کۆمەڵێک زانیاری نوێ… سەبارەت بە داگیرکردنی زەویە کشتوکاڵیەکانی گەرمیان

یەک ساڵ لەمەوپێش



عەبدوڵای مەلا نوری

پێشتر وتمان نزیکەی ٨٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی پلە یەک و باخی تەمەن ١٥ ساڵ و ٢٠ ساڵ، لە گەرمیان دراوە بە کۆمپانیا بۆ پرۆژە. لە سەر ئەم پرسە پێویستە جوتیارەکان و رای گشتیش ئەم زانیاریانەش بزانن:

یەک: بە پێی یاسای ژمارە (٤) ی ساڵی ٢٠٠٧ ، یاسای پاراستن و پەرەپێدانی بەروبومی کشتوکاڵی، هەر زەویەک، کە سیفەتی کشتوکاڵی هەبێ، نابێ بکرێتە یەکەی نیشتەجێبون.

واتە مەرج نیە زەویەکە سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵبێت، بەڵکو سەر بە هەر وەزارەتێکی تریشبێت، بەڵام مادام بە پیتبێت، ئەوا نابێ بکرێتە پرۆژە.

دوو: بە پێی نوسراوی ژمارە ٤٥٨٣ ، رێکەوتی ١٣ی ٤ی ٢٠٢٣، کە ئیمزای سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران (د. ئومێد سەباح) ی لە سەرە، لە سەر بنەمای ناوەڕۆکی یاساکەی سەرەوە، (جەخت) لە سەر ئەوە دەکاتەوە، کە نابێ زەوی کشتوکاڵی بۆ پرۆژەی نیشتەجێبون تەرخان بکرێ، ئەمڕۆ لە ئاستی ئەنجومەنی وەزیراندا بەدواداچونم کرد و جەختیان لەوە کردەوە، کە نایاساییە زەوی کشتوکاڵی بکرێتە پرۆژەی نیشتەجێبون.

سێ: پێشتر هەردو وەزیری کشتوکاڵ، بەڕێزان عەبدولستار مەجید و بێگەر تاڵەبانی داوای گێڕانەوەی ئەو زەویانەیان کردووە بۆ جوتیاران، بەڵام سەرئەنجام زەویەکە دراوە بە کۆمپانیایەک!

چوار: پێشتر ئەو زەوییە کشتوکاڵیانە بە بڕیاری مەجلسی قیادەی سەورە، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئەنفالدا (بە نهێنی) تەرخان کراون بۆ دروستکردنی ئۆردوگا، پەرلەمانی کوردستان بریاری داوە ئەو بریارانەی مەجلسی قیادەی سەورە هەڵبوەشێتەوە.

کەچی لە کەلار کار بە بریارەکەی بەعس دەکرێ و زەویە کشتوکاڵیەکان پێچەوانەی یاساو بڕیارەکان پەرلەمان دراوە بە کوڕی مستەشارێک و خەڵکانی تر کراون بە واجیهە (بەڵگەی تەواو) لە بەردەستە.

لەم مامەڵەیەدا بەشێکی گەورەی قازانج پرۆژەکە بۆ حیزب و بەرپرسان دەچێت، هەر ئەمەشە وای کردووە چاوپۆشی لە وێرانکردنی زەویەکشتوکاڵیەکان دەکرێ!

سەیرە، دەسەڵاتدارانی هەرێم، لە هەرێم (گەرمیان) کار بە بڕیاری بەعس دەکەن، کەچی لە کەرکوک داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس و گێڕانەوەی زەوی کشتوکاڵی بۆ جوتیارە کوردو تورکمانەکان دەکەن!!!!

وەک بینیتان، وێڕای ئەو یاساو بڕیارانە، خێرە کۆمپانیایەک دەتوانێ بازێک بە سەر هەمویاندا بدات و زەویەکەی پێبدرێت؟!

ئەم ماستە گوریسی تێدایە نەک موو، بە تەئکید لە چەند ئاستێکدا لۆف و دەوران و چاوساغی بۆ کەسی یەکەمی پشتەوەی پرۆژەکە کراوە.

شەرمەزاری و تاوانێکی گەورەیە بە ناوی یاسا و وەبەرهێنانەوە گوشار لە جوتیارەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بە شتێک تەعویز رازی بکرێن و زەویەکانیان بەجێبهێڵن، مافی جوتیارەکانە دەستبەرداری زەویەکانی خۆیان نەبن.

دەبێ جوتیارەکان یەکگرتوبن و پێشوەختە خەڵک و کڕیاران ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەی هیچ کەس گرێبەستی کڕینی یەکەی نیشتەجێبون لەسەر زەویەکانیان ئەنجام نەدات و یەکەکان نەکڕن و خۆیان توشی زەرەر نەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار