لە چوار مانگدا 207 تۆن ماددەی هۆشبەر لە ئێران دەستی بەسەردا گیراوە

بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران زیادی کردوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



پۆلیسی ئێران بڵاوی کردەوە بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتەکەدا زۆر بوە و تەنها لە چوار مانگدا زیاتر لە 200 تۆن ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.

ئیرج کاکاوەند، بەڕێوبەری پۆلیسی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئێران رایگەیاند؛ لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵ و لە ماوەی چوار مانگدا نزیکەی 207 تۆن ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە و 527 باندی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ئاشکرا بون.

لەو بڕە ماددە هۆشبەرەی کە پۆلیسی ئێران دەستی بەسەردا گرتوە 156 تۆنی تریاک بوە کە لە ئەفغانستان دروست دەکرێت.

بە وتەی کاکاوەند؛ 30 بۆ 40%ی سەرجەم ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە وڵاتی ئەفغانستان دروست دەکرێت بۆ ئێران دەگوازرێتەوە و چوار هەزار پۆلیسی ئێران لە پێناو رێگریی لە ماددە هۆشبەرەکان کوژراون و  12 هەزار کەسیش کەمئەندام بون.

ئاماژەی بەوە کردوە بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران زۆربوە و رێژەی ئەو کەسانەشی کە بەهۆی بازرگانیی و گواستنەوەی ئەو ماددانەوە دەستگیر کراون 19% بەراورد بە رابردو زیادی کردوە.

بەڕێوبەری پۆلیسی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئێران وتیشی لەو چوار مانگەدا 264 تۆمەتباری سەرەکی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون و لانیکەم زیانی 580 هەزار دۆلار لە باندەکانی تایبەت بە گواستنەوەی ئەو ماددانە دراوە.

پێشتر عەلیڕەزا کازمی، قائیمقامی ناوەندی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئێران رایگەیاند؛ رێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانی وەک تریاک، حەشیش و کریستاڵ لە کەسانی تەمەن 15 بۆ 64 ساڵ لە ئێران بە رێژەی 26% زیادی کردوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار