دوو تۆمەتی نوێ دراوەتە پاڵ نازیلا مەعرووفیان

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی "رادیۆ زەمانە" بڵاوی کردۆتەوە، بەرپرسانی زیندانی ئیڤین، بە بنەماڵەی "نازیلا مەعرووفیان"یان راگەیاندووە، ئەم رۆژنامەنووسە ٢٣ ساڵ تەمەنەی شاری سەقز، بە دانانی بارمتە ئازاد ناکرێت و لێپرسینەوە لێی بەردەوامە .

بە پێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، پێشتر بە بنەماڵەی نازیلا مەعرووفیا رایانگەیاندووە، ئامادەن لە بەرامبەر کەفالەتی ١ میلیارد تمەندا، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاتی ئازادی بکەن. بەڵام بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لەو بڕیارە پاشگەز بوونەتەوەو دوو تۆمەتی نوێیان خستۆتە پاڵ ئەم کچە رۆژنامەنووسە کوردە.

بە پێی زانیارییەکان ، سەرجەم تویتەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری ئەم رۆژنامەنووسەیان پرێنت کردووەو وەک بەڵگەی تاوان خستوویانەتە بەردەستی و پێیان راگەیاندووە ئەمانە بەڵگەن بەوەی کە ئەو تاوانبارە بە تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی و گەیاندنی زانیاری بە دەرەوەی وڵات و کەڵک وەرگرتن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر کە لە ئێران رێگەپێنەدراوە.

نازیلا مەعرووفیان رۆژی شەممە ٨ی جولای بۆ جاری دووەم دەستگیرکراو لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەرە. جێگەی ئاماژەیە ئەم رۆژنامەنووسە لە ماوەی ٥ رۆژی رابردوودا تەنها ١ جار توانیویەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسە بکات و لەبەر ئەوەی باوکی رستەیەکی کوردی لە قسەکانیدا بە کار هێناوە، تەلەفۆنەکەیان لە سەر داخستووەو ڕێگەی قسەکردنیان پێ نەداوە.

نازیلا مەعرووفیان رۆژی ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، وتووێژێکی خۆی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی، بڵاوکردەوە. پاش بڵاوبوونەوەی ئەو وتووێژە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و تۆمەتی " پڕووپاگەندە دژی دەسەڵات" و "بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیڕوڕای گشتی" درایە پاڵ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار