حەشدی شەعبی و زانکۆی تاران رێککەوتننامەی هاوکاریان واژۆ کرد

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەری فەرمی زانکۆی تاران بڵاوی کردۆتەوە، رۆژی یەکشەممە ٩ی جوولای بڵاوی کردۆتەوە، رێککەوتننامەیەک لە نێوان زانکۆی تاران و حەشدی شەعبیدا واژۆ کراوە بەوەی کە ئەندامان و کەسانی نزیک بە حەشدی شەعبی لەو زانکۆیە بخوینن و کارئاسانییان بۆ بکرێت بۆ درێژەدان بە خوێندن.
ئەم رێککەوتننامەیە لە نێوان حسێن مووسەوی بەخاتی، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردە و بارهێنانی حەشدی شەعبی و محەممەد موقیمی سەرۆکی زانکۆی تاراندا واژۆ کرا. لەم دیدارەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی خوێندکاری عێراقی سەر بە حەشدی شەعبی و ژمارەیەک خوازیاری خوێندن بەڕێوە چوو سەرۆکی زانکۆی تاران ئەم پەیوەندییەی بە گرینگ ناو برد و باسی لەوە کرد ئەوان ئامادەن بەوەی خزمەتگوزاری خوێندن پێشکەش بە خوێندکارانی عێراقی و بەتایبەت موجاهیدەکانی حەشدی شەعبی بکەن لە پێناو پێگەیاندنیان.
هەر لەم دیدارەدا حسێن مووسەوی بەخاتی باسی لەوە کرد ئەوان پەیوەستن بە یاساکانی زانکۆی تاران و هەروەها یاساکانی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران و عێراقەوەو بە پێی رێنماییەکانی ئەو دوو وەزارەتە خوێندکار دەنێرنە زانکۆی تاران.
