داهاتی نەوتی ئێران لە سالی ٢٠٢٢ یەک لە سەر سێی عێراقبووە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکەری نەوت، ئۆپێک، لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئەڵێت :" ئێران لە ساڵی رابردووی زاییینیدا، یەک لە سەر سێی عێراق و نیوە کوێت و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی داهاتی نەوتی بووە".

بە پێی ئەم راپۆرتە، ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ بە بێ لەبارچاوگرتنی داشکانەکان و تێچووی خۆدزینەوە لە گەمارۆکان، بڕێ ٤٢،٦ میلیارد دۆلار نەوتی خاوی هەناردە کردووە.

ئەم رێژەیە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١  لە سەدا ٦٧ (٦٧٪) زیادی کردووە کە بەشی زۆری بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکان بە هۆی هێرشی سەربازی رووسیا بۆ ئۆکراینەوەیە کە بوو بە هۆی ئەوەی نرخی نەوت لە دونیا ١٧٪ زیاد بکات.

ئاستی مامناوەندی نرخی خاوی ئێران لە بازاڕەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ نزیک بە ١٠٠ دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام لە مانگی ٦ ، دابەزیوە بۆ٧٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک .

بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی رادیۆ فەردا لەم بارەوە بڵاوی کردۆتەوە، ئێران دەیەک لەوە پێش و بەر لە گەمارۆ نێونەتەوەییەکان دووهەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی خاو بوو لە ئۆپێک دوای سعوودیە. بەڵام گەمارۆ نێونەتەوەییەکان لە سالێ ٢٠١٢ بوو بە هۆی ئەوەی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو پێشی بکەویت.

دوای گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆک کۆماری دۆناڵدترامپ، هەرکام لە وڵاتانی کوێت و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی پێش ئێران کەوتن.

بە پێی راپۆرتی هەرکام لە هەواڵنێرییەکانی بلۆمبێرگ و روەیتەرز، ئێران جگە لەوەی پارەیەکی زۆری سەرف کردووە بۆ ئەوەی خۆی لە گەمارۆکان بدزێتەوە، لەوانە کەڵک وەرگرتن لە دەڵاڵە نێونەتوەییەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ گۆڕینی براندی نەوت و شاردنەوەی سەرچاوەکەی لە رێگای گۆڕینی کەشتییەکانەوە لە زەریاکان، نزیک بە ١٢٪ داشکانیشی کردووە بۆ پاڵاوگە بچووکە چینییەکان، وەک تەنیا کڕیارەکانی نەوتی کۆماری ئیسلامی.

بە پێی راپۆرتی ئۆپێک لە ساڵی ٢٠٢٢ ئێران هەموو رۆژێک ٩٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کە لە سەدا ٣٠ بە شێوەی راستەوخۆ و نزیک بە لەسەدا ٦٠ی لە رێگای دەڵاڵە چینییەکانەوە ، نێردراوەتە چین.

هەروەها بە پێی ئەم راپۆرتە لە ساڵی ٢٠٢٢، ئێران هەموو رۆژێک ٤٤ هەزار بەرمیل نەوتی داوە بە ڤێنزۆئێلا و ٥٦ هەزار بەرمیلی داوە بە سووریا.

ئێران تا پێش گەرمارۆکان هەموو رۆژێک ٢.٥ میلیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەورووپا و ئەفریقا و وڵاتانی ئاسایی دەکرد.

بە پێی راپۆرتەکان، ئاستی هەناردەکرندی نەوتی ئێران لە مانگی ئەیاری ئەمساڵەوە بە هۆی داشکانی بەرچآوی لە سەدا ٥٠ بۆ چین، لە چاو ساڵی پێشتر زیادی کردووە، بەڵام نرخی جیهانی ەنوت لە بەرچاو ساڵی پار ئەم مانگانە لە سەدا ٣٠ کەمی کردووە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار