پەیماننامەی لۆزان‌و قسەیەک

یەک ساڵ لەمەوپێش



دلشاد تالەبانی

لە ٢٤ی یۆلیۆ( تەمموز) یادی پەیماننامەی لۆزانە کە ١٠٠ ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە. لەو پەیماننامەیە هەموو ماف و ناوێکی کورد لەگفتوگۆ و رێککەوتنە نێودەوڵەتیەکان سڕدرانەوەو لادران . بەڵێ راستە بەرژەوەندی ئینتەرناسیۆنالی و ناوچەیی دەوڵەتانی گەورە رۆڵی گرنگی لەهاتنەکایەی لۆزان  و دەرئەنجامەکانیش بینی، بەڵام سەرکەوتنەکانی ئەتاتورک لەجەنگی بەرگری و چەند هۆو فەکتەری بنەڕەتی تریش کاریگەری گەورەیان هەبوو لەدەرچوونی ئەو پەیماننامەیەی کەکورد تێدا یەکێک لەزەرەرمەندە سەرەکییەکانی بوو و هیچی بۆ نەمایەوە، لەکاتێکدا کە پەیماننامە و رێککەوتنی پێشوی سیڤەر هێندێک مافی سەرەتایی بۆ بەشێکی کوردی تێدا دەستنیشان کرابوو، هەرچەندە زۆربەی کوردستان لەو رێککەوتنە بێبەش کرابوو و داپچڕابوو و مەبەستی دروستکردنی دەوڵەتیش بەتەواوەتی جێگیر نەکرابوو، بەڵام دەتوانرا بکرێتە بنچینەیەک، گەر خاوەن پێگەکان و ئەوانەی بەسەرکردەی کورد دەژمێردران لەو سەردەمە بەژیرانە و بەشێوەی بەرپرسیارانە هەڵوێستیان بنواندبایە و یەکیان بگرتبایە و داوا سەرەکیەکانیان یەک و رێک بخستبایە و بەدروستی کا رو فشاریان چڕبکردایەتەوە، بەڵام ئەو دەرفەتانەیان لەدەستدا، لەگەڵ بەرژەوەندی زلهێزەکان وا کرا کە لەلۆزان حساب بۆ کورد نەکرێت.

هەندێک تاوانەکە دەخەنە سەر خەڵکی سادەی کوردستان، ئەوە نەوەک هەر راست و دروست نیە ، بەڵکو پێچەوانەکەی راستە، کورد هەمیشە ئامادەی فیداکاری و بەرگری بووە ، بەڵام شوێن سەرکردەی نەگونجاو کەوتووە و ئەوانەی خۆیان بەسەرکردوە و نوێنەری کورد زانیوە بەشاشی و نادروستی کاریان کردووە. ناهوشیاری گەلیش وایکردووە خەڵک دوای ئەوان بکەون و ئەوە تائێستا بەردەوامە.

یەکەم، چەند لایەنی کوردی ئەوکات لەگۆرەپانەکەدا بوون هەرلایەک بەجۆرێک هەڵوێستیان دەنواندو زۆرجار پێچەوانەی یەک، تەنانەت کۆمەڵەی تعالی کوردستان (KTC ) بوو بەچەند لایەنی نەیاری یەک.

بەشێک پشتیان بەبەڵێنەکانی سەڵتەنەت بەستبوو، بەشێکی زۆر لەسەرکردەی هۆز، زۆربەی سەرکردە سەربازیەکانی کورد و بەشێکی بەرچاو لەڕۆشنبیرانیش پشتگیری تەواویان لە مستەفا کمال ئەتاتورک دەکرد دژ بەسەڵتەنەت ( کە لە ٢٠ی ئابی ١٩٢٠ پەیماننامەی سیڤەری ئیمزاکردو دانی بەدروستبوونی دەوڵەتی کوردی نابوو، پێشتریش لەهەموو نەخشە و دیکۆمێنتەکانی عوسمانی ناوی کوردستان هەبوو) و دژی هاوپەیمانان جەنگیان دەکرد، لەجیاتی ئەوەی نوینەرایەتی، هێزی سیاسی و سەربازیان یەکبخەن وهاوکاری هاوپەیمانان و سەڵتەنەت بکەن بەچەندین مەرج ( کە ئەوکات ئەنقەرە توانای جەنگ و هەلی سەرکەوتنی نەدەما)، یان لایەنی کەم هێز و توانای خۆیان راگڕن و بیکەنە دیفاکتۆ و ئامرازی فشار لەهەموو دانوستاندنێکداوهەوڵی جێبەجێکردنی پەیماننامەی سیڤەر بدەن،  پشتگیری ئەو نوێنەرانە بکەن کەداوای دەوڵەتی کوردیان دەکرد، لەجیاتی پەرتەوازە بوون (وەک ئێستا هەر کەسایەتی و لایەنێک هەوڵی داپچڕاندنی ئیمتیازو سودیان دەدا، بەرامبەرەکانیان دەسڕیەوە و دژی یەکتر لەگەڵ لایەنە نەیارەکاندا رێکدەکەوتن و کاریان دەکرد بۆ بەرژەوەندی ئەوان، نەوەک کورد. مستەفا کەمال یەکەم کۆنگرەی بەرهەڵستکاری لەسیواس سازکرد و زۆری نوینەوران کوردبوون.

لەکاتی گفتوگۆکانی لۆزان ، هەر تەنها حەسەن خەیری و دیاب ئاغا نەبوون کە پشتگیری ئەتاتورکیان کرد ، بەڵکو هەموو پەرلەمانتارانی کورد لەمەجلسی نەتەوەیی کە بەسەرکردە سەربازییەکانەوە دەوری ٨٠ کەس دەبوون ( مەجلس پێکاهاتبوو لەدەوری ٣٠٠ کەس لەئەندامانی کۆمەڵەی داکۆکی لە رۆمەلی و ئەنادۆڵ و ئەو ئەندام پەرلەمانانەی لەئیستەنبوڵە هاتبوون) .

لەباشوری کوردستانیش ئینگلیز شێخ محمودی دانا بەحوکمداری کوردستان، بەڵام لەلایەک ئەو پەلەی کردو نەیتوانی زەمینە خۆشبکات بۆ راکێشانی هەموو کورد بۆ پشتگیری، ناکۆکی هۆزایەتیش هۆیەکی تر بوو. نەشیتوانی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ راوێژکارە ئینگلیزەکان و خۆڕاگرێت (هەرچەندە ئەوان هەوڵی خۆسەپاندن و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئەوو دروستکردنی ناکۆکی لە›ەڵ هۆزەکانی تریان دەدا، بەڵام ئەو دەیتوانی بەچەند هەڵوێست هەمووی راکێشێت بۆ لای خۆی) . لەلایەکی ترەوە لەژێر کاریگەری ئاینداو بەپڕوپاگەندە و بەڵێنە درۆکانی مستەفا کەمال تا رادەیەک فریوی خوارد، کاریگەری هەبوو کەزووتر راوێژکارە ئینگلیزیەکان بگرێت و دەریان بکات و شەڕ بەرپابکات و نەیتوانی وەک عەرەبەکان بکات (کە چەندین دەوڵەت و میرنشینیان لەژێر چەتری ئینگلیز دامەزراند ) . ئەوکاتە کوردستان هێشتا ناوو باسی نەبوو لەنەخشەی عێراقدا، راستە ئینگلیز زیاتر تەماشای بەرژەوەندیەکانی خۆی دەکردو مەبەستی نەوتی کەرکوکی زۆر لا گرنگ بوو . بەڵام شێخ مەحمود دەیتوانی سیاسەتیان لەگەڵ بکات و تەنانەت تەماعی نەوتیشیان بخاتە بەردەم لەجیاتی دژایەتی و شەڕکردنیان ، شەڕکردنی کوردیش شانبەشانی ئەتاتۆرک و سەرکەوتنی لەجەنگ و گرتنی ئەستەنبوڵ، یەکێک لەهۆ بنەڕەتیەکانی تری هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەر بوو.  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار