بۆچی ئەردۆغان دەڵێت كەركوك شارێكی توركمانییە
یەک ساڵ لەمەوپێش
لەتیف فاتیح فەرەج
پێش ئەوەی هەر قسەیەك لەو بارەیەوە بكەین دەبێت بڵێین ئەم دەربڕینەی ئەردۆغان هەركات بیدات و بیڵێت و لەهەركوێ ئەوەندەی سوكایەتیە بەشتێك كەناوی سەروەری عێراقە، ئەوەندە بوغزو رقی ئەو نیە لەكوردی كەركوك ، كە لەبنەڕەتا بڕواناكەم كەس هێندەی ئەم بوونەوەرە ئێستا رقی لەكورد بێت ، جگەلەوەش ئەم گۆتەیە هیچ مانای ئەوە نیە كەئەردۆغان پشتگیرو پاڵپشتی توركمانی عێراق و كەركوكە، بگرە بەم كارە رقی ئەوانی تر بەرانبەر كەركوك زیاد دەكات و گومانیش دەخاتە سەر شوناسەكەیان ، چونكە ئەوان عێراقین نەك توركی، ئەردۆغان ئیشی بەم دەربڕینەیە، بەڵام كێشە ئەوەیە نە فەڕمی و نە نافەڕمی كەس ئامادە نیە ئەو پیاوە دەمكوت بكات و بەدرۆی بخاتەوە .
«كەركوك شارێكی توركمانیەو نابێت ئاڵای هەرێمی باكوری عێراقی تیا هەڵبكرێت و دەبێت ئاڵای توركانی تیا بەرزبكرێتەوە» ئەمە ناوەڕۆك و شێوەی دەربڕینەكەی توركیایە، ئێستا كە سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكی حكومەتی هەرێم مەسرور بارزانی ئامۆزایەتی و لەسەروو ئەوانیشەوە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و بارەگای بارزانی هەیە كەئەمان بەقەولی پارتی ئێستا نوێنەرایەتی كوردەواری دەكەن و لەوانی تر ناچن ، كەسیان لەو قسانەی ئەردۆغان نەهاتنە دەنگ ، ئەمە ئەگەر شیعەیەكی عەرەب بیگوتبایە ئێستا دنیا ئاخر دەبوو ، قسە لەسەر ئەوەیە ئەردۆغان كە رۆژنیە درۆنەكانی خەڵكانی سڤیل و ئازادیخواز شەهید نەكەن، رۆژنیە پەلاماری شەنگال و رۆژئاوای كوردستان نەدات ، زیاتر لەچل بنكەی سەربازی و موخابەراتی و لۆجستی لەناو هەرێم بەتایبەت لەبادینان و هەولێر هەیە، هێشتا هەڕەشە دەكات و هەر رۆژە بیانویەك بەسنوری سلێمانی دەگرێت ، ئەوە جگە لەوەی بەئاشكرا داوای خاوەندارێتی كەركوك دەكات و موسڵیش وەك بەشێك لەخاكی خۆی دەبینێت ، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو جارێك ئەم قسانەی بۆ چووەتە سەرو نە عێراق و نە هەرێم هەڵوێستێكیان نەنواندووە .
بێگومان ئەگەر ئێستا تاڵەبانی لەژیاندا بوایە خۆ ئەگەر هەر بۆ ئەوەش با كە بیانگوتایە وەڵامی هەیە وەڵامی توندی دەدایەوە، بۆیە بەباوەڕی من دەبوو ئێستا دكتۆر لەتیف رەشید كە سەرۆك كۆماری عێراقە ئەو رۆڵەی گێڕاباو داوای روونكردنەوەی لەئەردۆغان كردبا ، سەیرە ئەم قسانەی ئەردۆغان بەر لەسەفەری چاوەڕوانكراوی بۆ بەغدا بڵاودەبێتەوەو هیچ بەرپرس و دیبلۆماتێكی عێراقیش نیە پێی بڵێت شەكرت شكاند ،» شەكرت شكاند ، دەربڕینی بەدرۆخستنەوەی توندە لەسنوری سلێمانی و كەركوك « كەركوك شارێكی كوردستانیە ، ئەمە دەیانجار تاڵەبانی چ لەسەردەمی شاخ و چ لەسەردەمی شاردا تەنانەت كەسەرۆك كۆماری عێراقیش بووە گوتویەتی ، گەرچی ئەویش دەیتوانی زۆر كار بكات و لەكاتی خۆیدا نەیكرد، بەڵام كوردستانیەتی كەركوك بە بەڵگەی نەك عێراقی و جیهانی بەبەڵگەی تورك و عوسمانیش سەلمێنراوە ، بۆیە دەبوو چ لەتیف رەشید ، چ مەسعود بارزانی ، چ حكومەتی عێراقی وەڵامی ئەردۆغانیان بدایەتەوە، چونكە ئەردۆغان وەك كەسی ئاسایی نا وەك سەرۆك كۆماری توركیا ئەو قسانە دەكات، بۆیە هیچ بیانویەك نیە بۆ وەڵامنەدانەوەی ، ئەسڵەن وەڵامنەدانەوەی كێماسیەكی گەورەیە ، چونكە بەدەر لەهەر شت ئەمە دەستوەردانە لەكاروباری هەرێم و عێراقیش ، وەك ئەوە وایە سبەی محەمەد شەیاع سودانی ، یان دكتۆر لەتیف رەشید لەبەرنامەیەكدا بڵێن ئامەد پایتەختی كوردستانی گەورەیە .
ئەوەمان بیر نەچێت ئەمجۆرە قسانە هەمیشە لەمپەرن لەبەردەم كوردو توركماندا تا لەیەكتر نزیكبنەوەو بەردەوام توركیا هەركاتێك هەستی بەنزیكبوونەوەی كوردو توركمان كردبێت لەكەركوك ، بەڕێگەی جۆراو جۆر هەوڵی تێكدانی داوە ، ئەمە یەكێكە لەڕێگەكان ، چونكە ئەمە لەئاستی زۆر بەرزی توركیا بەتوركمانەكان دەڵێت ئێوە توركیاتان هەیە ناكرێت بێپرسی ئەو هیچ هەنگاوێك بنێن، هەموو ئەم دەربڕینانە بۆ شارێكی وەك كەركوك كەكێشەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەو پرسی شوناسی هەیە بەنزینكردنە بەئاگری ناكۆكیداو سەلمێنەری راپۆرتەكەی بیكەر هاملتنە كە كەركوكیان بە «بەرمیلە بارود» ناوبردوو ، بەرمیلە بارود نەك لەبەرئەوەی ناتوانرێ كێشەی نێوان كەركوكیەكان چارەسەر بكرێت، بەرمیلە بارود لەبەر ئەوەی ئەمجۆرە لەدەستوەردانی دەرەكی هەیەو بەرپرسانی عێراق و هەرێمیش سەری خۆیان كزكردووەو دەنگیان لێوە نایەت .
ئێستا دەزانن بۆچی ئەردۆغان بەو زمانە قسە دەكات ، ئەو زۆر باش دەزانێت ئێستا نە سەردەمی دیكتاتۆرێكی وەك سەدامە كە بەڕستەیەكی ئاگراوی وەڵامی بداتەوە ، نە سەردەمی تاڵەبانیە كە بەزمانێكی دیبلۆماسی پێی بڵێت « شەكرت شكاند».