ئەمریکا دژی ئێران فڕۆکەی ئێف 16 رەوانەی کەنداو دەکات

جموجۆڵەکانی ئێران لە کەنداو نیگەرانیی ئەمریکای لێکەوتوەتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



پنتاگۆن ئاشکرای دەکات بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بازرگانیی و نەوتهەڵگرەکان لە کەنداو ئەمریکا فڕۆکەی جەنگیی رەوانەی ئەو سنورە دەکات.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا(پنتاگۆن) بڵاوی کردوەتەوە؛ بە ئامانجی رێگریی لە هەوڵەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەروی هورموز فڕۆکەی ئێف 16 رەوانەی ئەو سنورە ئاوییەی کەنداو دەکرێت و لەمەوداو سودوەرگرتن لەو جۆرە فڕۆکەیە زیاتر دەبێت.

بە پێی لێدوانێ بەرپرسێکی باڵای پنتاگۆن لە کۆتایی ئەم هەفتەدا ژمارەیەک فڕۆکەی ئێف 16 رەوانەی کەنداو دەکرێن کە مەبەستی سەرەکییان رێگریی و بەرەنگاربونەوەی هەوڵەکانی ئێرانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکان.

پێشتر یەکەی پێنجەمی هێزی دەریاوانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ رۆژی چوارشەممە (5/7/2023) هێزەکای کۆماری ئیسلامی ئێران تەقەیان لە دوو کەشتی گواستنەوەی نەوت لە کەنداو کردوە و هەوڵیان داوە دەست بەسەر ئەو کەشتیانەدا بگرن.

هێزی دەریاوانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردوە هێز ئێران لە رێگەی بەلەمە تیژڕەوەکانییەوە هەوڵی راگرتنی کەشتییەکانی داوە لە سنوری ئاوە نێودەوڵەتییەکانی کەنداو و دواتر ئەو هێزانە روبەڕوی ئاماژە و ئاگادارکردنەوەی هێزە دەریاوانییەکانی ئەمریکا لەو سنورە بونەتەوە و بە ناچاری شوێنەکەیان جێهێوشتوە.

بە پێی بەیاننامەکە؛ سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی ئێران تەقەیان لەو کەشتیانە کردوە بەڵام هێزی دەریاوانی ئەمریکا رێگەی نەداوە ئەو دوو کەشتییە بکەوێتە دەست هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و شکست بە هەوڵی داگیرکردنی کەشتییەکان هێنراوە.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆ شیەتێدپرێس) بڵاوی کردوەتەوە؛ بەلەمەکانی ئێران لە دوریی 28 میلی دەریایی لە دوری مەسقەتی پایتەختی عۆمان تەقەیان لە دوو کەشتی یۆنان کردوە کە نەوتی وڵاتی ئیمارات-یان گواستوەتەوە.

ئەمریکا رایگەیاندوە؛ لە دوو ساڵی رابردود لانیکەم پێنج کەشتی گواستنەوەی نەوت لە لایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و سوپای پاسداران و هێزەکانی ئەو وڵاتە کێشەیان بۆ ژمارەیەک کەشتی دیکەی بازرگانیی دروست کردوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار