بۆ سوید؟

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

لەماوەی رابوردودا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو سوید بوو بەبەشێک لەسیاسەتی ناوخۆیی عێراق. ئەم دۆخە نائاساییە، لەپشتیەوە کۆمەڵێک بەرژەوەندی و یاریکەرو بەکاربەر هەبوو و هەیە. کەسێکی عێراقی مەسیحی کە پەنابەرە لەسوید و تەنها مافی مانەوەی کاتی هەیە هەتا مانگی چواری ساڵی داهاتوو، بەناوی سەلوان، لە پشت تەقاندنەوەی ئەم دۆخەوە بوو. سەلوان کە فایلەکەی داخرابوو، بەپێی هەندێک سەرچاوە، ئێستا کە فایلەکەی کراوەتەوە، دەکرێت ئامانجی هەرە سەرەکی ئەوەبووبێت کە نەنێردرێتەوە بۆ عێراق.

لەعێراق سەلوان چەکدارێکی حەشدی مەسیحی بووە. سەرلەنوێ هەڵدانەوەی فایلەکەی، زۆر لەتاوانەکانی لەعێراق زیاتر رووندەکاتەوە. وەک زۆر دۆخی تر، رەفتارەکانی سەلوان دەستوبرد لەعێراق لەچوارچێوەی تیورەی پیلانگێڕیدا لێکدرایەوە.

سوید تاوانبارکرا بەوەی هاندەر، یان رێگەخۆشکەرە، یان هیچ نەبێت رێگە پێدەرە. ئەمەش وەها راڤەکرا کە بەشێکە لەپیلانی ئەو وڵاتە یان رۆژئاوا دژ بەئیسلام. بۆیە داواکرا کەڕێگریی بکرێت، ئەو کەسە بنێردرێتەوە و هەروەها سوکایەتی بەپیرۆزی قەدەغە بکرێت.

ئەم داوایانە کۆمەڵێک ئاڵۆزی لەپشتیەوە خۆی حەشارداوە. ئەو کەسانەی، بەتایبەت سەرکردە شیعەکان، کە سەرپشک بوون لەتاوانبارکردنی سویددا، لەقازانجیان نەبوو ئەگەر کارەکە بەکارێکی تاکەکەسی دابنێن، چونکە مەبەستی ئەوان دروستکردنی دوژمنێکە بۆ ئیسلام، کردنی خۆیانە بەپارێزەرو داکۆکیکەر لەئیسلام، نەک لە پێناوی ئیسلامدا، بەڵکو لە پێناو بەرژەوەندی سیاسی تایبەتی خۆیاندا. هەرگیز کەس نەیپرسی بۆ سوید رێگە بەکارێکی وەها دەدات؟ بەڵکو دەستوبرد ئەو وڵاتە وەک تاوانبار لەقەڵەمدرا.

دیارە سوید وڵاتێکی نەرمی بچووکی ئاسانە بۆ بە ئامانجگرتن. وەک هەمیشە ئەم کەسایەتیانە، لاوازەکان زیاتر بەئامانج دەگرن، ئافرەت، منداڵ، کەمینە لەگەڵ جیاوازەکاندا. هەریەک لەو کەسایەتیانەی کە ئەم پرسەیان بەکارهێنا، ئامانجی ناوخۆیی و شەخسی خۆشیان هەیە. لێرەدا زیاتر جەخت لەسەر موقتەدا سەدر دەکەینەوە، چونکە لەعێراقە و پرسەکەش پەیوەندی بەعێراق و سویدەوە هەیە و لەهەموان زیاتر پەلکێشی کرد لەدەستدرێژی. سوتانی باڵوێزخانە لەیاسای نێودەوڵەتیدا، وەک تاوانێک لەقەڵەمدەدرێت. بەڵام سەدر دەیەوێت ئەو وێنەیە بۆ خۆی دروستبکات کە ئەو سڵ لەهیچ یاساو رێساو پیرۆزییەکی ئەوانیتر ناکاتەوە، بەڵکو ئەوە تەنها ئەوانیترە دەبێت بیر لەپیرۆزییەکانی ئەو بکەنەوە. بۆ نموونە هەرچەند هەفتەیەک پێش سوتانی باڵۆێزخانەکە، موقتەدا، چەندین بارەگای حزبی دەعوەی سوتاند، لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی کە بۆ باوکی دروستی دەکەن کەگوایە سەر بەڕژێمی پێشوو بووە. [پەیوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوان سەدر باوک و رژێمی سەددامدا هەیە، بە تایبەتی پاش حەملەی ئیمانی، کە سەدری باوکتی لەکەسێکی قەدەغەکراوە کرد بە کەسێکی رێگەپێدراو، بە مەبەستی تەعریبی حەوزە، لەم سۆنگەشەوەیە دژایەتی سیاسەتی دەکات] هەمومان دەزانین سوتانی بارەگا، مێژوویەکی هەیە لەمیانەی ململانێی هێزەکانی ناو عێراق، لەناویاندا هێزە کوردییەکانیش. سوتانی بارەگا، دۆخێکی ئاهەنگسازی تۆڵەکەرەوەی پڕ سروت دروستدەکات، کە چێژێک بەئەنجامدەران دەبەخشێت بەوەی کارێکی گەورە دەکەن، هەروەها پەیامە بۆ خاوەن بارەگاکە، کە بەشێک لەئەو سوتاوە، دەبێت بە ئاگابێت خۆشی دەسوتێت.

سوتان پرۆسەی سڕینەوەیە، لە باڵاترین دەرکەوتنیدا. دەرخەری ئەوەیە کە لایەنی سوتێنەر لەپەیوەندی سڕینەوەدایە لە گەڵ ئەویتردا. هەرچەندە لە کەلتوری توندوتیژی عێراقیدا، وەک بەشێک لەپرۆسەی ململانێی هێزەکان دەبینرێت، بەڵام بۆ خەڵکی دەرەوە پەیامەکانی هێندە روون نین.

موقتەدا، لەپرۆسەیەکدایە بۆ تێکەڵکردنی دین و سیاسەت. کردنی خۆی بەکەسێکی پیرۆزی سیاسی، کە دەسەڵات بەکاردەبات بۆ دژایەتیکردنی کردارە نادینییەکان. سەدر دەیەوێت ببێت بەسیاسیەکی پیرۆز. لەئێستادا ئەو یاسایەی کەڕەشنوسەکەی لە پەرلەمانە بۆ قەدەغەکردنی سوکایەتی بە کەسایەتیە ئاینییەکان بە تایبەتی باوکی موقتەدا، هەروەها لەگەڵیدا مەرجەع و بارەگا سیاسییەکان، هەموو دەرخەری ئەو پرۆسەیەن کە چۆن ئاینی شیعە دەبێتە ئاینی فەرمی دەوڵەتی عێراق و ئەرکی دەوڵەتە کە کەسایەتییە سیاسییەکان وەک کەسایەتی ئاینی پیرۆز لەقەڵەم بدرێن و کەس بۆی نەبێت رووبەڕووی رەخنەیان بکاتەوە، سەرباری خراپی بەکارهێنانی دەسەڵات و ئامرازەکان و گەندەڵییەکی بێشومار. [هەروەها عێراق لەپرۆسەی گەشەی خێرای مەرقەدو مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکانە، بە مەبەستی ئابوریی و سیاسی و کەلتوریی. ئەوەی جێگای سەرنجە لەعێراقی دیموکراسیدا، مردووان زۆر زیاتر لە زیندووان پیادەی سیاسەت دەکەن، دەکرێت بەمردوکراسی ناوی بەرین].

بەم پێیە سوید و باڵوێزخانەکەی بەکارهات بۆ ئامانجی ناوخۆیی، چونکە سوید ئامانجێکی ئاسان بوو. هەروەها سەدر لەم رێگەیەوە دەیەوێت بێتەوە ناو کایەی گشتی و سیاسەت کە گوایە لێی کشاوەتەوە، هەتا رکەبەرەکانی ئیحراج بکات. ئەمە هەروەها دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە هەڵبژاردنی پارێزگاکان، کەدەبێت پایزی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت یەکێکی ترە لەپاڵنەرەکان.

وڵاتی سوید بەگشتی بێدەنگی هەڵبژارد لەم پرسەدا. وەک دیپلۆماتێکی سویدی پێی گوتم، ئامانج ئەوەیە کە سوید وەها دەرنەکەوێت کە ملکەچی چەند کەسایەتییەکی ئاینی توندڕەوە، کە پرسەکە بۆ مەبەستی شەخسی خۆیان بەکاردەبەن. بەڵام بێدەنگی سوید لەسودی سوید نەبوو. بە جۆرێک هێزە شیعییەکان جۆرێک لەکەڵەگایی بەسەر ئەو وڵاتەوە دەکەن، دەیانەوێت مەرجەکانی خۆیان بە سەریدا بسەپێنن، بەبێ ئەوەی ئاگاداربن کە دەستکارییکردنی ئەو پرسانە، لەدەستی حوکمەتی سویدیدا نیە، بەڵکو بەشێکە لەکەلتوری سیاسی دەوڵەتی سوید. لێرەدا پێویستە هەندێک روونکردنەوە بدەین.

سوید وڵاتێکی عەلمانیە. عەلمانی لەعێراق، وەک چەمکێک نابوتکراوە. وەک وڵاتێکی عەلمانی ئاینەکان هەموو وەک یەکن و مافی تاکەکانە کە پیادەی بکەن یان نا. بەو مانایە دەوڵەت هیچ ئاینێک بەسەر کەسدا ناسەپێنێت.

ئەمەش وەها دەکات کە ئاین وەک مافێکی مەدەنی کەسەکان ببینرێت، نەک وەک بەهایەکی باڵا یان پیرۆز. سەلوان کە هەڵگری دۆخی پڕ لەنەخۆشی کۆمەڵگای عێراقییە، ئەم سیستەمە بە ئامانجی تایبەتی خۆی خراپ بەکاردەبات. سوید کاتێک سیستەمی عەلمانی بۆ خۆی داڕشتەوە، ئیسلام بەشێک نەبووە لە پرۆسەکە و دژایەتی ئیسلام لە ئارادا نەبووە. لەکاتێکدا ئێستا نزیکەی نیوملیون موسوڵمان لەسوید هەیە، زۆینەیان تەبان لە گەڵ سیستەمە عەلمانییەکەیدا. بەڵام لەڕاستیدا داواکردن لەسوید، داوایەکی جیددی نیە. چونکە ئەگەر جیددی بوایە دەبوو لەئاڵۆزی دۆخە بکۆڵدرایەتەوە. بەڵکو لەڕاستیدا ئەوانەی داوا دەکەن، نایانەوێت سوید هیچ گۆڕانکارییەک بکات، چونکە ئەوان تاوانبارکراوێکیان دەوێت هەتا بەهۆیەوە ئامانجەکانی خۆیان فەراهەم بکەن.

دەکرێت ئەم ساتەوەختە، قەیراناوییە بۆ سوید دەرفەت بێت. وەک هەر قەیرانێکی تر ئەگەری دەرفەتی لەخۆیدا پەنهان داوە. سوید دەبێت زیاتر خۆی بە سیستەمەکەی عێراق بناسێنێت. سیستەمی عەلمانی، کە چوارچێوەیەک دادەڕێژێت بۆ پێدانی ئازادی، نابێت لە ئەنجامی خراپ بەکاربردنێکی تاکە کەسیانە سەرتاپا سیستەمەکە بکرێت بە سیستەمێکی دینی. بەڵکو وەک هەموو سیستەمێکی ئازاد، خراپ بەکارهێنان و بەکاربردن بۆ سودی شەخسی تاک، هەمیشە وەک یەکێک لەئەگەرەکان دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر وەک خۆی تەماشابکرێت، وەک کردەیەکی تاکەکەسی، خراپ بەکارهێنان، ئەوا تێدەپەڕێت و پرسەکە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام کاتێک ئێجگار لەدۆخی خۆی گەورە دەکرێت بۆ ئامانجی تر، ئەوا دەکرێتە زەمینەیەک بۆ گەڕانەوەی رێگرییەکان و دەستوەردانی دەوڵەت بە پرسی تاکەکان و کۆتاییهێنان بەسەرجەم سیستەمەکە. ناکرێت کردەی کەسێکی خراپەکار ببێتە هۆی کۆتایی سیستەمێکی باش. ئەمە مانای زاڵبونی خراپەیە بەسەر باشەدا.

عێراق هەتابێت زیاترو زیاتر بەرەو دەوڵەتێکی دینی دەچێت. عێراق بەهەرجۆرێک دینی بێت دژ بە دینی زۆرینەی خەڵکەکەی دەبێت، چونکە ئاینی شیعە، وەک ئامرازی دەوڵەت دژ بە سوننەیە. دەستوری عێراقی دۆخێکی پڕ لە کێشەی لەبارەی ئەم دۆخەوە خوڵقاندوە، لەکاتێکدا هەوڵی بوونی هەردوو ئیسلام و دیموکراسی دەدات. بەڵام ئیسلام زاڵ دەکات بەسەر دیموکراسیدا. دیارە نووسەرانی دەستور لەڕێگای دیموکراسییەوە مەبەستیان عەلمانی بووە، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو چەمکە لەدەستوردا ناوبهێنن. دیموکراسی و ئیسلام دژ نین هەتا وەک دوو بەهای جیاواز ببینرێن. دەبێت سویدیەکان لەو راستیە تێبگەن کە لەعێراقدا دین، ئامرازی دەسەڵات و پارە پەیداکردنە، نەک خوداپەرستی و چاکەی گشتی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار