ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی تاران بەرامبەر بەغداد بڕیارێک دەردەکات

واشنتۆن بۆ یەکەمجار رێگە بە گواستنەوەی پارە بۆ ئەژمارێکی بانکی ئێران دەدات

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

یەک ساڵ لەمەوپێش



ئەمریکا بۆ کەمردنەوەی فشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بەغداد مۆڵەتێکی نوێ دەردەکات بۆ دانەوەی قەرزەکانی غاز و کارەبا بە تاران.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە؛ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ سێشەممە بڕیارێکی نوێی واژۆ کردوە کە وەک مۆڵەتێکی 120 رۆژە عێراق قەرزەکانی كڕینی غاز و کارەبا رادەستی کۆماری ئیسلامی بکات.

بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە؛ یەکەمجارە ئەمریکا مۆڵەتی لەو شێوە بۆ عێراق واژۆ دەکات بۆ ئەوەی راستەوخۆ قەرزەکان بخاتە سەر ئەژمارێکی بانکیی ئێران چونکە پێشتر سەرەڕای ئازادکردنی پارەکانی ئێران لە عێراق و دانەوەی قەرزەکان بەڵام پارەکان تەنها لە ئەژمارێکی بانکیی عێراق دەمایەوە و تاران نەیدەتوانی لە دەرەوەی سزاکانی واشنتۆن مامەڵە بەو پارانەوە بکات.

بەرپرسێکی ئەمریکا کە نەیویستوە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە؛ واشنتۆن بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بەغداد ئەو لێخۆشبونەوە سزاکانی ئێرانی بۆ عێراق دەرکردوە.

لە ماوەی رابردودا کۆماری ئیسلامی چەند جارێک هەناردەی غازی بە بیانوی کێشەی تەکنیکی بۆ عێراق کەم کردوەتەوە و ئەوەش بەرهەمهێنانی کارەبای لە وێستگەکانی کارەبا کەم کردوەتەوە کە بە فشاری تاران بەرامبەر عێراق لەقەڵەم دەدرێت.

ئەحمەد موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاندوە؛ وەزارەتەکەیان سەرجەم قەرزەکانی کڕینی غاز لە ئێرانی رادەستی بانکی بازگانیی عێران (TBI) کردوە بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا ناتوانرێت ئەو بڕە پارەیە بچێتە سەر ئەژمارە بانکییەکانی ئێران.

پێشتر بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندبو عێراق زیاتر لە 11 ملیارد دۆلار قەرزاری کارەبا و غازی ئێرانە و ئەگەر ئەو قەرزە رادەست نەکرێت ئەوا گرێبەستی فرۆشتنی رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سیجا غاز بە عێراق نوێ ناکرێتەوە.

میتو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ نزیکەی سێ ملیارد دۆلاری بلۆککراوی ئێران لە عێراق ئازاد کراوە و سیاسەتی واشنتۆن لە ئاست بەغداد و تاران گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتوە.

بە وتەی میلەر: لە ساڵی 2018 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ژمارەیەک لێخۆشبون لە سزاکانی بە راوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە (کۆنگرێس) بۆ عێراق دەرکردوە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بتوانێت تێچوی کڕین یان دابینکردنی کارەبا لە ئێران بخاتە سەر ئەژمارێکی بانکیی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رونی کردوەتەوە؛ بەهۆی سزاکانی واشنتۆن دژی دژی کۆماری ئیسلامی ئەو پارانە تەنها لە چوارچێوەی بوارە مرۆییەکانی وەک دابینکردنی خۆراک و دەرمان و ئەو بوارنە بەکار دەهێنرێت کە سزاکانی ئەمریکا نەیگرتبنەوە.

لە ماوەی رابردودا بەرپرسانی عێراق و کۆماری ئیسلامی رایانگەیاند؛ بە رەزامەندیی ئەمریکا بڕی زیاتر لە دوو ملیارد و 700 ملیۆن دۆلار لە کڕینی قەرزەکانی غاز و کارەبای ئێران ئازاد کراوە بەڵام بەهۆی سزاکانەوە ناتوانرێت ئەو پارەیە بخرێتە سەر ئەژمارە بانکییەکانی ئێران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار