خوێندنی ناچاری زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەکانی ئێران لابرا

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 

بەرپرسێکی باڵای پەروەردەی ئێران رایگەیاند لە ساڵی داهاتووی خوێندنەوە، قوتابیانی ئێرانی ئیتر ناچار نین زمانی ئینگلیزی فێر بن، بەڵام پێویستە لە سەریان زمانی عەرەبی بخوێنن و فێر بن.

رۆژی یەکشەممە ١٥ی حەوت ، فاتمە رەمەزانی دەبیری کۆمیسیۆنی بەرنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەی ئێران بە ڕۆژنامەنوسانی راگەیاند:" لەمە بەدواوە قوتابییەکان ناچار نین زمانی ئینگلیزی لە خوێندنگەدا بخوێنن و ئەوان ئەتوانن جگە لە زمانی ئینگلیزی یەکێک لە زمانەکانی فەرەنسی، ئەڵمانی، رووسی، چینی و ئیسپانی  هەڵبژێرن، بەڵام خوێندنی زمانی عەرەبی کە زمانی قورعانە لە قوتابخانەکاندا ناچارییە."

لە خوێندنگەکانی ئێران، لە قۆناغی ناوەندییەوە زمانی ئینگلیزی وەک یەکێک لە وانەکان دەوترێتەوەو قوتابی ناچارە بیخوێنێت. بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام باس لەوە کراوە پێویستە زمانێکیتری بیانی جێگەی زمانی ئینگلیزی بگرێتەوە.

لابردنی خوێندنی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەکان نیگەرانی ژمارەیەک لە شارەزایانی بواری پەروەردەی لێکەوتۆتەوەو ئەوان لایان وایە لابردنی زمانی ئینگلیزی، سەرەنجامی خراپی لە سەر کۆی سیستەمی پەروەردەی ئێران ئەبێت.

عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران، زۆرجار لە وتاردانەکانی خۆیدا دژی وتنەوەی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەکان وتاری داوە.

هەفتەی رابردوو،ئاژانسەکانی هەواڵ باسیان لەوە کرد لەمەو بەدوا زمانی چینی دەبێت بە یەکێک لەو زمانانەی کە لە قوتابخانەکاندا دەوترێنەوە.

بە پێی پەسەندکراوی نوێی شۆرای باڵای پەروەردە و بارهێنان کە لە لایەن ئیبراهیم رەئیسییەوە واژۆ کراوە، لەمەو بەدوا زمانەکانی "چینی" و "عەرەبی" لەو زمانانە ئەبن کە دەکرێت لە قوتابخانەکاندا بوترێنەوە لەگەڵ زمانەکانیتر.

عەلیرەزا دێهقانی، شارەزا لە بواری پەروەردە و بارهێنان، ئەم هەنگاوەی پەروەردەی ئێران بە پێچەوانەی سیستەمی پەروەردەیی ئەمڕۆیی دەزانێ و دەڵێت:" هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی زمانی چینی یان رووسی بکەن بە جێگرەوەی زمانی ئینگلیزی لە سیستەمی پەروەردە، بەڵام ئەمە زیاتر لەوەی بە پێی لێکدانەوەی پەروەردەیی بێت بە هۆی بڕیاری سیاسییەوەیە. زمانی ئینگلیزی ئەمڕۆ زمانی یەکەمە لە هەموو دونیا و بێبەریکردنی قوتابییەکان لەو زمانە پێچەوانەی لێکدانەوە پەروەردەییەکانە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار