لەدونیادا چ باسە؟
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
ئەم ساتەوەختەی كە ئێمەی تیادا دەژین، ساتەوەختێكی ڕاگوزەرە، سیستەمێك كۆتایی دێت و هێشتا سیستەمێكی نوێ جێگەی نەگرتوەتەوە، (بیرلە وتەكەی گرامشی بكەرەوە). ئەم سیستەمەی كە هەیە، وەك سیستەمی سۆڤیەتی یان چینی ڕەقهەڵاتوو نیە كە بتوانین لە ڕوخانی دیوارێكدا یان مردنی سەركردەیەكدا وێنای بكەین. بەڵكو سیستەمێكی فرە توێژە. لێرەدا بە پوختی ئاماژە بە كۆمەڵێك گفتوگۆ و مشتومڕی گەورە دەدەم كە لە دونیادا لە ئارادایە، چونكە هەست دەكەم، كورد هێندە بە خۆیەوە سەرقاڵە و سەرقاڵكراوە، نازانێت لە دونیادا چ باسە، بە تایبەتی لە ئاستی فیكریدا. بە گشتی پێكەوەبونێكی ئاڵۆز هەیە لە نێوان تیورە و ڕوداودا.
یەكەم، ئەگەر تاك جەمسەری تەواو، ئەوا چی جێگای دەگرێتەوە؟ ئەم مشتومڕە چەندین بیرمەندی گەورە و ناوەند و توێژینەوەی زۆری بەخۆیەوە سەرقاڵكردوە. لەم بوارەدا چەندین چەمك ئاماژەی پێدەدرێت، بۆ نمونە، نەمانی جەمسەر، یان سەرو جەمسەریی، یان فرە جەمسەریی، یان تاك جەمسەریی سەربازیی و فرە جەمسەریی ئابوری. یان هاتنە ئارای جەمسەرێكی نوێ كە خۆی لە تەكنەلۆجیا بە تایبەتی لە زیرەكی دەستكردا دەبینێتەوە. كەواتە، هێشتا ئەمریكا بەهێزترینە لە ئاستی سەربازیدا، بەڵام چین لە ئاستی ئابوریدا خەریكە پێیدا دەگات، بەڵام زیرەكی دەستكرد وەك جەمسەرێكی ئاڵۆزی بە ئاسانی كۆنترۆڵ نەكراو، دۆخێكی ئاڵۆزی دروستكردوە. دوا كتێبی دارون ئاچەمئۆغلۆ، بیرمەندی ئەرمەنی گەورە تەرخانە بۆ ئەم بوارە. یەكێك لەو ئارگومێنتانە بەرچاوی دەخات نەمانی نزیكەی ٦٠% ئیشە تەقلیدییەكان، كە دەبێتە مایەی نەمانی كار بۆ زۆرێكی زۆر لە مرۆڤایەتی.
دووەم، لە پەیوەست بەو گفتوگۆیەی سەرەوە، دابڕانی سەرمایەداریی و دیموكراسی یەكێكی ترە لە پرسە گەورەكانی ئەمڕۆ. لە دوو سەدەی ڕابورودا سەرمایەداری وابەستە بوو بە دیموكراسییەوە، بەوەی دەزگا و سیستەم و یاسا و دەستی كار و ئازادییەكانی بۆ بەرهەم دەهێنا. بەڵام تەكنەلۆجیا و مۆدێلی چینی بە دوو شێوازی جیاواز ئەم پەیوەندییەیان گۆڕی. ئێستا سەرمایە زیاتر و زیاتر لە ناو نوخبەیەكی سنورداردا كەڵەكە دەبێت و موچە یان داهاتی زۆرینەی خەڵك نەك زیادناكات بگرە بەردەوام كەم دەكات. ئەمەش خەڵكانی وەك تۆماس پیكێتی و ئەوانیتری كردوەتە كەسانی كاریگەر لە وروژانی پرسی پەیوەندی نێوان سەرمایە و كەڵەكەبون و نەمانی ڕۆڵی داهات یان موچە لە گۆڕینی ستاتۆی ئابوریی و كۆمەڵایەتی كەسەكاندا.
سێیەم، دەرئەنجامی دابڕانی دیموكراسی و سەرمایەداریی، پۆپیولیزمە. پۆپیولیزم چەندین جۆر خوێندنەوەی هەیە، بەڵام لەم ڕوانگەیەوە یانی بێزاربونی زۆرینە لە نوخبەی دامەزراو یان دەسەڵاتدار و هەستكردن بەوەی كە ئەو كەسانە جیاوازن لە خەڵك و لە دۆخێكی دابڕاودا دەژین. بۆیە دەبێت ئەوەی حوكم بكات لەو دامەزراوانە یان نوخبەیە نەبێت بەڵكو لە دەرەوەیان بێت. بەڵام لە زۆرجاردا ئەوەی كە دەبێتە نوێنەری ئەم خەڵكە خۆ بە پەراوێزخراوە خۆیان لە هەناوی نوخبەكەوە هاتوون، زەقترین نمونە دۆناڵد ترەمپە. لێرەدا مەتەڵێكی زۆر ئاڵۆز هەیە، ئەوەی دەیەوێت لە دونیایەكی بێ نوخبەدا بژی، بە ئاگایی یان بەبێ مەبەست لە میانەی خۆ ڕێكخستن یان حوكمداریی یان بەڕێوەبەردنی دەزگا پلەبەندی و نوخبە بەرهەم دەهێنێت. ئێستا مەعزەڵەكە ئەمەیە، بەبێ نوخبە حوكمداری بەرهەم نایەت. بەڵام بەرهەمهێنانی هەر نوخبەیەك ئەگەری خراپبونی دەسەڵاتی هەیە.
چوارهەم، هەموو وڵاتانی دونیا، ناوەندی تایبەتیان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی نوخبە. بیر لە ئۆكسبریج یان ئۆكسفۆرد و كایمبریدج بكەرەوە، یان هارڤەرد و هاوشێوەكانی یان ساینس پوا و ئیكۆل نۆغمال لە فەرەنسا، زانكۆ ئەمریكییەكانی كوردستان، هەموو دەزگای بەرهەمهێنانی نوخبەن. بەڵام ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین كە دووفاقیە لە لایەك بەرەی نوخبە فراوان دەبێت و چاوەروانییان زیاتر دەبێت لە لایەكی تر بوارەكان تەسك دەبن. ئەمەش وەهایكردوە كە بیرمەنێكی وەك پیتەر تۆرجن باس لە ئەگەری یان حەتمیەتی شەڕی ناوخۆ بكات.
پێنجەم، ئەم ڕەهەند جیاوازییە، نەك تەنها لە ئاستی كۆمەڵایەتی بەڵكو لە ئاستی پانتاییشدا بوەتە مایەی پەرتی و بە پرس بوون. ئێستا لە كاتێكدا زۆرینەی خەڵك لە دونیادا لە شارەكاندا دەژین، جیاوازی نێوان شاری گەورە و شاری بچوك یان لادێ لە هەموو ساتێكی تر زیاترە و ڕەهەندی نەك تەنها ئابوری بەڵكو كۆمەڵایەتی و ئەخلاقیشی وەرگرتوە. ڕەنگە خێزان یەكێك بێت لە پانتاییەكانی شەڕ لە نێوان ئەم دوو بەرەیەدا. لە شارە گەورەكاندا خێزان لە قەیراندایە، خەڵكانی دەرەوەی شارە گەورەكان تۆقیون لەو مۆدێلی خێزانەی كە لە شارە گەورەكاندا سەر هەڵدەدا، هەوڵدەدەن خۆیانی لێبپارێزن. ڕەنگە هیچ دیاردەیەكی وەك هەڵبژاردنەكانی ئەم دوایەی توركیا بەرجەستەی ئەم قەیرانە نەبوبێت. خەڵكی ئەناتۆلیا هەست دەكەن دیاردەی تەڵاق و هەڵوەشانی خێزان و پێكەوەنەژیان و زۆر دیاردەی تر خەریكە دەبێتە باو لە ناویاندا، بۆیە سیاسییەكان دێن پێیان دەڵێن ئێمە دەتانپارێزین لە گەندەڵی ئەخلاقی شار. هەمیشە لە بیرمە بەردەوام لە لادێ دەیانگوت شار پیسە. ئەم دوو بەرەیە خیتاب و بیرمەند و سیاسی و داكۆكیكاری خۆیان هەیە و مشتومڕێكی زۆریان دروست كردوە. رەنگە كەسێكی وەك جۆردۆن پیتەرسۆن لەم كایەیەدا ناسراو نەبێت.
شەشەم، لایەكی تری مشتومڕی شاری و گوندی ڕەهەندی شوناسیەتی. خەڵكی دەرەوەی شارە گەورەكان بڕوایان وەهایە نوخبەی شارە گەورەكان جیهانیانە بیر دەكەنەوە و هەروەها ئینتمایان بۆ جیهانە نەك بۆ نیشتمان. ئەمە بە كورتی لە دیاردەی جیهانگەریدا كورت دەكرێتەوە. جیهانگەراكان، دەیانەوێت جیهان بكەنە ماڵی خۆیان و بەهاكانیانی تیادا بڵاوبكەنەوە. خەڵكی دەرەوەی شار هەست دەكەن ئەم خەڵكانە ڕەگیان بە وڵاتیانەوە نەماوە، بۆیە كێشەنیە بەلایانەوە كە ژیان لە شارە بچكۆلەكان و گوندەكان دادەڕوخێت. لە ئاستی كوردستاندا ئەم جیاوازییە زەقە لە نێوان شارە گەورەكان و دەرەوەیان، بەڵام هەروەها لە نێوان هەولێر و سلێمانی و دهۆكیشدا هەیە. ئەم خەڵكانە لە ڕێگای دەنگدان بە پارتە ناسیونالیستە فاشیستەكان دەیانەوێت تۆڵەی خۆیان بكەنەوە. لێكۆڵەری ئیسپانی ڕۆدریگۆز پۆسێ ئەم دیاردەیە ناو دەنێت تۆڵەی ئەو شوێنانەی گرنگ نین. لە داهاتودا شاری جیهانی زۆر دروست دەبن، كە ناتوانن بە تەواوی ببنە بەشێك لە نەتەوە یان وڵاتەكەیان. چین نزیكەی سەد شاری لەم جۆرەی دەبێت. هەولێر لەمجۆرەیە بەڵام لە ئاستێكی سنورداردا.
حەوتەم، لە پەیوەست بەو گفتوگۆیانەی سەرەوە، گفتوگۆی شارستانی مرۆڤایەتی و شارستانیەتەكانی مرۆڤایەتی، یەكێكی ترە لە مشتومڕەكان. لە سەردەمی باڵادەستی لیبرالیزمدا یەك شارستانی باڵادەست بوو. بەڵام بە لاوازبونی لیبرالیزم، نەیارەكانی، دەیانوێت بڵێن مرۆڤایەتی لە زیاتر لە شارستانیەتێكی هەیە و هەر شارستانیەتێك تایبەتمەندی خۆی هەیە. وڵاتانی وەك چین، ئێران، توركیا، سعودیە، روسیا، لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەن كە دەیانەوێت تایبەتمەندی شارستانی خۆیان جەخت لێبكەنەوە، بەڵام ئامانجە سەرەكیەكە شارستانی نیە، بەڵكو ئەمە تەنها خیتابە. ئامانجی سەرەكی ئەوەیە كە چۆن نوخبەی سیاسی ئەم وڵاتانە خۆیان لە دیموكراسی، فرەیی، مافی مرۆڤ و بەهاكانی تری ڕۆژئاوا بپارێزن لە پێناو مانەوەی سیستەم و دەسەڵاتەكەیاندا. ئەوەی جێگای پێكەنینە زۆرینەی خەڵكی ئاسایی ناو ئەو شارستانیەتە تایبەتانە، دەخوازن بەشێك بن لە شارستانی ڕۆژئاوا، یان بێ بەریی نەبن لە بەهاكانی وەك ئازادی و دیموكراسی و دەزگا و مافەكان، بۆ نمونە ئێران و چین. یان ئەو وڵاتانە خیتابی شارستانی بەكاردەبەن بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی هەرێمی خۆیان بە سەر ئەوانیتردا، بۆ نمونە توركیا.
دیارە بێگومان تەوەرەی تری گفتوگۆ زۆرن، بە تایبەتی لە بواری ژینگە، نیزام، كار، وزە و زۆر بواری تر.
