بەرپرسێکی ئێران: کەسایەتییە هونەرییەکان لە پێشەوەی خۆپیشاندانەکانەوە بوون
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئێران لەوتارێکدا لە مەشهەد دەڵێت،" کەسایەتییە دیارە هونەری و کەلتوورییەکان لە پێشەوەی خۆپیشاندانەکان بوون دژی کۆماری ئیسلامی"
محەممەد مەهدی ئیسماعیلی، وەزیری "فەرهەنگ و ئیرشاد"ی کۆماری ئیسلامی چەند ڕۆژێک لەمەوپێش لە وتارێکیدا لە مەشهەد رایگەیاندووە:" کەسایەتییە دیارە هونەری و کەلتوورییەکان لە پێشەوەی خۆپیشاندانەکان بوون دژی کۆماری ئیسلامی".
دەشڵێت، هەربۆیە "وەزارەتی ئیرشاد" چالاکی و هەڵسووڕانی ئەوانی لە بواری کەلتوور و هونەردا قەدەغە کردووە.
وەزیری " فەرهەنگ و ئیرشاد"ی کۆماری ئیسلامی، جارێکیتر خۆپیشاندانەکانی "ژن،ژیان، ئازادی" بە " فیتنە" ناوبرد و قەدەغەکردنی چالاکی هونەری و کەلتووری ژمارەیەک لە کەسایەتییە هونەری و رۆشنبیرییەکانی بە کارێکی باش ناوبرد و جەختی کردەوە کە بەردەوام ئەبێت لەو کارە.
لە ڕۆژانی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندە دیارەکانی ئێران پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵک دەربڕی و ئامادە نەبوون بەشداری رێ و رەسمە حکوومییەکان بکەن ،هەروەها لە پێشانگای کتێبی تاران لە بەهاری ئەمساڵدا، ژمارەیەکی زۆر لە ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەکان ئامادە نەبوون بەشداری بکەن لە فێستیڤاڵی شانۆی فەجر، کە هەموو ساڵێک لە ئێران بەڕێوە ئەچێت
ئەفسانە بایگان، یەکێک بوو لەو هونەرمەندە ژنە دیارانەی مێژووی سینەمای ئێران کە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا، لە کۆڕ و کۆمەڵەکان و لەبەردەم کامێران بێ حیجاب و لەچکە دەرکەوت و وازی لە کاری هونەری هێناوە وەک پشتیوانیکردنی شۆڕشی ژیان و ژینا
وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئێران، لە وتاری رۆژی ٢٦ی تەمووز لە مەشهەد کە رۆژی ٣٠ تەموز دەقی وتارەکەی لە ماڵپەڕە حکوومییەکان بڵاو کراوەتەوە، جارێکیتر هەڕەشە لەو هونەرمەندانە ئەکات کە پشتیوانیان لە شۆڕشی ژینا کردووەو ئەڵێت :" سینەما و هونەری ئێران جێگەی فیتنەچییەکان نییە".