ئێران: تا شەش میلیارد دۆلارەکە نەگاتە دەستمان زیندانییەکان ئازاد ناکەین

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

جێگری سەرۆک کۆماری ئێران لە تویتێکدا دوێنی هەینی سەبارەت بە ئازادکردنی زیندانییە ئەمەریکییەکانی لە ئێران دەستبەسەرن ڕایگەیاند، تاکۆی پارە دەستبەسەرکراوەکانی ئێران ئازاد نەکرێن ئەو زیندانییانە لە ئێران دەمێننەوە.

محەممەد جەمشیدی جێگری سیاسی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران،دوێنێ هەینی ١١ی ئاب، لە تویتێکدا ڕایگەیاند: " رەوتی ئازاد کردنی کۆی سەرمایەی ئێران لە کۆریای باشووریش دەستی پێکردوە. تا کۆی پارەکە نەگاتە دەستمان ئەو زیندانیانەی ئەمریکا مەبەستیەتی لە ئیران دەمێننەوە."

هەر لەم بارەیەوە دوو ڕۆژ پێش ئێستا ( ١٠ی ئاب)، لە لایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە هەوڵی جدی بۆ ئازادکردنی ئەوپێنج هاوڵاتییە ئەمەریکییە  دەستی پێکردووەولە ئێستادا گواستراونەتەوە بۆ هۆتێلێک، هەرچەندە ناوی هۆتێلەکە ئاشکرا نەکراوە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی بڵاو کراونەتەوە، ئێران لە بەرامبەر ئازاد کردنی ئەو پێنج هاوڵاتییە ئەمریکییە جگە لە ئازاد کردنی چەند هاوڵاتییەکی ئێرانی کە لە ئەمریکا دەستبەسەرن بە هۆی ئەوەی لە کاتی گەمارۆکاندا کاریان بۆ سیستەمی سیاسی- ئەمنییەتی ئێران کردووە، داوای ئازاد کردنی ٦ میلیارد دۆلاری ئێران ئەکات کە بە هۆی گەمارۆکانەوە لە کۆریای باشوور دەستی بەسەردا گیراوە.

لەو پێنج هاوڵاتییە ئەمریکییە کە لە ئێران دەستبەسەرن ناوی سیانیان ئاشکرا بووە کە بریتین لە " سیامەک نەمازی"، "موراد تاقباز" و "عیماد شەرقی" و ناوی دوو هاوڵاتییەکەی دیکە نەزانراوە

یادرین ڤاتسۆن، وتەبێژی کۆشکی سپی، هەواڵی گواستنەوەی ئەو پێنج زیندانییەی بۆ هۆتێلێک بە هەنگاوێکی باش وەسف کرد.

 جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکومەتەکەی جۆ بایدن، لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە ئەکات و تا سەرجەم ئەو هاوڵاتییە ئەمریکیانە نەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان بەردەوامدەبن لە هەوڵەکانیان

هەر لەم پەیوەندەدا، مایک پەمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی سەردەمی دۆناڵدترامپ لە لیستی کۆمارییەکان، ئەم مامەڵەیەی بە مامەڵەیەکی زۆر خراپ و ترسناک ناوبرد و لە تویتێکدا نووسی :" ئازادکردنی شەش میلیارد دۆلار تەنها بۆ ئەوەی " بارمتەگیراوە" ئەمەریکییەکان بچنە جۆرێکیتر لە زیندان، " مامەڵەیەکی ترسناکە" و نابێ ڕێگەبدرێت ئێران هاوڵاتیانی ئەمریکی بەکاربهێنێت بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی. 

جیم ریش، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا  لە سەر لیستی کۆمارییەکان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئازاد کردنی ئەو هاوڵاتییە ئەمرییکیانە کە بە شێوەی نایاسایی لە ئێران دەستبەسەرکراون دەربڕی، بەڵام ئازادکردنی شەش میلیارد دۆلاری بە شتێکی مەترسیدار ناوبرد .

ئەو سێناتۆرە  نووسیویەتی:" جۆبایدن و دەوڵەتەکەی ئەبوایە سزای ئەو کەسانەیان بدایەت کە هاوڵاتییە ئەمریکییەکان بە بارمتە ئەگرن بە مەبەستی کەڵکی سیاسی و ئابووری بۆ ئەوەی بەردەوام نەبن لەم کارەیان".

حوسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، رۆژی چوارشەممە ٩ی ئاب،رایگەیاند:" ماوەی چەند مانگێکە لە رێگای قەتەر و عوممانەوە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکاییەکان هەیە و لە گفتوگۆین لەگەڵیان دەربارەی گۆڕینەوەی زیندانییەکان. "

وەزیری دەرەوەی ئیران رایگەیاند:" پرسی ئازاد کردنی زیندانییەکان پرسێکی ئینسانییە و ئێمە هیچ مەرجێکمان نییە بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان،بە قەتەر و عوممانمان راگەیاندووە لە چوارچێوە رێکەتنەکاندا ئامادەین بۆ گۆڕینەوە زیندانییەکان."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار