پچڕانی ئینتەرنێت و خۆپیشاندانی بێدەنگ لە زاهیدان

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی "حال وش" کە هەواڵ و زانیارییەکانی بەلووچستان بڵاو ئەکاتەوە، ئەمڕۆ هەینی ١٤ی حەوت ، هاوکات لەگەڵ نوێژی هەینی زاهیدان و شارەکانیتری پارێزگای سیستان و بەلووچستان، ئەنتەرنێتی ئەو پارێزگایە پچڕاوە.

ماڵپەڕی ( نێت بلاکس) رێکخراوێک کە چاودێری سنووردارکردنی ئەنتەرنێت ئەکات لە دونیا، پچڕانی ئەنتەرنیتی لەو ناوچەیە پشتڕاستکردۆتەوە.

هاوکات خەڵکی زاهیدان و شارەکانیتری ئەو پارێزگایە بە دەم بانگەوازی مەولەوی عەبدولحەمید، پێش نوێژی سوننەکانی زاهیدانەوە رۆشتن و بە شێوی بێدەنگ خۆپیشاندانیان کرد.

لە خاش، یەکێکیتر لە شارە گەورەکەکانی سیستان و بەلووچستان، خەڵک هاتنە سەر شەقام و خوازیاری ئازادی زیندانییە سیاسییەکان بوون و پشتیوانی خۆیان لە مەولەوی عەبدولحەمید ، دەربڕی.

لە چەند رۆژی رابردوودا و دوای ئەوەی لە لایەن گرووپی چەکداری "جیش العدل"ەوە هێرش کرایە سەر کەڵانتەری ١٦ی زاهیدان، ماڵپەڕە حکوومەتییەکان هەڕەشەیان لە مەولەوی عەبدولحەمید و خەڵکی بەلووچستان کرد بەوەی تۆڵەی خۆێنی ئەو دوو کەسەیان لێ دەسێننەوە کە لەو بنکە سەربازییەدا کوژراون.

ماڵپەڕی "تسنیم" سەر بە سپای پاسداران، مەولەوی عەبدولحەمیدی بە هۆکاری ناڕەزایەتی و بشێوییەکانی بەلووچستان ناوبرد و داوای دەستگیرکردن و دادگایی کردنی بوون.

حسێن شەرێعەتمەداری سەرنووسەری رۆژنامەی کەیهان، رۆژی یەکشەممەی رابردوو (٩ی جولای)  داوای سزادانی مەولەوی عەبدولحەمید و ئەوانەی کرد کە پشتتیوانی ئەکەن و بۆ جاری چەندەم مەولەوی عەبدولحەمیدی بە بەکرێگیراو و سیخوڕی ئیسرائیل و مووساد ناوبرد.

ەرەبەیانی شەممە ٨ی جوولای، لە لایەن دەستەیەکی ٤ کەسی چەکدارەوە، هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازی لە شاری زاهیدان لە پارێزگای بەلووچستان و بەو هۆیەوە ٢ چەکداری سەر بە دەسەڵات و ٤ کەسی هێرشبەریش کوژراون.

 

هەر لەم پەیوەندەدا، گرووپی چەکداری "جەیش العدل" کە گرووپێکی چەکداری دژبەری کۆماری ئیسلامین لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئێران،  لە تویتێکدا بەرپرسایەتی ئەم هێرشەیان گرتۆتە ئەستۆ.

کەڵانتەری ١٦، ئەو بنکە سەربازییەیە کە هێرشی کراوتە سەر و ئەم بنکە سەربازییەی رژیم بە هۆکاری سەرەکی روودوای "هەینی خوێناوی" زاهیدان دەناسرێت.

رۆژی هەینی ٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ و لە هەفتەکانی یەکەمی دەستپێکی شۆڕشی ژینا، خەلکی زاهیدان بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە کوردستان، دوای نوێژی هەینی، رژانە سەر شەقام و دژی دەسەڵات دروشمیان وتەوە، بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان لە لایەن "کەڵانتەری ١٦"ەوە خۆپیشاندەران درانە بەر دەستڕێژ و زیاتر لە ١٠٠ کەس کە ژمارەیەکیان مناڵبوون کوژران و ئەو رووداوە بە هەینی خویناوی ناسراوە.

هەر لە سەرەتای دەستپێکی شۆڕشی "ژینا"وە، خەڵکی زاهیدان و سیستان و بەلووچستان، هەموو رۆژانی هەینی دوای نوێژی هەینی، دژی کۆماری ئیسلامی و هەڵاواردنە ئایینزایی، نەتەوەیی و جوگرافیاییەکان خۆپیشاندان ئەکەن. مەولەوی عەبدولحەمید وەک کەسایەتییەکی ئایینی رێبەری ناڕەزایەتییەکانی بەلووچستان ئەکات و سەرەڕای هەموو هەڕەشەکان لە خواستەکانی خۆی پاشگەز نەبۆتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار