دوای هێرشکردنە سەر تاوەرەکانی کارەبا سودانی فەرمانی کرد بە لێپرسینەوە لە چەند فەرماندەیەک

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای تەقاندنەوەی تاوەرەکانی هێڵی گواستنەوەی کارەبا  لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا محەمەد شیاع سودانی فەرمانی کرد بە لێپرسینەوەکردن لەگەڵ هەر یەک لە فەرماندەی کەرتەکە و ئەفسەری هەواڵگری و ئەو فەرماندەیەی کە ناوچەکە دەکەوێتە ژێر بەرپرسیارێتییەوە.

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی کارەبا، هێڵی گواستنەوەی کارەبای 400 کەی ڤی (رۆژهەڵاتی بەغدا- دیالە)  لە ناوچەی خان بەنی سەعد تەقێندراوەتەوەو و رووداوەکە کاژێر 08:30 شەوی رابردوو روویداوە و لە رێگەی بۆمبی چێندراوەوە بووە.

لەم بارەیەوە، یەحیا ڕەسوڵ عەبدوڵا، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند  "لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق هەوڵدەدات باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتیان بکات و بارگرانییەکانیان لەسەر کەمبکاتەوە، هاوکات لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەکانی گەرمادا چەتە تیرۆریستییە شکستخواردوەکان هەوڵدەدەن زیان بە ژێرخانەکان بگەیەنن و تاوەرەکانی کارەبا بکەنە ئامانج"

ئاماژەی بەوەشکردوە، دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان زانیاری هەواڵگری وردیان هەبوە سەبارەت بە بونی هەوڵێک لەم ڕوەوە و سەرەداوی گرنگیان دەستکەوتوە لەسەر ئەو کەسانەی کە ئەم کارە تیرۆریستییە ترسنۆکەیان ئەنجامداوە و ئارامیی هاوڵاتیان دەکەنە ئامانج و هەروەها ئەو لایەنانەی کە بە دورنین نین لەپشت ئەم ئامانجەوە.

ماوەیەکە لە چەند ناوچەیەک ئەو رووداوانە دووبارە دەبنەوە  هاوکات رۆژی 29-07-2023 ژمارەیەک تاوەری گواستنەوەی کارەبا لە سەلاحەدین تەقێنرانەوە. ئەو کات وەزارەتی کارەبای عێراق بڵاویکردەوە، هێڵی گواستنەوەی کارەبای سەلاحەدین - حەدیسە بە ژمارەیەک بۆمبی چێندراو کراوەتە ئامانج و "بەو هۆیەوە سێ تاوەر کەوتوون." 

جێگەیباسە عێراق هەفتانە بە هۆکاری جیاواز رووبەڕووی پچڕانی کارەبا دەبێتەوە. 

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، عێراق پێویستی بە 34-35  هەزار مێگاواتی رۆژانە هەیە، بەڵام لە لووتکەی توانایاندا، بە گوێرەی بەرپرسانی عێراق، وێستگەکانی وڵاتەکە 26 هەزار مێگاوات لە رۆژێکدا بەرهەمدێنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار