدی دەکرێت.
فەرماندەی فەیلەقی قودس لە کۆتایی لێدوانەکانیدا باسی لە هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق کردو جەختی لەوە کردەوە سیستمی ئێستای حوکمڕانی و پەرلەمان و حوکومەت بەرهەمی بەهێزبونی فەرهەنگی شۆڕشی ئیسلامی و بەرگرییە.
لێدوانی قائانی لەکاتێکدایە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان بە (شۆڕشی ئیسلامی) و پشتیوانیی لە هێزەکانی شیعە لە ناوچەکەدا بە (هێڵی بەرگریی) ناودەهێنن.