ڕۆژی جیهانی گەنجان و ئاهێك بۆ گەنجانی هەرێم

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ یونس 

نەتەوەیەكگرتووەكان، 12 ئابی هەموو ساڵێكی بە ڕۆژی جیهانی گەنجان ناساندووەو ساڵانە لەم ڕۆژەدا بۆنە و ئیڤێنت و چالاكی سەبارەت بەكێشە و گرفتەكانی بەردەم گەنجان ئەنجام دەدرێت.

گەنجان، شادەماری كۆمەڵگان و كۆڵەكەی سەرەكی گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی كۆمەڵگەن.

هەرچەندە تائێستا پێناسەیەكی گشتگیری نێودەوڵەتی بۆ توێژی گەنجان نییە، بەڵام نەتەوەیەكگرتووەكان بەمەبەستی ئامار پێناسەی گەنجان دەكات بە هەموو ئەوكەسانەی كە تەمەنیان لەنێوان (15-24) ساڵیدایە بەهەردوو ڕەگەزەوە، هەندێ‌ پێناسەی تر هەیە، كەتەمەنی گەنجان تا 29 ساڵی ئەژماردەكرێن.

لە تایبەتمەندییەكانی ئەم توێژە، ووزەیەكی مرۆیی بەهێزی پڕ گروتینیان هەیە، لەگەڵ ئارەزووی خۆدەرخستن وگەڕان بەدوای زانیندا. هەروەها تەمەنی گەنجی قۆناغێكی گرنگی ژیانە، ئەم قۆناغە بە قۆناغی بونیادنانی كەسایەتی ئابوری وسیاسی و كۆمەڵایەتی دەناسرێت. قۆناغی پلاندانانە بۆ داهاتوو، لەو ژینگە ئابوری وكۆمەڵایەتی و سیاسیەی تێدا دەژین.

ئامارەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لەجیهاندا زیاتر لە (1.8) ملیار كوڕو كچی گەنج بوونیان هەیە، كەتەمەنیان لەنێوان (10-24) ساڵدا دەبن. لە ڕاستیدا ئەم ژمارەیە گەورەترین ژمارەی گەنجانە بەدرێژایی مێژووی جیهان. هەروەها لەكۆی 8 ملیاری دانیشتوانی گۆی زەوی ڕێژەی 25%  تەمەنیان لەخوار 25 ساڵیدان.

لەڕاستیدا دۆسیەی گەنجان لەدۆسیە ستراتیژی و گرنگەكانە، پەیوەستە بەژیانی سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگاوە، كاریگەری ڕاستەوخۆی بەداهاتووی هەر كۆمەڵگایەوە هەیە، لەبەرئەوە پێویست دەكات لەسەر خاوەن عەقڵ و خەمخۆران بەووردی لێكۆڵینەوە لەكێشەو داوا و ماف و ئاستەنگەكانی پێشەوەچوونی گەنجان بكەن و هەوڵی چارەسەری بنەڕەتی و ڕیشەیی بدەن، چونكە تێكچوونی ژیانی گەنجان، لێكترازان و تێكچوونی كۆمەڵگای بەدوادا دێت...

كێشەوگرفتەكانی بەردەم گەنجان

بەشێوەیەكی گشتی، ئەو كێشانەی ڕووبەڕوی گەنجان لە واقیعی كوردەواریدا بوونەتەوە، ئەمانەی خوارەوەن.
(بێكاری، هەژاری، نایەكسانی و نادادپەروەری، ترس لەئایندەو ولەژیانی دواڕۆژ، پەراوێزخستنی گەنجان بەوەی كەلەبەرچاو ناگیرێن لەكۆمەڵگادا و گوێ لەداوا و بۆچونیان و بیرورایان ناگیرێت لەكایەی سیاسی و ئابورییەكاندا بەركەنار خراون. لێكترازانی خێزانی، دواكەوتنی هاوسەرگیری، شەڕو كێشەسیاسیەكان و ناكۆكی و دووبەرەكی ئایینی و مەزهەبی. هاتنەناوەوەی كلتورەجیاوازەكان و تێكەڵبوونی شارستانییەكان، هاوڕێی خراپ، هەستنەكردن بەگرنگی كات، كەمی پلانی نوێ بۆ ژیانی داهاتوو نەبوونی ئامانج لەلای گەنجان. 

داتای گەنجانی هەرێم:
گەنجانی تەمەن 15-29 ساڵ رێژەی 28%ی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان پیكدەهێنن و ئەمەش 1ملیۆن و 727 هەزار و 903 كەس دەكات. ئەمە بێجگە لەوەی كە 35%ی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان لە خوار تەمەنی 15 ساڵییەوەن كە  2 ملیۆن و 159هەزار و  879 كەس دەكات، بەم ئامارانەی سەرەوە دەردەكەوێت كەخۆشبەختانە دانیشتوانی هەرێم، كۆمەڵگایەكی گەنجە.

هەرێم و كێشەكانی گەنجان:
ئەوەی پەیوەندی بەڕەوش و گوزەرانی گەنجان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەداخەوە گەنجان بە بارودۆخێكی سەختی ئابووری  و كۆمەڵایەتی و دەروونی و پەراوێزخستنی سیاسییدا گوزەر دەكەن، بێ هیوایی لە ئێستا و ترس ئایندەیان گەورەترین كێشەی گەنجانی هەرێمە، بە گشتی و جگە لە ڕێژەیەكی كەم زۆربەیان بەدەست بێكاری و نەبوونی هەلی كار و نەبوونی داهاتی تاكەكەسەوە دەناڵێنن. ئەگەرچی جیاوازییەكی ئەوتۆ نییە لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا، بەڵام وا دەردەكەوێت تاڕادەیەك رەگەزی نێر لەڕەگەزی مێ‌، باشترو لەپێشتر بن، ئەوەش بەهۆی تایبەتمەندی كلتوری و كۆمەڵایەتی كوردەواریەوە. بەداخەوە دەرفەتەكانی كاركردن بۆ كچان لە بازاری كاری هەرێمدا لەوپەڕی لاوازیدایە، زۆربەی هێزو توانای كچان بەشاراوەیی قەتیس دەبێت لەنێو خێزانەكاندا، بەشداریكردنی ڕەگەزی مێ‌ لەتوێژی گەنجان لە كاروباری ئابوری و سیاسیدا لەوپەڕی لاوازیدایە.

لەناو توێژی گەنجانی كوردەواریدا، ئەمرۆ خاوەن بڕوانامەكان زیاتر كڵۆڵتر و بێ هیواترن، چونكە بازاڕی كاری هەرێم سەرەڕای كەموكوڕیەكانی لەگەڵ ئەم توێژەدا ناگونجێن. خاوەن بڕوانامەكان ناگونجێن لەگەڵ ئەو دەرفەتە كەم ودەگمەنانەی كە بازاڕی كاری هەرێم دەیڕەخسێنێت، جگە لەجیاوازی پسپۆرییەكان، لاوازی كارامەیی و لێهاتوویی دەرچووان سیمای زۆربەی دەرچووانە، كە ئەوەش بەشێكی هۆكارەكەی بۆ نەگونجانی پڕۆگرامی خوێندنی زانكۆكان لەگەڵ بازاڕی ئەمڕۆییە، ئەوەی دیكە پەیوەستە بە خودی گەنجانەوە، هەگبەی زانستی و ئەكادیمیان لاوازەو زیاتر بە لای چالاكییە كەیفسازییەكانەوەن، بە بەراورد بە گەڕان بە دوای زانست و كەڵك وەرگرتن لە پیشەوەری وئەزموونی ژیان.

لەلایەكی ترەوە، جیاوازییەكی لەرادەبەدەر لەنێوان توێژی گەنجاندا دروست بووە، ئەویش گەنجانێك كوڕو كچانی بەرپرسان و خواپێداوان و دەوڵەمەندانن، كەخاوەنی زۆربەی پێداویستییەكانی ژیانن و بگرە زیاتریش! ئۆتۆمۆبیل و شووقەو ڤێلا و گەشتی وڵاتان و كەفوسەفای زیاد لەپێویست و هتد. لەگەڵ زۆرینەیەكی گەنجان كەكورو كچانی خێزانە كەمدەرامەت و هەژارەكان و تەنانەت چینی ناوەندی كۆمەڵگاش دەگرێتەوە. كە لە زۆربەی مافە سەرەتایی و سەرەكییەكانی ژیان بێ‌ بەشن، توانای دارایی كەم و لاواز و نەبوونی هەلی كار و خزمەتگوزارییەكان و نەبوونی یەكەی نیشتەجێ‌ بوون و دواكەوتن لەهاوسەرگیری و هتد.

شایانی باسە، لەناو چینی گەنجانی هەرێمدا، گەنجانی شاروشارۆچكە بچوك و دوورە دەستەكان و گەنجانی گوندنیشینانی هەرێم، لەخراپترین بارودۆخی ژیاندان.

بەداخەوە حكومەتی هەرێم لەئێستادا، هیچ جۆرە پاڵپشتییەكی داراییان نی یە بۆ توێژی گەنجان، هەرچەندە لەپێش ساڵانی قەیرانی داراییەوە جۆرێك لەهاوكاری وپاڵپشتی دارایی لەناو بودجەی گشتی دا هەبوو، وەك پێدانی پێشینەی هاوسەرگیری و قەرزی بچوك بۆ پرۆژەی بچوك و هەندێ‌ پاڵپشتی دارایی تر، بەڵام لەئێستادا وەستاوە.

لە كۆتاییدا، گرنگینەدانی بڕیاربەدەستان بە هەموو پێكهاتە و ڕەنگەكانیانەوە لە ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان لە ئەنجامدا هەڵوێستی نەرێنی لە سەر ئینتیمای نیشتیمان وخاك ونەتەوە وخێزان و كۆمەڵگا سەرهەڵدەدات، دواتر ناڕازیبوون و تێكچوونی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی دروست دەبێت. بۆیە باشوایە گرنگیدان بەگەنج و هۆشیاركردنەوەی زیاتری گەنجان لەمەڕ كێشەكانیان، كاری لەپێشینەیان بێت و دۆزینەوەی هەلی كار و دەرفەتی یەكسانی بێ‌ جیاوازی بخرێتـە كارو پلانی حكومەتەوە، واتە هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بەگەنجانەوە بخرێتە لیستی ئەو پلان و پرۆژانەی كەگرنگن بۆ گەشەپێدان و بەروەپێشچوونی كۆمەڵگاوە.

•    ئابووریناس
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار