رۆیتهرز: دواجار گرێبەستە زەبەلاحەکەی نێوان تۆتاڵ ئینیرجی و عێراق واژۆ کرا
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە هەردوو حکومەتی عێراق و کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینیرجی)، گرێبەستە 27 ملیاردۆلارییەکەی بواری وزەیان واژۆ کرد کە ساڵانێکە لە چاوەڕێی واژۆکردن و چوونە بواری جێبەجێکردنەوەدایە.
رۆیتەرز لە هەواڵەکەدا نووسیویەتی: "عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ ئینیرجی، ئەمڕۆ رێککەوتنێکیان لە بواری وزەدا واژۆ کرد کە ماوەیەکی زۆرە لەئارادایە و ئامانج لێی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و بەهێزکردنی تواناکانی عێراقە لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەریەکە لە سەرچاوەکانی نەوت و غاز و وزە نوێبووەوەکانەوە".
بەپێی هەواڵەکەی رۆیتەرز، ئەم گرێبەستە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2021 و سەرەتا بڕیار بوو بە سەرمایەگوزاریی 10 ملیار دۆلار و لە باشووری عێراقەوە دەست پێ بکات و لە ماوەی 25 ساڵدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام واژۆکردنی گرێبەستەکە و خستنە بواری جێبەجێکردنیەوە سەری نەگرت بە هۆی ناکۆکیی نێوان سیاسیی و دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەربارەی ئەو مەرجانەی لە گرێبەستەکەدا هەبوون.
بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە 10ی تهمموزی 2023، پاتریک بۆیان، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی و سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینیرجی)ـی و حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە ئاهەنگێکی تایبەتدا واژۆکردنی گرێبەستەکەیان راگەیاند و پاتریک بۆیان رۆژەکەی بە (رۆژێکی مێژوویی) وەسف کرد.
ئەم واژۆکردنە لەکاتێکدایە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی، گرێبەستەکە زیندوو کرایەوە و لە مانگی چواری ئەمساڵدا هەردوو حکومەتی عێراق و کۆمپانیا فەرەنسییەکە رێککەوتن لەسەر ئەوەی عێراق پشکێکی کەمتری لە گرێبەستەکە هەبێت بە رێژهی 30%، بەرانبەر 45% بۆ (تۆتاڵ ئینیرجی)ـی و 25%یش بۆ (قەتەرئینیرجی).
هاوکات حەیان عەبدولغەیانی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ دەبێتە ھۆی بەرەوپێشبردنی زیاتری کەرتی نەوت و گاز و کارەبا لە عێراق و لە بەرژەوەندیی ھاوڵاتییانە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای رێکەوتنەکەکان پیشەسازی نەوت و گاز لەعێراق زیاتر بەرەوپێش دەچێت.
گرێبەستەکان تایبەتن بە گواستنەوەی ئاوی دەریا بۆ کێڵگە نەوتییەکان، وەبەرھێنان لە غازی کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای بەسڕە، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی و بەرەوپێشبردنی کێڵگە نەوتییەکانی ئەرتاوی لەگەڵ جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا بە تیشکی خۆر، کە توانای بەرھەمھێنانی یەک گێگا واتی ھەبێت .