ئێران نەوت لە بەرامبەر ئامێری بیناسازیی و چا دەدات

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئێران كە بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەكانەوە ناتوانێت قەرزەكانی بە شێوەیەكی «كاش و نەختینەیی» وەرگرێتەوە و بیخاتە سەر ئەژمارە بانكییەكانی بە ناچاری نەوتەكەی بە چایی ئاڵوگۆڕ پێكردوە  و وڵاتی سریلانكا كە 250 ملیۆن دۆلاری پاڕەی كڕینی نەوتی ئێران قەرزارە بڕیاری داوە بە رێككەوتنێكی دوولایەنە مانگانە بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلار چایی رەوانەی ئێران بكات.

بڕیارە سریلانكا لە ماوەی 48 مانگدا و لە بەرامبەر 250 ملیۆن دۆلاردا مانگانە بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلار چا رەوانە دەكات، بەڵام لە ئێستادا ئەو بڕە چایە بۆ كەمتر لە دوو ملیۆن دۆلار لە مانگێكدا كەمی كردوە.

ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) ئاشكرای كردوە؛ بەهۆی بەرنامە موشەكی و ئەتۆمییەكەی كۆماری ئیسلامی ژمارەیەك سزای نێودەوڵەتیی دژی ئێران سەپێنراوە كە رەوانەكردنی پارەی بۆ سەر ئەژمارە بانكییەكانی ئەو وڵاتە راگرتوە و ئێران بە ناچاریی داهاتی فرۆشی نەوتەكەی بە كاڵا ئاڵوگۆڕ پێدەكات و لە ساڵی 2021 سریلانكا و ئێران رێككەوتون لەسەر ئاڵوگۆڕی نەوت بەرامبەر چایی.

لە دوای سریلانكا، كۆماری ئیسلامی سەرقاڵی رێككەوتنێكە بۆ ئاڵوگۆڕی نەوتەكەی لەگەڵ وڵاتی پاكستان و بڕیارە لە بەرامبەر نەوتدا، ماددە وشكە خۆراكییەكان و ئامێر و كەرەستەی بیناسازیی لە پاكستان وەرگرێت.

جواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندوە؛ لەگەڵ ژمارەیەك وڵاتی جیهان رێككەوتنیان كردوە بۆ ئەوەی نەوتیان بۆ رەوانە بكرێت و لە بەرامبەردا شتومەك و كاڵای خۆراكیی بۆ ئێران رەوانە بكرێتەوە.

ئێران پێش سزا نێودەوڵەتییەكانی ساڵی 2018، رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی بە شێوەی فەرمی رەوانەی بازاڕەكان كردوە بەڵام لە ئێستادا بە شێوازی نهێنی و بە ناوی وڵاتانی دیكەوە بڕێك لە نەوتەكەی لە بازاڕەكانی جیهاندا ساخ دەكاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار