هاڕینی كورد لەبەرداشی لۆزاندا

یەک ساڵ لەمەوپێش



نەوزاد ساڵح

دابەشكردنی جوگرافیاو نەخشەی جیهان لەپەیماننامەی لۆزاندا لە ١٩٢٣/٧/٢٤دا  دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەكەم بوو كە براوەكانی ئەم جەنگە پرسی ئاشتیان خستەسەر مێزی گفتوگۆو بەداخەوە كوردستانی گەورەو گەلی كوردیان تیایدا خستە بەردەم  بەرداشی بێ ویژدانی ئەم پەیمانە لەشاری لۆزانی سویسرا،  كوردستانیان لەنێو چەند وڵاتێكدا دابەشكرد و خەونی كوردیان لەپەیماننامەی سیڤەردا هەڵوەشاندەوەو لەباربرد  كە لەپەیماننامەی سیڤەردا دان بەبوونی قەوارەیەكدا بۆ كورد نرابوو بەڵام لەلۆزاندا سەرجەم خەونەكانی كوردیان لەگۆڕنا، كە ئەمیش كۆمەڵێك هۆكاری  لەپشتەوەبوون لەو هۆكارانەش :-

١-وڵاتی بەریتانیا پێش ئەو رووداوانە پشتیوانی كەمالیەكانیان نەدەكرد بەڵام لەبەر ناتەبایی و نەبوونی یەكڕیزیی و یەك وتاریی كورد وایكرد كە پشتیوانی ئەوان بكات.

٢-پشتیوانی كردنی و دەستتێوەردانی روسیا لەبەرژەوەندی كەمالیستەكان كەكاریگەریان لەسەر گۆڕینی هەڵوێستی بەریتانیاش هەبوو.

٣-فەڕەنسا و ئیتاڵیاش پشكیان بەركەوت و بێدەنگ كران .

٤-هۆكارێكی تر لەوكاتەدا، ململانێی یۆنان و ئەرمینیا هەبوو كە دیسان ئەمیش كاریگەری هەبوو لەسەر ئەم  رووداوانە.

 

پشتەوەی چیرۆكی لۆزان

مێژووی چیرۆكی ئەم پەیماننامە شومە بۆ كورد چیرۆكێكی ئازاربەخشەو بێهیوایی كوردی لێكەوتووەتەوە، ئامانجی  هەڵوەشاندنەوەی پەیماننەمەی سیڤەر ئامانجێكی سیاسی بوو كەوڵاتان مافی بوونی دەوڵەتێكیان بەكورد رەوا دەبینی لەپەیمانی (سیڤەر)دا، بەڵام لەپەیماننامەی لۆزادا سەرجەم مافەكانی كورد فەرامۆش كران و كورد وەكو نەتەوەیەكی زوڵملێكراو نەخوێندرایەوە.

 

نوێترین كۆنفرانسی لۆزان لە٢٠٢٣دا

لەم چەند رۆژانەی رابردوودا لەشاری لۆزانی سویسرا بەبەشداری نوێنەری چەندین پارت و رێكخراوو كەسایەتی و نووسەر و رۆشنبیر رۆژانی  ٢٤،٢٣،٢٢/ ٧ لەساڵیادی ( ١٠٠) ساڵەی ئەم پەیماننامەیەدا  كۆنفرانسی لۆزان رێكخرا.

وێڕای دەستخۆشیم بۆ هەر هەنگاوێك كەگوزارشت لەسڕینەوەی ئەم پەیماننامەیە بكات و كار بۆ یەكخستنی وزەو توانای كورد بكات، هەوڵێك بێت بۆ ئامانجی بەدیهێنانی خەونی كورد ئەوا جێی دەستخۆشیەو شایستەی رێزلێگرتنە، هەربۆیە لەكۆنفرانسێكی ئاوادا كەچارەنووسی گەلێكی چەند ملیۆنی بەش بەشكراوی تێدا باس دەكرێت، دەبێت هەڵگری خەسڵەت و ئەو رەگەزانەبێت كەساتەوەختی مێژوویین و ئاراستەی بیركردنەوە دەگۆڕن و كار بۆ ئەم پرۆژە گرنگە دەكەن.

بەڵام ئەم كۆنفرانسەش بەدەرنەبوو لەڕەخنەو هەربۆیە بەم چەند خاڵە راو سەرنجی خۆمی لەسەر دەردەبڕم:-

١-ئەم كۆنفرانسە هێندە خۆسەپاندنی ئاڕاستەیەكی تیا بەدیدەكرا نیو هێندە نەیپەرژایە سەر بابەتە بنچینەییەكە ، فەلسەفەی دووبارەبوونەوەو ریزكردنی چەند رستەو پێشنیازێك ، كارێكی رۆژانەی تەقلیدی ژیانەو هیچی تر .

٢-كۆنفراسی لۆزان ئامانجی گشتی نەپێكاو بەووردە وتار كاتەكانی خۆی بەڕێكردو دووركەوتەوە لەچەقی پنت و ناوەرۆكی مەبەست و ئامانجەكەی كەخۆی راستكردنەوەی رووداوێكی سیاسیە.

٣- لەتەمموزی ١٩٢٣ كە ئەم پەیماننامەیە كراوە كورد ئەگەرچی وەك ئێستا نەبووە بەڵام لانی كەم رەنگی كورد و ئاڵای دابەش نەبووە بۆ چوار ئاڵاكە ئەمە جێگای سەرسوڕمان بوو.

٤- هەست دەكەین كۆنفرانس هێندەی لەپێناوی دەركەوتنی هەیمەنە و هەژموونی لایەنەێك و ئاڕاستەیەك بوو نیو هێندە كار بۆ ئامانجە بنچینەییەكەی نەكرا.

٥- تێناگەین دەستەی بەڕێوەبەری ئەم كۆنفراسە لەسەر چ بنەماو پێوەرێك میوانەكانیان بانگێشتی كۆنفرانس كردبوو، كە تێبینی زۆر  لەسەر ریزبەندی میوانەكان هەیە!!!

٦- دەستەی بەڕێوەبردنی كۆنفرانس خۆیان ماندوونەكردبوو بەهێنانی میوانەكان لەڕووی چۆنایەتیەوە بەڵكو تەنها بایەخیان بەچەندایەتی دابوو.

٧- لەم كۆنفرانسدا خۆپارێزی هەبوو  لەباسی شۆڕشی ژیناو رۆژهەڵاتی كودستان كە بەردەوام و رۆژانە (كۆڵ بەر) شەهید دەكرێت كەهەوڵی پەیاكردنی پاروە نانێك دەدات بۆ خێزان و مناڵەكانی.

٨- لەخاڵی حەوتەمی پێشنیارو راسپاردەكاندا هاتووە رێگری كردن لەهێرشی ئاسمانی دژ بەگەلی كوردستان بەگشتی و رۆژئاواو هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، ئەی باسی باكوری كوردستان و رۆژهەڵات بۆ ناكەن و خێرە دەیبوێرن؟

٩- خەباتی كوردانی باكوری كوردستان كە خۆی لەخەباتی پەرلەمانیدا دەبینێتەوەو قۆناغی باشی بڕیوە وێڕای  هەموو ئەو گوشارانەی كە لەسەریانە، لەكۆنفرانس هیچ لەم بابەتەدا باسی نەبوو!!!

١٠-دەركەوت كۆنفرانسی لۆزان ئەو چەترە نیشتیمانییە نەبوو كەئومێدی كۆكردنەوەی هزرو بیری نەتەوەیی بێت و ئاڕاستەیەك لەم كۆنفرانسەشدا زاڵ و دەركەوتوو بوو بەسەر هەموو جومگەكانی كۆنفرانسدا.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار