بەریتانیا: توندرین هەڵوێستمان دژی کۆماری ئیسلامی دەبێت
لەندەن دژی کۆماری ئیسلامی هاوکاریی هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا
یەک ساڵ لەمەوپێش
بەرپرسێکی باڵای بەریتانیا رایدەگەیەنێت؛ کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی رابردودا زۆرترین پلانی رفاندنی هاوڵاتییانی داوە و لە بەرامبەردا لەندەن هەڵوێستەکانی توندتر کردوەتەوە و دەبێت تاران هەڵسوکەوتەکانی بگۆڕێت.
جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە وتارێکیدا بۆ ناوەندێکی توێژینەوەی (ئەسپێن) رایگەیاند: لەندەن سورە لەسەر ئەوەی هاوڵاکاریی زیاتری هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات بۆ بەرەنگاربونەوەی سیاسەتی شەڕەنگێزانەی کۆماری ئیسلامی و هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی.
کلێڤەرلی وتویەتی: لەندەن بەهەموشێویەک هەوڵەکانی توند دەکاتەوە بۆ ئەوەی هەوڵە شەڕەنگێزییەکانی تاران پوچەڵ بکاتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا کاردانەوەی توندی نواندوە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی.
بە وتەی ئەو: کۆماری ئیسلامی لە 18 مانگی رابردوە زیاترین پیلانگێڕیی لە دژی هاوڵاتییانی بەریتانی و لە خاکی وڵاتەکەدا ئەنجام داوە و دەزگا هەواڵگریی و ئەمنییەکان لانیکەم 15 پیلانی کۆماری ئیسلامییان بۆ رفاندنی هاوڵاتییانی بەریتانی پوچەڵ کردوەتەوە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختی لەوە کردوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ئاستێکی توندا پیلانگێڕیی دژی لەندەن کردوە بۆیە وڵاتەکەی بە هەموشێوەیەک لە رێگەی هاوکاریی هاوپەیمانەکانییەوە بەرەنگاری هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە.
لێدوانی جەیمس کلێڤەرلی لە کاتێکدایە بەریتانیا بەهۆی هاوکارییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ روسیا و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 500 سزای دژی دەسەڵاتی تاران سەپاندوە.