پە*کە*کە بە ئیرادەی سەربەخۆیەوە ، کورسی هەبوو لە جڤینی ڤیلینسی ناتۆ
یەک ساڵ لەمەوپێش
نیاز حامید برایم
لە کەناڵی فۆکس نیوز گوێبیستی کۆنگرێسمانێک بەناوی گریک مۆرفی بووم، سەبارەت بە ماکیاژیی بایدن قسەیکرد و، گوتی: زیاد لە پێویست کەڵک لەو ماکیاژە وەردەگرێت، شێوەی خۆی خەریکە لەدەست دەدات.
لە ناوەڕۆکی ماتریالیزمی دیالێکتیک شێوەو ناوەڕۆک پەیوەندیدارن، بەڵام رەگەزی سەرەکی ناوەڕۆکە، بە واتایەکی دیکە، ناوەڕۆک بۆی هەیە شێوە بگۆڕێت بەڵام شێوە هەرگیز. رژێمی کاپیتالیست سەرباری دەستکەوتگەلێکی گرنگ بۆ مرۆڤایەتی، لێ تووشی قەیرانی گەورەش بۆتەوە و زیاتریش دەبێتەوە. چەندە شێوەی بگۆڕێت، ناتوانێت ناوەڕۆکی کرم لێدراوی بگۆڕێت.
ناتۆ کە پارێزەری رژێمی کاپیتالیستە، بەبەکاربردنی هێزی رەق، سەربازی، دەیەوێت بەر بە گۆڕانکارییەکان بگرێت. روسیا وچین ئەوانیش ئەندامی کارای رژێمی سەرمایەداری جیهانن، بەڵام ناکۆکییەکان وایلێکردوون، بیانەوێت دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهینن، بۆیە ناتۆ سازو ئامادەیە بۆ بەرگرتنیان. لەناو ناتۆدا فاشیزم لەوپەڕیدایە، چونکە لوتکەی فاشیزم کە تورکیایە لەناو ناتۆدایە و قسەی دەڕوات. تا رازی نەبوو، سوێد نەیتوانی بچێتە ناو ناتۆوە.
تورکیا بۆ ئەوەی وەک ئەندام لەناتۆدا بمێنێتەوە، دەبێت تەواوی ئەندامەکانی، فاشیزمی ئەردۆگان یا رژێمی تورکیایان قەبوڵ بێت. کەواتە ناتۆ لە بەرەیەکدایە، پەکەکە کە نوێنەرایەتی کوردی ئازاد دەکات، لەبەرەیەکی تەواو پێچەوانە دایە. بە واتایەکی دیکە ناتۆ لە جڤینەکانیدا ، بەتایبەتی دوایین جڤینی لوتکەی لە ڤیلینس، پەکەکە وەک رکابەری خۆی، وەک دوژمنی فاشیزم و سیستەمی ئەپارتیاد، ناساند. لە جڤینەکەدا بەهۆی بوونی لوتکەی فاشیزم لە جیهاندا کە تورکیایە، پەکەکەش وەک ئەنتی فاشیزم حزوری هەبوو. ناکۆکی ناتۆ لەگەڵ پەکەکە نوێ نییە، ناکۆکی جەوهەرین، ئێستا بەهۆی مەزن بوونی روونتر شەکلی گرتووە، وەک ئێستا دەبینرێت لە ڤیلینس باسی دەکرێت، لە چیاکانیشدا بۆمبی ئەتۆمی تەکتیکی و کیمیاوی ناتۆی بەرامبەر بەکاردەهێنرێت.
ناکۆکیەکانی چین و روسیا لەگەڵ ناتۆ، ناکۆکی ناو یەک ماڵن، ئێستا شیوازی توندوتیژیی گرتۆتەبەر و لەسەر خاکی ئۆکرانیا، دوور نیە لە شوێنی دیکەش ئەوە رووبدات ، ناتۆ دەیەوێت نینۆکیان بکات تا بێچرنوک بمێننەوە و، وەک باقی دەوڵەتەکانی دیکە بکەونە پارێزوانی لە سەرمایەداری. چاو لێبکە، روسیا وچین هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ فاشیزمی ئەردۆگان یا رژێمی تورکیا نییە، چونکە ئەندامی ناو سیستەمن.
کێشەی گەورەی ناتۆ لەگەڵ پەکەکەیە. هێشتا لە شەڕی ئەمەریکا لە دژی روسیا چەکی ئەتۆمی تەکتیکی و فۆسفۆری لە ئۆکرانیا بەکارنەهاتووە، لێ لە چیاکانی کوردستان لەدژی گەریلا بەکاردێت! دۆستێکی یۆنانی دوێنێ پێیگوتم: کورد بۆخۆی مێژووە، وەک چۆن خاوەن مێژووی هەزاران ساڵە، ئاواش بەئامرازی پەکەکەوە دەبێتە خاوەنی (ئایندە).
پەکەکە کە نوێنەرایەتی کورد لە بنی دیرۆکەوە تاوەکو ئێستا دەکات، لەگەڵ رۆیشتنی کات، پارادیگما مرۆییەکەی بۆ پێکەوەژیان وکۆنفیدرالیزمی دیموکراتی وەک بەدیل جێگە دەگرێت. بێ عیلەت نییە بەهەزارن سوێدی، وێرای ئیجرائاتی توندی حکومەت، لە شەقامەکانی ستۆکهۆلم وێنەی رێبەر 'ئۆجەلان' و پەکەکە بەرزدەکەنەوە.
پەکەکە کەس بە زۆر ناهێنیتە سەر جادە، ئەوا خودی پرۆژەی چارەسەریی و پارادیگماکەیە، کاریگەری لەسەر ناوەڕۆکی مرۆڤەکان دادەنێت، بە خۆشحاڵی و فیداکارییەوە، گەریلایانە، دێنە سەرجادە.