ئەو ژنە ئیسرائیلەی لەبەغدا ڕفێندرا لەسەر موقتەدا سەدر چی وتووە؟

نوێترین زانیاری لەبارەی ئەو ژنە ئیسرائیلیەی لەعێراق دیارنەما بەچەند زمان قسەیكردووە و بۆ كوێ كاریكردووە؟

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەوەی ئیسرائیل هەواڵی ڕفاندنی ژنێكی لە بەغدای پایتەختی عێراق بڵاوكردەوە، گرتەیەكی ڤیدیۆیی ئیلیزابێس چۆركۆف بڵاوبوەوە، كە باس لەسەردانی بۆ شاری سەدر دەكات و لەسەر كەسایەتی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدریش قسە دەكات.

ژنە ئیسرائیلیەكە كە هەڵگری ڕەگەزنامەی ڕوسیاشە، لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا بە "حیجاب" ەوە دەردەكەوێت و دەڵێت: نوێژی هەینی لە شاری سەدر ڕووداوێكی مێژووییە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەكان، ئەم شارە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ناسراوە و خاوەن مێژووی بەرەنگاربوونەوەی ستەمكارانە".

لەبارەی موقتەدا سەدریشەوە، ئیلیزابێس دەڵێت:"كەسێكی نیشتیمانییە و دەستێوەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبی و دەوروبەر ڕەتدەكاتەوە ئەمەش هەڵوێستێكە دەبێت هەموو سیاسیەكی عێراقی گرنگی پێبدات و وەك ئەو بێت". پەیامنێرەكە لێی دەپرسێت تۆ موسوڵمانی؟ ئیلیزابێس چۆركۆف دەڵێت:"نا موسوڵمان نیم بەڵام هاتووم لە مەراسیمی نوێژی هەینی لە شاری سەدر ئامادەبم".

بەوتەی باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق، حكومەت لێكۆڵینەوەی سەبارەت بە ڕفاندنی ئەو ژنە توێژەرە "ئیسرائیلیە- ڕوسییە دەستپێكردووە، دوای ئەوەی ئیسرائیل گروپێكی لایەنگری ئێرانی لەعێراق تۆمەتباركرد بەوەی لەماڵێكدا لەبەغدا ڕفاندوویانە.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرایكرد یەكەكانی حزبوڵای عێراق بەرپرسیارە لەڕفاندنی ئەو ژنە و ئەوەشی خستەڕوو: ئیلیزابێس چۆركۆف هاوڵاتییەكی ئیسرائیلی- ڕوسییە و چەند مانگێك لەمەوبەر لەعێراق دیارنەماوە و لەلایەن میلیشیای حزبوڵای عێراق كە گروپێكی شیعەیە دەستبەسەرە. نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی ئاشكراكرد ژنە ئیسرائیلیەكە تائێستا زیندووە و بەرپرسیارێتی گیانیشی لەئەستۆی حكومەتی عێراقە. لەبەرامبەریشدا گروپی حزبوڵا بە ناڕوونی قسەی لەسەر ئەو ژنە ئیسرائیلیە كرد و ِفاندنەكەشی ڕەتنەكردەوە.

ئەبو عەلی عەسكەری شەوی پێنجشەمەی ڕابردوو لەتیلیگرام وتی "دانپێدانانی سەرۆكوەزیرانی قەوارەی جولەكە بەبوونی سیخوڕێكیان لەعێراق ئاماژەیەكی مەترسیدارە و پێویستە بەوردی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بكرێت".

ئەو ژنە ئیسرائیلیە لە كانوونی دووەمی 2022 بە پاسپۆرتێكی ڕووسی سەردانی بەغدای كردووە، ئەمەش بەوتەی دیپلۆماتكارێكی ڕۆژئاوایی لەعێراق كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، بەوتەی زۆرێكیش لەو ڕۆژنامەنوسانەی قسەیان لەگەڵ كردووە كە زۆربەیان بیانین، چۆركۆف توێژینەوەی لەسەر گروپە میلیشیاكانی نزیك لەئێران كردووە لەعێراق هاوكات توێژینەوەشی لەسەر ڕەوتی سەدر كردووە.

ئیلیزابێس چۆركۆف لەپێگەی خۆی لەئینتەرنێت باسی لەوەكردووە بەزمانەكانی ئینگلیزی و ڕوسی و عیبری و عەرەبی دەتوانێت قسە بكات و بنوسێت، ئاماژەی بەوەشكردووە توێژەری پەیمانگەی نیولاینزی ستراتیژی سیاسییە، هاوكات توێژەریشە لە كۆڕبەندی بیركردنەوەی هەرێمیی كە دەزگایەكی توێژینەوەی ئیسرائیلییە و بارەگاكەی لەقودسە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار