له‌ كه‌ركوك چی بكرێت باشه‌

یەک ساڵ لەمەوپێش



له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

له‌ ماوه‌ی ڕابردودا له‌ گه‌ڵ به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی سێ‌ لایه‌ندا له‌ سلێمانی به‌شداری میتینگێكمان كرد ، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی ، گۆڕان ، كۆمه‌ڵی ئیسلامی ، ئه‌و دوو ڕێكخراوه‌ عیراقیه‌ی كاره‌كه‌یان به‌ڕێوه‌ ده‌بردوتیان زۆرمان هه‌وڵداوه‌ پارتیش به‌شدار بن ، به‌شداریان نه‌كردووه‌ ، ئه‌وه‌ش وای كرد كێماسیه‌ك له‌ گفت و گۆكاندا هه‌بێت ، هه‌رچه‌ند به‌ بڕوای من ده‌بوو نه‌وه‌ی نوێش له‌وێ‌ بوایه‌ن ، پرسه‌كه‌ له‌ سه‌ر كه‌ركوك بوو ، بۆیه‌ منیشیان وه‌ك قسه‌كه‌رو چاودێری سه‌ر بارودۆخه‌كه‌ دیاری كردبوو ، چاوه‌ڕێم كرد تا هه‌رسێ‌ لایه‌نه‌كه‌ قسه‌و باسی خۆیان بكه‌ن و دواتر منیش له‌ سه‌ر كۆی بابه‌ته‌كه‌ قسه‌ی خۆم كرد ، ئه‌وه‌شم ووت زۆر ئه‌سته‌مه‌ كورد بتوانن یه‌كلیست بن ، نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و ناكۆكیه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی ، بگره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رو دراوسێ‌ نایانه‌وێت ئه‌زمونی یه‌كلیستی دووباره‌ بێته‌وه‌ و جارێكی تر كورد به‌و قه‌باره‌یه‌ ده‌ربكه‌وێت " لیستی برایه‌تی كه‌ركوك " كه‌ له‌كۆی 41 كورسی 26 كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای برد ،ئه‌وه‌ بۆ ده‌رو دراوسێ‌ به‌ تایبه‌ت بۆ توركیاو ئێران شۆك بوو ،به‌ تایبه‌ت توركیا هه‌ردوای ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ هه‌موو هه‌نگاوێكی بۆ شكستی كورد نا، به‌ڵام ئایه‌ به‌ پێی ئه‌م قانونه‌ی ئێستا كورد ئه‌گه‌ر له‌ لیستێك زیاتر بێت زه‌ره‌ر ده‌كات ، ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ وریاییه‌وه‌ وه‌ڵام بدرێته‌وه‌ . من بڕوای ته‌واوم به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ یه‌كلیستی كورد له‌ كه‌ركوك وه‌همه‌ ، وه‌همه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك ووتم له‌ سه‌ره‌وه‌ ڕێگه‌ به‌و كاره‌ نادرێت ، له‌ حاڵێكا ئه‌گه‌ر كورد به‌تایبه‌ت یه‌كێتی و پارتیش له‌ بڕیاری سه‌ره‌وه‌ یاخی بوون ، كه‌ له‌ دانیشتنه‌كه‌دا به‌ وه‌لی ئه‌مری ئه‌وان ناومبردن ، دیسان ئه‌سته‌مه‌ له‌ دۆخی ئێستادا هه‌موو كورد ده‌نگ به‌و لیسته‌ بده‌ن كه‌ پارتی و یه‌كێتی تێدایه‌ ، ئه‌مه‌ به‌ گوێره‌ی دوا هه‌ڵبژاردنی 10ی 10ی 2021 كه‌ جگه‌له‌وه‌ی كوردێكی زۆر به‌شداری نه‌كرد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆی به‌شداری كورد 160307 ده‌نگده‌ربوو، ئه‌م ژماره‌یه‌ به‌ ته‌نها نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار ده‌نگ له‌ هه‌موو ده‌نگده‌ری عه‌ره‌ب و توركمان كه‌متر بوو كه‌ پێكه‌وه‌ 166445 جه‌نگیان هێنا بوو ، عه‌ره‌ب 120672ده‌نگ و توركمان 45773 ده‌نگ ، بیرمان نه‌چێت ته‌نها پارتی و یه‌كێتی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌نگیان نه‌هێنا ، نه‌وه‌ی نوێ‌ زیاتر له‌ 25 هه‌زار ده‌نگی هێناو به‌ نه‌وه‌ی نوێ‌ و گۆڕان و سۆسیالیست و زه‌حمه‌تكێشان 28546ده‌نگیان هێنا ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ده‌نگی خۆڵه‌مێشی كه‌ نزیكه‌ی 100 هه‌زاره‌و ده‌نگی كوردیشی تیایه‌ ، وات له‌ هه‌موو حاڵێكدا نزیكه‌ی سی هه‌زار ده‌نگده‌ر ی كورد ده‌نگبه‌ پارتی و یه‌كێتی ناده‌ن ،ئه‌كرێ‌ ژماره‌كه‌ دوای هاتنی دوو بۆ سێ‌ نه‌وه‌ی ده‌نگده‌ری نوێ‌ زیاتریش بووبێت ئه‌گه‌ر ژیرانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌م ژماره‌یه‌ بكرێت ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ دوو كورسی بخاته‌ سه‌ر كورسیه‌كانی كورد ، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ره‌، چونكه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ دۆخی یه‌كلیستیدا ئه‌م ژماره‌یه‌ یان بچن و ده‌نگ به‌ كورد نه‌ده‌ن ، یان بایكۆت بكه‌ن ، كه‌واته‌ ده‌شێت بڵێین كورد ئه‌گه‌ر له‌ لیستێك زیاتریشی هه‌بێت ئه‌و مه‌ترسیه‌ی نیه‌ كه‌ ئێستا جاڕی بۆ ده‌درێت ، به‌ڵام گرنگه‌ دواتر له‌ سه‌ر پرس و چاره‌نووسی شاره‌كه‌ هه‌موو پێكه‌وه‌ بن ، به‌ مه‌رجێك زۆرینه‌ كه‌مینه‌ قوت نه‌دات . له‌ هه‌ڵبژاردنی 2021ی پارله‌مانی عیراق ده‌نگه‌كانی كورد به‌مجۆره‌ دابه‌شبوونه‌ یه‌كێتی 82286 ده‌نگ ، پارتی 49538، نه‌وه‌ی نوێ‌ 25391 به‌ گۆڕان و سۆسیالیست و زه‌حمه‌تكێشانیش 3155 ده‌نگ ، له‌وه‌ ناچێت ئه‌مجاره‌ پارتی ئه‌و ده‌نگه‌ بێنێته‌وه‌ ، له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك ، له‌وانه‌ ئه‌گه‌ری به‌شداری كردنی یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ و حزبی شیوعی كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌شی زۆری ئه‌وان به‌ تایبه‌ت یه‌كگرتوو ،شیوعی ده‌نگه‌كانیان بۆ پارتی بووبێت ، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر لیستی گه‌لی لاهوری شێخ جه‌نگی به‌شداری نه‌كات ده‌نگه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ یه‌كێتی ، به‌ڵام تا ئێستا ڕوون نیه‌ ئه‌نجامه‌كان چۆن ده‌بن ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ بزانین له‌ كه‌ركوك كورد له‌ نیوه‌ كه‌مێك زیاتره‌ ، كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ له‌ ئاینده‌دا گۆڕانی به‌سه‌ردا بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ خێڕایی گه‌شه‌و زیاد بوونی عه‌ره‌ب زۆر له‌ كورد زیاتره‌ . سه‌باره‌ت توركمان و عه‌ره‌بیش ئه‌وانیش هیچ ئه‌گه‌رێك نیه‌ بۆ یه‌كلیستیان ، هه‌ر نا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعه‌و سونه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ پێكه‌وه‌ بن ، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت به‌ یه‌كلیستیش دابه‌زن ، عه‌ره‌ب ڕه‌نگه‌ كه‌مێك زیان بدات له‌ لیسته‌كانی تر ، به‌ڵام توركمان مه‌ترسیه‌كی ئه‌و تۆی نیه‌ ، دوا قسه‌م ئه‌وه‌یه‌ ده‌شێت یه‌كلیستی بۆ كورد گرنگترین سودی ئه‌وه‌بێت كه‌ بابه‌ته‌كه‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانه‌ و ئه‌وه‌ وه‌ك هانده‌رێكی نه‌ته‌وه‌یی سه‌یر بكرێت بۆ چوونی خه‌ڵك بۆ ده‌نگدان ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بیرمان نه‌چێت له‌ یه‌كلیستیدا ده‌شێت خه‌ڵكی زۆر هه‌بن ئاماده‌ی چوون نه‌بن و بایكۆت بكه‌ن ، چونكه‌ به‌رده‌وام ئه‌و پرسیاره‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ ئایه‌ هیچ له‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌گۆڕێت .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار