تیرۆری رێکخراوو جیاوازی لەکوشتن
یەک ساڵ لەمەوپێش
دلشاد تالەبانی
تیرۆر جۆرەکانی زۆرن، هەروەها کوشتنیش هۆو جۆری زۆرە، بەڵام لێرە تەنها مەبەست لەناوبردنی کەسەکە یان کەسەکانە. ئەوانەش دوو دەستەواژەی جیان لەیەک، گەر هەردووکیان خۆێن رشتن و دەرئەنجامی کوشتن و لەناوچونی قوربانیەکانیش بن . ئەنجامدەرانیش هەر تاوانکارن، بەڵام بەشێوەی جیاواز. هەردوو جۆرەکەش بەدرێژایی مێژوو هەبووە . دەتوانم بڵێم ئێستا زۆر زیاتری کردووە لەوەی سەردەمی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستیش . هەرچەند لەزۆر وڵات لەبواری یاسایی چەندین رێوشوێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەگیرێتە بەر.
کوشتنی ئاسایی هۆکاری زۆرە، هەرچەندە دەرئەنجامەکەی گیان لێسەندنەوەی کەسێک یان چەند کەسێکە ، بەگشتیش پلانی بۆ دانانرێت. یەکێک لەئەنجامەکانی جەنگ کوشتنی سەربازەکانە لەناو رێڕەوی جەنگدا. چەند جۆری تری کوشتنیش: کوشتن لەکاتی هەوڵدانی دزی و بەرەنگاربونەوە. تێکچوون و دەمەوقاڵی دوو یان چەندین کەس لەگەڵ یەک، تەقینەوەی ناکۆکی و لێکەتنەوەی کوشتن، کە لەکتوپڕە و پلان بۆدارێژاو نیە لەوکاتەی کەسەکان کۆنترۆڵی خۆیان لەدەستداوە ، رەنگە نیەت وئامانجیش کوشتن نەبوبێت. کوشتن بۆ داکۆکی کردن لەخۆ بەرامبەر مەترسی راستەوخۆ. کوشتن لەکاتی ئەنجامدانی تاوان یان گومانلێکراوێک لەکاتی هەڵاتندا، کە رەنگە کەسی بکوژ نیازی کوشتنی نەبێت ( بەڵام هیندێک جار ئەمە دەڕواتە خانەی کوشتنی بە ئەنقەست، لەبەرئەوەی دەتوانرا رێگای تر بگیرێتە بەر) . کوشتن لەئەنجامی کێشەی کۆمەڵایەتی و سۆزداری ( بەتایبەت لەنێوان ژن و مێرد ، کە بەگومان یان واقیع ، کەسی تر، ئیتر ژن یان پیاو بێت لەنێوەنددایە) . ئەمانە هەمووی لەپاش لەدەستدانی کۆنترۆلی کەسەکە بۆ خۆی و یەکسەر ئەنجام دەدرێن، بێ بیرکردنەوە لەئەنجامەکە .
تیرۆر لەوە جیاوازە، هەرچەند دەرئەنجامەکانیان یەک بن. لەوەدا پاش بیرکردنەوە، پلان دادەنرێت بۆ کردارەکە ، نیازو لێکەوتەشی کوشتنە . جۆرەکانی ئەم تیرۆرە زۆرن : تیرۆری سەربازی ، تیرۆری سیاسی ، تیرۆر بەناوی ئاینەوە، تیرۆری کۆمەڵایەتی ، شێوەکانی ئەجامدانیشی جیاوازن.
کوشتنی خەڵکی سڤیل لەکاتی جەنگ، ئیتر بە راستەوخۆ بەتاک یان کۆمەڵ ، بۆردمان کردن ، گرتن وکوشتن ، بەتاوانی جەنگ دادەنرێت و دەڕواتە خانەی تیرۆری سەربازیەوە.
تیرۆر بەناوی ئاینەوە، کەبنەمای ئاینەکان رەتییان کردوەتەوە، بەڵام زۆرجار کۆمەڵێک لایەن و دەسەڵاتداری ئاینی بۆ مەرامی خۆیان و چەواشە و بەلاڕێبردنی خەڵک بەکاریانهێناوە ( لەکۆن و سەدەکانی ناوەڕاست بەکوشتنی راستەوخۆ، لەخاچدان یاخود سوتاندن بەکارهاتوە)، ئێستا لەزۆر وڵات ئەو جۆرە تیرۆرە نەماوە، بەڵام بەناوی ئیسلامەوە و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی نزدیک ( شرق الادنی : ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران و تورکیا و تا ئەفغانستان)، چەند شوێنی ئەفریقیا ، لەهیند و چەند شوێنی تریش لەلایەن توندڕەوە ئاینیە جیاجیاکان ئەنجام یان هان دەدرێن. بە راستی ئەوانە دورن لەئاینەوە. نەوەک هەر دواکەوتوو و بیری سەقەتیان هەیە، بەڵکو مێشکی خەڵكی سادەی نەزانیش سەقەت دەکەن و پڕی دەکەنەوە و هانی ئەنجامدانی ئەو کارە ترۆریستیە دەدەن، نەزانی هێندێک کەسیش کە بەناوی بێ بڕوایی بەقسە و نووسین ودەربڕین ئیستفزازی دژ بەئایینی بێ مانا بەکاردەهێنن بۆ بانگەشە وهاندانی ئەو تاوانانە، کە بەراستی ئاین و بەتایبەت ئاینی ئیسلام لەوانە بێبەریە. بەڵگەش بۆ ئەوە دەیان ئایەتی قورئان (من قتل نفسا بغير نفس أو فساد في الأرض فكأنما قتل الناس جميعا . ٣٢ المائدە - من عمل صالحا فلنفسه ومن أساء فعليها ثم إلى ربكم ترجعون . الجاثیە ١٣-١٥ - ولا تقتلوا أنفسكم ان الله كان بكم رحيما.النساء ٣٠ - ولو شاء ربك لآمن من فى الارض كلهم جميعا أفأنت تكره الناس حتى يكونوا مؤمنين . یونس ٩٩ - من اهتدى فإنما يهتدي لنفسه ومن ضل فإنما يضل عليها ولا تزر وازرة وزر أخرى. الاسراء ١٥ - وإن جنحوا للسلم فاجنح لها. الانفال ٦١ - وقاتلوا في سبيل الله الذين يقاتلونكم ولا تعتدوا ان الله لا يحب المعتدين . البقرة ١٩٠- لا اكراه في الدين البقرة. ٢٥٦).
تیرۆری سیاسی، ئەوەش بۆ لەناوبردنی نەیاران، بەتاک یان کۆمەڵ، لەکۆنەوە بەکارهاتوە. لەوڵاتانی لای ئێمە بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن رژێم و دەسەڵاتداران ئەنجامدەدرێن و بەشێوەی ناڕاستەوخۆش بەدەیان شێوە ئەنجامدەدرێت. دەشاردرێتەوە یان پاساوی بۆ دەهێندرێتەوە.
هەموو ئەمانە ئەنجامی پەروەردەی سەقەت، جۆری کۆمەڵگا، هۆشیاری خەڵک ، سیستەمی سیاسی و بەهێزی یان لاوازی یاساوهەڵوێستی لایەنەکان دەستنیشانی دەکات . لای خۆمان تیرۆر زۆر زیادی کردووە ، بەهۆی ئاڵۆزکردنی بیر لەلایەن لایەنەکانەوە، باری ئابوری نالەباری خەڵک کەدەسەڵات لەپلەی یەکەمدا بەرامبەری بەرپرسیارەو رۆڵی سەرەکی لەتەشەنەکردنی دەبینێت.