حكومەتی هەرێم؛ مووچە لەپەرلەمانتاران وەردەگرێتەوە

لەڕێگەی ئیكرامییەو مووچەی خانەنشینیەوە رێكاری وەرگرتنەوەی مووچەكان دەستپێدەكات

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

راوێژكارێكی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە ئەو پەرلەمانتارانەی لەدوای 6-11-2022 مووچەی پەرلەمانتارییان وەرگرتووە بەچەند ڕێكارێك لێیان وەردەگیرێتەوە لەرێگەی ئیكرامیەو مووچەی خانەنشینییەوە.

خولی پێنجەمی پەرلەمان وادەكەی لە 6ی تشرینی دووەمی 2022 كۆتایی هات و دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی عێراق درێژكردنەوەی پەرلەمان بە نایاسایی وەسف كرا.

خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی 2-7-2023 خۆی خانەنشینكرد، بەپێی یاسا ئەو پەرلەمانتارانەی كە مەرجی خانەنشینییان تێدا نییە مانگانە لانیكەم بە (ملیۆنێكو 700 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێن، لە خولی پێنجەمدا تەنیا حەوت پەرلەمانتار موچەی خانەنشینییان رەتكردوەتەوە، ئەو شەش پەرلەمانتارەی كە لەدوای درێژكردنەوەكەوە سوێندیان خوارد موچەی خانەنشینی نایانگرێتەوە، بەڵام لە پەرلەمانی داهاتووی كوردستانەوە ئەوانەی مەرجی یاساییان تێدا نەبێت خانەنشین ناكرێن.

راوێژكاری یاسایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت لەرووی یاساییەوە حكومەتی هەرێم دەتوانێت مووچە لە پەرلەمانتارەكان وەربگرێتەوە.

دانا دارا، راوێژكاری یاسایی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەرووی یاساییەوە بەپێی یاسای چاكسازی مووچەكانیان لێ وەردەگیرێتەوە، بەڵام راستەوخۆ ئەنجام نادرێت، بەڵكو لەرێگەی ئیكرامیەو مووچەی خانەنشینیەوە لێیان دەبڕدرێت».

هەروەها وتیشی:»لە خولی چوارەمی پەرلەمان، پەرلەمانتار هەبووە 25 ملیۆنی لە مووچەی خانەنشینییەكەی بڕاوە بۆ گەرانەوەی ئەو شایستە داراییەی كە لەلای بووەو پێویست بووە بیگەرێنێتەوە بۆ حكومەت».

دانا دارا ئەوەشی دووپاتكردەوە ئەو پەرلەمانتارانەی لەدوای 6ی 11ی 2022 وەك پەرلەمانتار سویندیان خواردووە دەبێت رێكاری دیكە بەرامبەریان بگیرێتەبەر، بۆ وەرگرتنەوەی مووچەكانیان، چونكە»وەرگرتنی مووچەكان بەپێی یاسا باتڵە».

 دیوانی پەرلەمان بەپێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقەوە لە 30 حوزەیرانەوە پەرلەمانتارانی رەوانەی خانەنشینی كردووە، لەكاتێكدا دەبێت لە شەشی تشرینی دووەمی 2022ەوە پەرلەمانتاران خانەنشین بكرێنو موچەی هەشت مانگی رابردووشیان لێوەربگیرێتەوەو بە موچەی خانەنشینیەكەیان مەقاسەیان بۆ دەكرێت.

دیوانی پەرلەمانی كوردستان لەكۆی (111) پەرلەمانتار، نوسراوی خانەنشینبوونی بۆ (104) پەرلەمانتار كردووە، نوسراوەكەی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی كردووە لە وەزارەتی دارایی.

هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» دیوانی پەرلەمان نوسراوی 104 پەرلەمانتاری ئاڕاستەی خانەنشینی كردووە،  ئەوانەی خزمەتیان لە 15 ساڵ زیاترە و تەمەنیان سەروو 45 ساڵە هەتا %50 ی موچەكانیان وەردەگرن، بەڵام لەخوار 45 ساڵ و كەمتر لە 15 ساڵ خزمەت هەتا %25 ی موچەكانیان وەردەگرن».

بەوتەی هیوا نەسرەدین، فراكسیۆنەكان نەسریەیان هەیە و لەدوای بڕیارەكەشەوە هیچ نەسریەیەك بۆ فراكسیۆنەكان خەرج ناكرێت.

دیوانی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 30 حوزەیرانی ئەمساڵی وەكو دواین رۆژی كاری پەرلەمان دیاریكردووە، ئەم رۆژەی كردووە بە بنەما بۆ خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران، ئەمە بەواتای ئەوە دێت پەرلەمانتاران بۆ مانگی حوزەیرانیش كە هێشتا مووچە دابەش نەكراوە، هەمان موچەی خۆیان وەكو پەرلەمانتار وەردەگرن نەك موچەی خانەنشینی.

سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت: لەبەرئەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كتوپڕ بووە جارێ هیچ بەرچاو ڕوونییەك نیە بۆ ئەوەی چۆن پارەی ئەو ماوەیەیان لێوەربگیرێتەوە.

هەروەها وتیشی:» ئاسان نییە تا ڕێكارێك دەگیرێتەبەر بۆ چۆنیەتی وەرگرتنەوەی پارە لێیان و قورسیشە مووچە لەكەسێك وەربگریتەوە، بەڵام دەكرێت لەڕێگەی ئەو سلفانەی پەرلەمانتاران دەگرێتەوە»ئیكرامی» ئەو پارانەیان لێوەربگیرێتەوە یاخود دوای خانەنشین بوونیان پارەیان لێوەربگیرێتەوە».

سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی پێشیوابوو جارێ پرۆسەكە لەسەرەتادایە و ڕەنگە هەفتەی داهاتوو بڕیار بدرێت و ڕێكارەكان بۆ وەرگرتنەوەیان دەستپێبكات.

یاسای چاكسازی كە رۆژی 16ی كانونی دووەمی 2020 لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا، بڕگەیەكی تێیدا جێگیر كراوە كە دەڵێت: ئەندام پەرلەمان بە ئارەزوومەندانە مافی دەستبەرداربوونی لە مافو شایستە خانەنشینییەكانی وەك راسپێردراو هەیە، بەمەرجێك لە ماوەیەك كە لە (30)رۆژ تێپەڕ نەكات لە رێكەوتی بەكاربوونی ئەم یاسایە، داواكاری پێشكەش بە دیوانی پەرلەمان بكات بەمەبەستی وەرگرتنی رێكاری یاسایی پێویست، بەڵام لەكۆی (111) ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان، تەنیا حەوت  پەرلەمانتار فۆرمی رەتكردنەوەی وەرگرتنی موچەی خانەنشینییان پڕكردوەتەوەو موچەی خانەنشینی وەرناگرن.

لە خولی چوارەمی پەرلەمان، پەرلەمانتار هەبووە ٢٥ ملیۆن دینار لە مووچەی خانەنشینییەکەی بڕاوە بۆ گەرانەوەی ئەو شایستە داراییەی کە لە لای بووە و پێویست بووە بیگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت

رۆژی 30ی ئایاری ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق حوكمی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە دژی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون، دادگا بڕیاریدا درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە رۆژی درێژكردنەوەكەیەوە واتا لە رۆژی شەشی تشرینی دووەمی 2022ەوە نادەستورییە.

لەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیەوە دەبێت  پەرلەمانتاران موچەی  هەشت مانگ بگەڕێننەوە كە بۆ هەر پەرلەمانتارێك بڕەكەی (هەشت ملیۆنو 85 هەزار) دیناری مانگانەیە بە تێكڕا بڕی ئەو پارەیە دەكاتە (64 ملیۆنو 680 هەزار) دینار.

هەروەها بۆ ئەو 104 پەرلەمانتارەی كە لە دوای 6ی تشرینی دووەمەوە مووچەیان وەرگرتووە بڕەكەی دەگاتە نزیكەی حەوت ملیاردینار.

بەوتەی سەرچاوە یاساییەكەی پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر بڕیار بدرێت لەسەر ئەوەی پەرلەمانتاران موچەی هەشت مانگی رابردوویان بگەڕێننەوە، ئەوا دەبێت بۆ ئەو هەشت مانگە موچەی خانەنشینیان بۆ هەژمار بكرێت، ئیتر لەم رێگەیەوە دەتوانرێت پاكتاوی ئەو پارانە بكرێت كە وەكو پەرلەمانتار وەریانگرتووە، ئەمەش بەشێوەی لێبڕینی مانگانە لە موچەی خانەنشینییەكەیان.

16ی كانونی دووەمی 2020 پەرلەمانی كوردستان یاسای (چاكسازی لە موچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازاتەكانو خانەنشینی) پەسەند كرد، بەپێی ئەم یاسایە هەندێك موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشوو رێكخرایەوەو بۆ داهاتووش رێگری كراوە. 

یاساكە هەندێك بواردنی بۆ پەرلەمانتارانی كردووە، ئەو ئەندامانەی خولی پێنجەم كە تەمەنو مەرجی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، بە رێژەیەك كە لە 25%ی تێكڕای خەرجی دوا موچەو دەرماڵەكەی زیاتر نەبێت، خانەنشین بكرێن.

تێكڕای مووچەو دەرماڵەی پەرلەمانتار بریتییە لە (هەشت ملیۆنو 85 هەزار) دینار، واتا ئەو پەرلەمانتارانەی خولی پێنجەم كە مەرجی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، بە بڕی 25%ی تێكڕای موچەكەیان خانەنشین دەكرێنو موچەی خانەنشینییان دەبێت نزیكەی (دوو ملیۆن) دیناری مانگانە.

تەنیا لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا، ئەوانەی ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوەو مەرجی یاساییان تێدا نییە، (77) پەرلەمانتارە ، واتای 69%ی ئەندامانی خولی پێنجەم مەرجی یاسایی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، ئەمە هۆكارەكەیە كە لە یاساكەدا بواردنیان بۆ خۆیان كردووەو بەرێژەی 25%ی موچەكەیان خانەنشین دەبن.

پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشوو كە بەرێژەی 80%ی تێكڕای موچەكانیان خانەنشین بوونو مانگانە بڕی (شەش ملیۆنو 464 هەزار) دیناریان وەردەگرت، بەپێی یاسای چاكسازی موچەكەیان كەمكرایەوە.

بەپێی راپۆرتی سێیەمی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، لە  هەرێمی كوردستان (394) پەرلەمانتاری خانەنشین هەیە، ئەگەر لیستی خانەنشینی خولی پێنجەمیشی بۆ زیاد بكرێت كە (104) پەرلەمانتارە، ئەوا بە تێكڕا ژمارەی پەرلەمانتاری خانەنشین لە هەرێم بۆ (498) كەس بەرزدەبێتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار