تەمەنی کەمتر لە 15 ساڵ نزیکەی 40%ی دانیشوانی عێراق پێکدەهێنن
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لەمساڵدا گەیشتوەتە 43 ملیۆن و 324 هەزار کەس.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ئەمساڵ بە 43 ملیۆن و 324 هەزار کەس مەزەندە کراوە، رێژەی گەشەی ساڵانەش 2.5%یە، رێژەی رەگەزی نێر 50.5% و مێ 49.5ی کۆی دانیشتوانن.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، گروپی تەمەنی کەمتر لە 15 ساڵ نزیکەی 40%ی دانیشوان پێکدەهێنن، تەمەنی 64-75 ساڵیش رێژەی 15%ی دانیشتوان پێکدەهێنن، هەروەها گروپی گەنجانیش کە تەمەنی 15- 24 ساڵان پێکدەهێنن 28%ی کۆی دانیشتوان پێکدەهێنن.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکراشیکردوە، "نزیکەی 50%ی دانیشتوان لە پارێزگاکانی (بەغدا، نەینەوا، بەسرە، زیقاڕ) چڕبونەتەوە، دانیشتوانی شارەکانیش 70% و گوندشینەکانیش 30% پێکدەهێنن".
لەبارەی رێژەی لەدایکبوانیش، وەزارەتی پلاندانان ئاشکرایکردوە، رەوشی تەندروستی کۆرپەلە و منداڵانی خوار پێنج ساڵ باشتر بوە، بەجۆرێک لە هەر 100 هەزار لەدایکبونێکی کۆرپەلە، 20 کەسیان دەمرن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەبوە".
هەروەها "بەراورد بە ساڵی 2018دا رێژەی لەدایکبونی منداڵ کەمبوەتەوە لەکاتێکدا لەو ساڵەدا سێ ملیۆن و 660 هەزار منداڵ لەدایکبون، بەڵام لە ساڵی 2022 بۆ سێ ملیۆن و 300 هەزار منداڵ لەدایکبون کە تەمەنی ئافرەتانی دوگیان لەنێوان 15-49 ساڵاندا بون، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبونی رێژەی تەمەنی بەساڵاچوان."