پرۆسەی لەشارخستن کفری وەک نموونە...
یەک ساڵ لەمەوپێش
جەواد خەلیل
(سەبارەت بە بیماریی عەقڵیەتی ئیدارەدانی کورد)
کیماش، لاخیرۆ، کیپرۆ، کیپرات، ڤرجیا... هتد، چەندین ناوی گرنگ و دێرینی نێو مێژووی ئێمەن، کە زۆرترین بەشدارییان لەگەشەسەندنی ژیارییانەی کوردو ناوچەکەدا هەبووە، هەموو ئەو ناوانەش پێکڕا ئاماژەن بۆ قۆناغێکی گەشەی ژیارییانەی شاری کفری . شارستانیەتی کورد ئەگەر پێنج شاری مێژوویی گرنگی هەبێت، ئەگەر بڕیار بێت رێز لەمێژووی هەرە دێرینی خۆی بگرێت و ئاوڕێک لەڕابردووی خۆی بداتەوە، ئەوا بێ هیچ دوودڵیەک دەبێت کفری پێشەنگی ئەو پێنجە بێت و وەک سەروەتێکی نیشتمانی لێی بڕوانێت و بیپارێزێت، لانیکەم وەک شارێکی شوێنەواریی ئاوڕ لەو هەموو شوێنەوارە مێژووییانەی بداتەوە.
سی ساڵی دوای سێ هەزار ساڵەکە
کفری کە خودان مێژووییەکی سێ هەزار ساڵەیە، کە ناوی لەچەندین دەقی گرنگی سۆمەری و ئەکەدی و بابلی و عیبریدا هاتووە، کە ماوەیەکی زۆر ناوەندی حکومڕانی و بازرگانی بووە، هەموو ئەمانەش لەتۆماری چەندین رۆژهەڵاتناس و مێژوونووسدا گەواهیان بۆ دراوە، ئێستا دوای سێ هەزار ساڵ تەمەن، شوێنەوارەکانی بوونەتە کەلاوەیەک و رۆژبەڕۆژ و هەر جارەی لایەکی لێ دادەڕمێت و لەناودەچێت، هەرجارە و گەڕەگ و کۆڵانێکی ئەم شارە مێژووییە بەرەو چۆڵبوون دەچێت و بازاڕەکانی دادەخرێن. شارەکە لەژێر سایەی حکومڕانیی خۆماڵیانەی کوردیدا و تەنها لەماوەی سێ دەیەدا و دوای سێ هەزار ساڵ لەخۆڕاگری و ئاوەدانی و شارستانیەت ، کرا بهوێرانەیەک و هیچ هۆکارێکی ژیانکردنی شکۆمەندانەی تیا نەما. گەنجەکانی بێکارو گەڕەکەکانی بێ خزمەتگوزاری کران؛ بەرپرسەکانی گەندەڵ و گیرفانبڕ دەرچوون و خەڵکەکەی بێ پارەو رەنجەڕۆکراو مانەوە؛ کاسبکارانی بێ ئیش و بێ ئیشەکانیشی ئاوارەو پەراگەندەی شارانی تر بوون..!
لێرە و لەنێو ئەم مەملەکەتی زوڵم و جەورو ستەمەدا، تۆ ئەگەر ئەڵقەلەگوێی حزب نەبیت؛ ئەگەر وەلائت بۆ حزبێکی کوردی نەبێت؛ ئەگەر نەتوانی سەردانی کۆمیتەو ناوچە و لق بکەیت، سفری دوای فاریزەش نیت، با لەخوێندندا کۆچەر بیرکارو لەکاردا بیل گەیتس و لەژیانی کۆمەڵایەتیشا بێوەیی و خزمەتکاری خەڵکی بیت..! گەنجی ئەم شارە دوای چەندین ساڵ خوێندن، ئەگەرچی دەرچووی باشترین کۆلیژو زانکۆکان بن، ئەگەرچی چەندین زمان بزانن و بەقەد باڵای سەرکردە و جەلادەکانی ئەم نیشتمانە کتێبیان خوێندبێتەوە، گەر نەچنە کۆمیتەی حزب، گەر نەبنە کۆیلەی ئەم و ئەو، مافی بوون بەوانەبێژیشیان پێ رەوا نابینرێ و دانەمەزرێنرێن؛ لێرە گەر تۆ مامۆستایەکی زۆر بە ئەزموونیش بیت و دەیان ساڵ خزمەتت هەبێت، گەر نەبیتە ئەڵقەلەگوێی ئەم جەلادانە ناکرێیتە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکیش..!
کفری سەردەمانێک پێی دەگوترا «شاری وەزیران» و تەژیبوو لەجووڵەی بازرگانی و رۆشنبیری و هونەری ، پڕ لەجووڵەی سیاسی بوو، لەبەرچی؟ چونکە بەرپرسە باڵاکانی ئەوسای، نوێنەرانی ئەو سەردەمەی، وەک: ( وەزیری بەرگری، وەزیری داد، وەزیری تەندروستی، وەزیری ناوخۆ، وەزیری کشتوکاڵ، خانەوادەی سەرۆک وەزیران و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەعیان) پێکڕا لەکفری نیشتەجێ بوون و شاری خۆیان بەجێنەدەهێشت و خۆیان لەخەڵکی شارەکە جیانەکردبووەوە، بەردەوام گرنگیان بەشار دەداو پێشیان دەخست. «جەمیل پاشا» کە نوێنەری هەموو ویلایەتی موسڵ بوو ( واتا نوێنەری تەواوی باشوری کوردستان بوو) لەپەرلەمانی عوسمانی لەئەستەنبوڵ، ماڵەکەی هەر لەکفری بوو! مەحمود پاشاو عومەر نەزمی و جەمال نەزمی و دەیان کەسایەتی سیاسی ناوداری دی، کە بەرزترین پلە و پۆستی سەردەمی پاشایەتیان لەبەغداد درابوویێ، هیچیان پشتیان نەکردبووه کفری و ماڵیان بەیەکجاری نەگواستبووە بەغدا...! ئەمێستا ئەوانەی نوێنەری خەڵکی کفرین و بەرپرسی باڵای ئەم حکومەتەن ماڵیان لەکوێیە؟ هەر ئەوەندەی دەبنە بەرپرس یەکەمین کارێک کە دەیکەن ماڵیان دەبەنە شارانی دی و ژیانی خۆیان دەگۆڕن، ئیدی نە غەمێک لەشارەکەی خۆیان دەخۆن و نە ئاوڕ لەئەوانەش دەدەنەوە کە گەیاندنیان بەو پۆستە. شار بەبەرپرسە غەمخۆرەکانیەوە شارە، کە بەرپرسی غەمخۆری نەبوو، کە بەرپرسەکانی چڵێس و چاو لەکورسی و پۆست بوون، کە خەڵکە دڵسۆزەکەی لێی هەڵهاتن و رۆیشتن، ئیدی لەوێوە پرۆسەی لەشارخستن دەستپێدەکات.
پرۆسەی لەشارخستنی کفری بۆچی سەری گرت؟
یەک: عەقڵیەتی ئیدارەدانی کوردی لەڕاپەڕینەوە کاری لەسەر ئەوە کردووە هەندێک شار لەسەر حسابی هەندێکی تر گەورە بکات، لەبری ئەوەی هەوڵبدات وەک یەک خزمەتگوزاری پێشکەشی هەموو شارەکان بکات، دەهات و خزمەتەکانی لەیەک شاردا چڕ دەکردەوە و شارانی دەوروبەری ناچار بوون وەک پەروانە بەدەوری ویدا بسوڕێنەوە. ئەم ناعەدالەتیە وایکرد کە شارەکان لەنێو خۆیاندا بچن بەگژ یەکدیدا و رق و کینە و دووبەرەکی بکەوێتە نێوانیانەوە، بۆ نموونە: (هەولێر و سلێمانی/ رانیە و قەڵادزێ/ هەڵەبجە و سەیدسادق/ کفری و کەلار/ رەواندز و سۆران/ دهۆک و زاخۆ/ ئامێدی و دهۆک/ .... هتد)، هەر نانەوەی ئەم دووبەرەکیەش لەنێوان شارەکاندا بۆ خۆی ئاماژەیەکی روونە بۆ بیماری عەقڵیەتی ئیدارەدانی کوردی و کڵۆڵی سەرانی حزب.
دوو: ئەنجامی ئەو دابەشکارییە نادادپەروەرانەیەی دەسەڵاتی کوردی کە لەخاڵی یەکەمدا باسمان لێوەکرد، وایکرد کە بەهای ئابوری هەندێک لەو شارانە لە هەندێکی تریان زۆر زیاتر بێت، ئەو شارانە کە دەکرانە میحوەری شارانی دەوروبەر، لەهەمان کاتدا دەبوونە بازاڕێکی گەورەیش بۆ حزب و سەرانی سیاسی کورد، تا بتوانن سەرمایەی دزراوی میللەت بۆ خۆیان زیاتر بەگەڕبخەن و وەک دەڵاڵێکی خانووبەرە خەریکی کڕین و فرۆشتنی سەدان و هەزاران دۆنمی ئەو شارە میحوەرییانە بن و بەدەیان پرۆژەی قازانجداریان تیا جێبەجێ بکەن، لەهەمان کاتیشدا لەڕێی سیاسەتی پشتگوێخستنی شارەکانی دەوروبەریشیەوە خەڵکی شارەکانی دی ناچار بکەن بچنە نێو ئەو پرۆژانەوە و قازانجەکانیان بەخاوەنی ئەو پرۆژانە ( کە هەر نوێنەری حزبن) ببەخشن، جا ئەو پرۆژانە چ نەخۆشخانەیەکی ئەهلی بێت یان پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون یان هەر شتێکی تر بێ.
سێ: کە تۆ لەجێگایەکدا ژیایت هیچ بنەمایەکی شارنشینی تیا نەمابوو، کە نەخۆش کەوتیت و نەخۆشخانەیەک نەبوو بۆ چارەکردنت، کە بۆ مامەڵەیەکی ئاسایی ناچاربیت بچیتە شارێکی دی، کە لەبێکاریدا براکەت، خۆت یان کوڕەکەت بچنە شارێکی دی و خواخواتان بێت لەچێشتخانەیەکدا ببنە قاپشۆر، کە بەهۆی نەبوونی پزیشکی دادەوە بەمردوویش تەرمەکەت ببەنە شارێکی دی و دواتر بتهێننەوە زێدی خۆت، ئیدی هیچ ناچار نیت لەشوێنێکی وەهادا بژیت و جێی نەهێڵیت. کاتێکیش زۆرینە خەڵکی شارەکەی خۆیان جێهێشت، شار چۆن دەبوژێتەوە؟ چۆن نابێتە وێرانەیەک؟ چۆن لەشار ناخرێت و نابێتەوە بە لادێ؟!
ئایا مێژوو ئەم ستەمە دەشارێتەوە؟
ستەمکاری و چەوساندنەوە و وێرانکاری سێ خەسڵەتن، رەنگە بۆ ماوەیەک و بەزەبری هێزی تۆقاندن کەس نەتوانێت باسیان بکات، رەنگە بۆ ماوەیەک ستەمکار بتوانێ بیشارێتەوە، بەڵام هۆ ستەمکارانی ئێرە، هۆ بازرگانانی پارەو خوێن، ئەی سەرانی کوردی خوێنمژ، ئەی بەرپرسانی داماڵراو، دڵنیابن و گوێبگرن کە مێژوو هەرگیز ئەم لەشارخستنەی کفری، ئەم غەدرە گەورەیەی ئێوە لەبیری خۆی ناباتەوە! دەبێت زۆر لەوە دڵنیابین هەر لەڕەحمی ئەم خاکە و دامێنی ئەم وڵاتەوە، سبەی رۆژێ، نەوەیەکی دی سەردەردێنێ و وەک شێرێکی بریندار پڕ بەگەرووی هاوار دەکات: ئێرە جێگای ئێوە نیە، بەو بیمارییەوە حکومداری چۆن دەکرێت، شاربەدەربن. مێژوونوسێک بەسەردێڕێکی گەورە دەنووسێت: ( شارێک هەبوو دوای سێ هەزار ساڵ تەمەن، دوای سێ هەزار ساڵ لەشارستانیەت و ژیان، دوای ئەوەی لەبەردەم سەدان دەسەڵاتی داگیرکەرو وێرانکارو ستەمکاردا خۆڕاگربوو، هەر لەلوتکەدا مایەوە و دانەڕما، کەچی دواجار دەسەڵاتدارانی خۆماڵی، ئەوانەی لەپێست و خوێنی خەڵکەکەی خۆی بوون و بەخانەخوێیان دەزانین، بە سی ساڵ توانیان حیکایەتی شارستانیەتی ئەو شارە تێک بشکێنن و وێرانی بکەن، بیکەنە دۆزەخێک کە خەڵکەکەی هەموو ئاواتێکیان ئەوە بێت رۆژێک زووتر لێی دەرباز بن و لەوە زیاتر ئازاری تێدا نەچێژن)، ئەمە وەک شەرمەزارییەک دەنووسرێتەوە، بۆ هەمیشە دەتانکەن بە مەسخەرەی خەڵک، عیبرەتەن لیئولەل ئەلباب!
گرنگە هەمووان بزانن، ئەو کاولکارییەی بە سێ هەزار ساڵ بەهیچ دوژمنێک نەکرا، بە سی ساڵ دۆستەکان کردیان، بەخێر بێن بۆ وێرانەخاکی کفری، بەخێربێن بۆ بینینی تراژیدیای بیماری عەقڵیەتی ئیدارەدانی کورد.