ئەمریکا: لە ئێستادا ئامانجی ئێران دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی نییە

"ئێران کەرەستەی پێویستی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی هەیە"

عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی لە پیشانگایەکی ئامێرەکانی تایبەت بە بواری ئەتۆمیی ئێران

یەک ساڵ لەمەوپێش



هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کۆماری ئیسلامی ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکی خێراتر و چڕ کردوەتەوە بەڵام لە ئێستادا چەکی ئەتۆمیی دروست ناکات.

ناوەندی زانیاریی و هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکا لە نوێترین هەڵسەنگاندنی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردوەتەوە: تاران لە ساڵی 2020 تا ئێستا هەوڵەکانی بە ئامانجی گەیشتن بە توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی چڕتر کردوەتەوە بەڵام ئاماژەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێستایدا بەدی نەکراوە.

ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشیەتیدپرێس) بڵاوی کردوەتەوە: زۆربەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا گومانیان لە راستیی راپۆرت و هەڵسەنگاندنەی ناوەندی زانیاریی نیشتیمانی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکی کۆماری ئیسلامی هەیە.

ناوەندەکەی ئەمریکا لەو راپۆرتەدا کە دوو لاپەڕەیە ئاماژەی بەوە کردوە؛ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی پێویستی بە ژمارەیەک تاقیکردنەوەی هەستیار هەیە کە لە ئێستادا ئەو جۆرە تاقیکردنەوانە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەدی ناکرێت.

هەر لەو راپۆرتەدا رون کراوەتەوە؛ ئەگەر کۆماری ئیسلامی بڕیار بدات چەکی ئەتۆمیی دروست بکات کەرەستە و یۆرانیۆمی پێویستی بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە چەکە هەیە.

ناوەندی زانیاریی و هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکا جەختی لەوە کردوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی پابەندنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم نەبوە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە زانیارییەکانی ئەو ناوەندەی پشتڕاست کردوەتەوە.

بە پێی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 نابێت ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە 5% زیاتر بەرز ببێتەوە بەڵام کۆماری ئیسلامی بە بیانوی کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە، رێژەی پیتاندنی لە ژمارەیەک وێزگەی ئەتۆمیی گەیاندوەتە 60%.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار