تورکیا ئاو وەکو چەکێك دژی عێراق بەکاردەهێنێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پەیمانگایەکی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند ئەنقەرە ئاو وەکو چەکێك دژی عێراق بەکاردەهێنێت.
پەیمانگەی فۆڕین پۆلیسی ئەمەریکی بۆ توێژینەوەی سیاسی و ئابوری ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیداهاتوە، گۆڕانکاری کەشوهەوا گورزی کوشندە لە عێراق دەدات و ئاستی ئاو کەمبوەتەوە و ژینگەکەی تێکچوە بەتایبەت لە ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی وڵاتەکەدا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، تورکیا ئاو وەکو چەکێك دژی عێراق بەکاردەهێنێت و ڕوباری دیجلە و فوڕات لە عێراقدا لەژێر مەترسیدان بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوەکەیان بەڕێژەی 40% لە چوار دەیەی ڕابردودا دەسەڵاتدارانی عێراق لە وشکبونی ئەو ڕوبارە دەترسن.
باسی لەوەشكردوە، لە ساڵی 1997 لە یەك چرکە زیاتر لە پێنج هەزار مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا ڕژاوەتەوە ڕوباری دیجلەوە، بەڵام لە ساڵی 2009 بۆ دوو هەزار و 400 مەتر سێجا لە چرکەیەدا و لە ساڵی 2022 بۆ 625 مەتر سێجا لە چرکەیەدا کەمبوەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەو پەیمانگایە، گۆڕانکاری کەشوهەوا لە عێراق کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق لە ناوچەکەدا هەیە بە تایبەت تورکیا کە لە ئاوی دیجلە و فوڕاتدا خۆی دەبینێتەوە و ئەو دوو ڕوبارە سەرچاوەی سەرەکی ئاون لە وڵاتەدا.