وەزیری دەرەوەی ئێران: لە گفتوگۆداین لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی ئاب لە وەڵامی رۆژنامەنووسەکان دەربارەی گۆڕینەوەی زیندانی لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند:" ماوەی چەند مانگە لە رێگای قەتەر و عومانەوە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە و وتوێژدەکەین  بۆ گۆڕینەوەی زیندانییەکان".

وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەوەی کە دەوترێت چەند رۆژ لەوە پێش ژنێکی ئەمریکی- ئێرانی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا دەستگیرکراوە، خۆی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکە لاداو نە ئەوە بوو پشتڕاستی بکاتەوە یان رەتی بکاتەوە.

دەربارەی ژمارەی ئەو ئەمریکییانەی لە ئێران لە زیندانن وەزیری دەرەوەی ئێران وتی :" ژمارە گرینگ نییە، گرینگ نییە چەند کەسن کە لە زیندانن، گرینگ ئەوەیە بتوانین زیندانیەکان ئاڵوگۆڕ پێ بکەین."

ئەوەشی ڕونکردەوە :" پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان پرسێکی ئینسانییە و ئێمە هیچ مەرجێکمان نییە بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنیان و بە قەتەر و عومانمان راگەیاندووە لە چوارچێوەی رێکەوتندا، ئامادەین زیندانییەکان ئاڵوگۆڕ پێ بکەین".

ئێران پێشتر رایگەیاندووە چاوەڕوانی ئەوەیە ئەو سەرمایانەی ئێران کە بە هۆی گەمارۆکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و ئەمریکا ناهێڵێت بگاتەوە دەستیان، ئازاد بکرێن. واتە دەیەوێت لە بەرامبەر ئاڵوگۆڕی زیندانییەکاندا دەستی بە سەرمایەکانی بگات.

هاوکات ئەمریکا پێشتر رایگەیاندووە ئێران ئەو کەسانە وەک بارمتە بەکار دەهێنێت بە مەبەستی نەهێشتنی گەمارۆ ئابوورییەکان و ئەو مەرجە قبوڵ ناکەن

جێگەیباسە بە گوێرەی زانیارییەکان  پێنج هاوڵاتی ئەمریکی لە زیندانەکانی ئێران دەستبەسەرن و تۆمەتی سیخوڕیان دراوەتە پاڵ.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار