قودس‌و دڵی کوردستان؛ ئەمجارەش دەکرێتە قوربانی

لایەنە كوردییەكان ئەمجارەش لەكەركوك یەك لیست نین

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پارتی و یەكێتی بەجیا لەگەڵ لایەنەكان لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی لیستێكی هاوبەش دروستبكەن لەكاتێكدا هێشتا یەك لیستی بوونی نییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و پارتیش ڤیتۆی لەسەر یەكێتی هەیە.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەكەركوكیشەوە لەڕۆژی 18-12-2023 بەڕێوەدەچێت، كورد تائێستا لەكەركوك و ناوچەكانی كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بڕیاری یەك لیستی نەداوە و وەك هەڵبژاردنەكەی ڕابردوو بە لیستی جیاواز بەشداری دەكات.

ڕزگار حاجی حەمە بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «جارێ چاوەڕێی وەڵامی لایەنە سیاسیەكانین، یەكێتی پێی باشە هەموو لایەنە كوردستانیەكان بەیەك لیست بەشداری بكەن لەو ناوچانە و ڤیتۆشمان لەسەر هیچ لایەنێك نیە».

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەمجارە هەموو كاندیدێك دەنگی خۆی دەهێنێت، بەڵام نەبوونی یەك لیستی دەنگەكان دەفەوتێنێت ئەگەر ئەو كاندیدە دەنگی پێویست بەدەست نەهێنێت، رزگار حەمە پێیوابوو ناكرێت حزبێك دەنگی لەكەركوك نەبێت و تەنها دەنگەكان بفەوتێت، ئەگەر یەك لیست بین ئەوە ڕوونادات و هیچ دەنگێكی كورد نافەوتێ».

«قسە لەگەڵ هەموو لایەنەكان كراوە تا یەك لیست بین لەناوچە كێشە لەسەرەكان و پەیاممان ناردووە بەڵام تائێستا قسەی كۆتایی لەسەر نەكراوە، ئەگەر یەك لیستیش بین كوردستانی دەبێت و هەر لایەنە و بانگەشە بۆ كاندیدی خۆی دەكات». ڕزگارحاجی حەمە وای وت.

 

پارتی ئامادەیە لەگەڵ ئەو لایەنانەی كوردیش نین هاوپەیمانی بكات بەڵام لەگەڵ یەكێتی نا

مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی لەكەركوك، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» لەگەڵ هەموو لایەنە كوردستانیەكان لەكەركوك قسەمان كردووە و هەفتەی داهاتووش پرسی بەشداریكردنی لایەنەكان بەیەك لیست یەكلایی دەكەینەوە».

وتیشی:»بەڵام لەگەڵ یەكێتی لەو ناوچانە ناچینە یەك لیستەوە و بۆ لایەنەكانی دیكەش كە كورد نین دەرگامان كراوەیە».

بەرپرسی پەیوەندیەكانی پارتی لەكەركوك دەشڵێت: «دەمانەوێت بەبێ یەكێتی لیستێكی كوردستانی دروست بكەین، سەردانی ئەو لایەنانەش دەكەین كە كورد نین و بڕوایان بە كوردستانی بوونی كەركوك هەیە، تا ئەوانیش بەشداربن لە لیستەكەدا.»

 

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێی باشە كورد بە یەك لیست بەشداری بكات

خەلیل ئیبراهیم، وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»هێشتا بڕیارمان نەداوە چۆن بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەین بەتایبەتیش لەكەركوك، بەڵام كورد یەك لیست بێت باشترە و ئێستاش لەگفتوگۆداین لەگەڵ لایەنەكان».

 

كۆمەڵی دادگەری: ئەگەرێكی بەهێزە لەگەڵ یەكگرتوو و بزوتنەوە و حزبێكی توركمانی ببینە یەك لیست

رێباز سابر، بەرپرسی مەڵبەندی كۆمەڵی دادگەری لەكەركوك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «وەكو كۆمەڵی دادگەری پڕۆژەیەكمان ڕاگەیاندووە كە هەموو حزبەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەعێراق لەكەركوك بە یەك لیست دابەزن و هەندێك كۆبوونەوەشمان ئەنجامداوە».

وتیشی: «ئەگەر توانیمان ئەو یەك لیستییە دروست بكەین ئەوە بڕوامان وایە لەگەڵ ئەوپەڕی تێبینیمان لەسەر ئەدای بەڕێوەبردنی حزبەكانی دەسەڵات لەكەركوك لەڕابردوودا، پێویستە كورد بەیەك لیست دابەزێ تا پارێزگاری لەپێگەی كورد بكەین».

بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی كۆمەڵی دادگەری دەشڵێت:» ئەگەر بكرێت هەموومان پێكەوە بین باشترە تا دەنگی كورد پەرتەوازە نەبێت».

«ئەگەر نیەت هەبێ بۆ یەكڕیزی ئەوا دەكرێت كورد یەك لیست بێ بەتایبەت ئەگەر لایەنەكان سازش لەسەر هەندێك داواكارییان بكەن، بۆیە هەموو ئەگەرێك كراوەیە بەتایبەت لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەكان ببینە یەك لیست لەوانەش یەكگرتوو و بزوتنەوە و حزبی عەدالەی توركمانی كە ئەمە ئەگەرێكی لەپێشترە» رێباز سابیر وای وت.

چوارشەممەی ڕابردوو لەسەر بانگهێشتی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك_گەرمیانی پارتی، چەند لایەنێكی سیاسی  بەبێ یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو لە شاری هەولێر كۆبوونەوە. ئامانج لە كۆبوونەوەكە پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش بوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.

 

زەحمەتكێشان: كۆتایی بەبیرۆكەی یەك لیستی لەكەركوك هاتووە

شوان محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، كە حزبەكەی بەشداری كۆبوونەوەكەی لەگەڵ پارتیدا كردووە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كۆبوونەوەكە راوێژكاری بوو، پارتی داوایكرد لەگەڵ ئەوان بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەین، چونكە كۆتایی بە بیرۆكەی یەك لیستی هێنراو یەكێتی و پارتی بە جیا بەشداری هەڵبژاردن دەكەن.»

بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەمی 2023 بۆ چوارەم جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە (15) پارێزگای عێراق بە كەركوكیشەوە بەڕێوەبچێت،كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تا كۆتایی مانگی تەموزی دیاریكردووە تا لیست و قەوارەكان ناوی خۆیان تۆماربكەن.

لە (24ی 6ی 2018)ەوە كۆتایی بە ماوەی یاسایی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هاتووە،بەڵام هیچ لایەنێكی پەیوەندیدار باس لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم ناكات.

بەپێی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2023ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاكانی ژمارە (12)ی ساڵی 2018، ژمارەی كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە ژمارەیان (15) پارێزگایە جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، هیچ پارێزگایەك نابێت كورسییەكانی لە (12) كورسی كەمتربێت و هەر پارێزگایەك ژمارەی دانیشتوانی بۆ هەر كوردسییەك زیاتر بوو لە (200 هەزار) كەس ئەوا كورسییەكانی بۆ زیاد دەكرێت لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی پلاندانی عێراق لە ساڵی (2019)، كۆی ژمارەی ئەندامانیش (275) ئەندامە، وەك پابەندبوون بە دەستوری هەمیشەیی عێراق ڕێژەی (25%)ی كورسییەكان بۆ كۆتای ئافرەتان دەستەبەركراوە، سەرەڕای دیاریكردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان بۆ هەر ئەنجومەنی پارێزگایەك.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار