پێویستە چۆن لەبڕیارەکانی پەیماننامەی لۆزان تێبگەین؟

یەک ساڵ لەمەوپێش



بڕوا ستار

بۆ لێکۆڵینەوە لەڕوودانی هەر بابەتێکی مێژوویی پێویستە سەرجەم رەهەند، گۆشە، هۆکارەکانی ئەو بابەتە مێژووییە خوێندنەوەی بۆ بکرێت و بەپێوەری ساتی روودانی بابەتەکە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، ئەگەر نا خودی لێکۆڵینەوەکەکورت دەهێنێت و ناتوانێت راستی و درووستی ئەو رووداوە بسەلمێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی گرنگەو دەبێت لەلێکۆڵینەوەکەدا رەنگبداتەوە، راستگۆیی خستنەڕووی سەرجەم راستییەکانە، ئەگەرچی لەبەرژەوەندیشدا نەبێت، چونکە بەدەرنەخستنی راستییەکان دەشێت دیسانەوە لەوێستگەیەکی دیکەی مێژوودا دووچاری هەمان رووداو ببیتەوە.

پەیماننامەی لۆزان زیاتر لەهەر بابەتێکی مێژوویی پێویستی بەوردبوونەیە، چونکە خودی پەیماننامەکە دەرهاوێشتەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە، کە لەمێژوودا دەگمەنە، ئەویش یەکەمین جەنگی جیهانی و لێکەوتەکانیەتی، بەتایبەتیش کاریگەرییەکانیەتی لەناوچەکەماندا، چونکە نەخشەیەکی نزیک ٥٠٠ ساڵەی گۆڕی و چەند گەلێکی کردە سەردەست و چەندین گەلیش ژێردەست، لەناو ئەو گەلە ژێردەستانەشدا ئێمەی کورد و نیشتمانەکەمانی بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ کردە ژێردەستە.

لەدوای یەکەمین جەنگی جیهانی و سەرکەوتنی هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی بەریتانیاو فەڕەنسا، کۆبوونەوەکانی ئاشتی بۆ سەپاندنی خواستی براوەکان بەسەر دۆڕاوەکانی جەنگدا دەستیپێکرد، سەرەتا بەپەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئەڵمانیای ناسراو بە»پەیماننامەی ڤێرسای» ١٩١٩ دەستیپێکرد و ئامانج لێی گەڕانەوەی ئەڵمانیا بوو بۆ ناوچەکانی پێش جەنەگەکە، ئەوەی کەپەیوەندیدارە بەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکەمین کۆبوونەوەکانی ئاشتی لەکۆنگرەی سان ریمۆی سەرەتای ١٩٢٠ بە سەرکردایەتی بەریتانیاو فەڕەنسا بەمەبەستی دابەشکردنی میراتەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەستیپێکرد، لەئەنجامی ئەم کۆنگرەیەدا لەمانگی ئابی ١٩٢٠ هەردوو وڵاتی زلهێزو براوەی جەنەگەکە لەگەڵ حکومەتی عوسمانی پەیماننامەی سیڤەریان واژۆکرد، کەپێدانی خۆبەڕێوەبەری بۆ کورد، ئەرمەن و عەرەبەکانی تێدا کرابووە مەرج، بەتایبەتیش دەستکەوتەکانی بۆ کوردان بەشداریپێکردنی نوێنەری کورد بوو، لەگەڵ ئەوەشدا تەرخانکردنی بڕگەیەک بەناوی «کوردستان» و سێ مادەی (٦٣، ٦٤ و ٦٥) لە دەقی پەیماننامەکەدا تەرخان کردبوو، کە تێیدا بەشێک لەسنووری کوردستانی کردبوو بەناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەری بۆ کوردان.

لەلایەکەوە، بەهێزبوونی رەوتی نەتەوەپەرستی تورک بەسەرکردایەتی مستەفا کەمال و دەستگرتنیان بەسەر بەشی هەرەزۆری سوپای عوسمانی و وەدەرنانی سوپای فەڕەنسا لە بەشێک لەو ناوچانەی تورکیا کەداگیریکردبوو، لەلایەکی دیکەشەوە تێکچوونی پەیوەندییەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا وایکرد، رەوتی نەتەوەپەرستی تورکی گەشە بکات و ئەنجومەنی مەزنی نەتەوەیی تورکیا دابمەزرێت و تەواوی بریارەکانی سیڤەر رەتبکەنەوە.

بەهۆی شکستی بەریتانیاو فەڕەنسا لەشێوازی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتانەی کە پێشتر لەچوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا بوون و جیایانکردبوونەوە، هاوکات دانانی فەرماندەی سەربازی ئەو دوو وڵاتە وەک سەرپەرشتیاری باڵای ئەو ناوچانە، کە بەردەوام لەگەڵ دانیشتوانەکانیاندا لە شەڕو ئاڵۆزیدا بوون، وایکرد هەردوو وڵاتەکە بیر لەوە بکەنەوە ئەو ناوچانە بەمەرج بخەنە ژێر دەستی ئەو هێزە ناوخۆییانەی کە تێڕوانینیان نزیکە لێیانەوە، بۆ ئەمەش بەدوای جێگرەوەیەکی باشدا دەگەڕان، هەر لەو کاتەشدا بەهۆی بەهێزیی رەوتی نەتەوەپەرستی تورک لەئەنادۆڵ، هەردوو وڵاتی بەریتانیاو فەڕەنسای ناچار کرد کە لەگەڵ ئەو رەوتەدا بچنە سەر مێزی گفتوگۆ، لەسەرەتای گفتوگۆکانیشدا ئەنجومەنی مەزنی نەتەوەیی تورکیا مەرجی بۆ هاوپەیمانان ئەوە بوو کەپەیماننامەی سیڤەر هەڵبوەشێننەوە، لەبەرامبەریشدا هێزەکانی هاوپەیمانان دامەزراندنی وڵاتێکی سیکۆلارو دیموکراتیان کردە مەرجی دانوستان و دەستپێکردنی گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی تورکیا.

دوای رازیبوونی شاندی تورکیا بەم مەرجانەو ملکەچبوونی سەرکردەکانی بۆ خواستەکانی زلهێزەکانی ئەو سەردەمە، هێزەکانی هاوپەیمانان پەیماننامەی سیڤەر-یان هەڵوەشاندەوەو لەبەرژەوەندی رەوتی نەتەوەپەرستی تورک کۆتاییان بەخەونی سەربەخۆیی کوردستان هێنا.

لەئەنجامیشدا لەمانگی شوباتی ١٩٢٣ەوە گفتوگۆکان لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا دەستیپێکرد، تا لەمانگی تەمموزی هەمان ساڵداو لەچوارچێوەی پەیماننامەکانی ئاشتیدا پەیماننامەی لۆزان پەسەندکرا، کە بەهۆیەوە دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ تورکەکان دامەزرێندراو بووە هەوێنی نکۆڵیکردن لەمافەکانی گەلی کوردو گەلانی دیکە تا ئەم ساتە.

لەسەرەتای گفتوگۆکاندا شاندی هێزەکانی هاوپەیمانان داوایان لەشاندی تورکیا کرد، بۆچوونی کوردەکان لەسەر ئەم حکومەتە وەربگرن، کە مستەفا کەمال رابەرایەتی دەکات، چونکە پێشتر لەپەیماننامەی سیڤەردا بەڵێنیان بەکورد دابوو سەربەخۆیی بۆ خاکەکەیان مسۆگەر بکەن، هەر بۆیە عیسمەت ئینۆنۆ کە سەرۆکی شاندی تورکیا بوو بەپەلە دەگەڕێتەوە بۆ تورکیاو داوا لەمستەفا کەمال دەکات چەند نوێنەرێکی کورد بێنن و بەنووسراوێک رەزامەندی گەلەکەیان بۆ ئەم دەوڵەتە نەتەوەییەی رەوتی نەتەوەپەرستی تورک بۆ شاندی هێزەکانی هاوپەیمانان رابگەیەنن، دواتر حەسەن خەیری کە ئەوکاتە نوێنەری کورد بوو لەئەنجومەنی نەتەوەی گەورەی تورکیا، نامەیەک بۆ لۆزان دەنێرێت و وەک نوێنەری کورد بەواژۆی چەند کوردێکی دیکە رەزامەندی بۆ ئەو حکومەتە نەتەوەییە رادەگەیەنن، بەڵام شاندی هێزەکانی هاوپەیمانان بەگومانەوە لەم هەوڵەی ئینۆنۆ دەڕوانن، بۆ ئەمەش لەبڕیارەکانی پەیماننامەکەدا بەبێ ئاماژەکردن بەکوردو گەلانی تر، هەر یەک لەماددەکانی ٣٨ تا ٤٤ی پەیماننامەکە لەپاڵ مافی کەمینە ئاینەکان، مافی نەتەوەیی بۆ گەلانی تری جگە لەتورک تەرخان دەکات، بەڕوونیش باس لەمافی پەیڕەوکردنی زمان و کلتور دەکات، وەک ئەوەی لە ماددەی ٣٧ی پەیماننامەی لۆزاندا هاتووە، «تورکیا لەئەستۆیدایە، ئەو بڕیارانەی کە لەماددەکانی ٣٨ تا ٤٤ی ئەم پەیماننامەیەدا هاتووە، وەک یاسای بنەڕەتی بیبینێت، کەتێیدا هیچ رێساو یاسا یان کردەیەکی فەرمی دژیەک نەبێ لەگەڵیاندا یان لەسەرویانەوە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت هیچ رێسا و یاسا یان کردەیەکی فەرمی پێشێلیان بکات یان جێگەیان بگرێتەوە.» بەڵام تورکیا جگە لەپێدانی مافی ئاینی بەهیچ شێوازێک پابەندی ئەم بڕیارانە نەبووە، بەڵکو لەدەستوورەکەیدا بەڕوونی نکۆڵی لەو مافانە دەکات، کەئەمەش پێچەوانەی بڕیارەکانی ئەم پەیماننامەیەیە، ئەوەی جێگەی پرسیارە ئێمەی کورد بۆچی تائەم ساتە نەمانتوانیوە بە لایەنیکەم داوای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە بکەین، کە لەپەیماننامەکەدا هەیەو تورکیا لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا پێشێلی کردووە؟.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار