لە دیالە پێنج تیرۆرستی داعش دەستگیركران
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ هێزەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییدا توانیویانە پێنج تیرۆرستی داعش لە پارێزگای دیالە دەستگیر بكەن.
لە ڕاگەیاندراوەكەیاندا هاتووە، لە چوارچێوەی زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆن هێزەكانیان دژی پاشماوەكانی چەتەكانی داعش، توانیویانە پێنج داعش دەستگیر بكەن، كە لە دوو گرووپ پێكهاتبوون.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو پێنج داعشە دانیان بەوەدا ناوە كە پەیوەندییان بە گرووپی تیرۆرستی داعشەوە هەیە، هەروەها لە ماوەی ئەمساڵدا چەندین تاوانیان دژی بە هاوڵاتییان و هێزە ئەمنییەكان ئەنجامداوە، لەوانە دانانی تەقەمەنی لە ناوچەكانی پارێزگای دیالە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، دانیان بەوەدا ناوە ئامانجیان لە دانانی ئەو تەقەمەنیانە بە ئامانجگرتنی مەفرەزەكانی پۆلیس و كۆنتڕۆڵكردنی خاڵە سەربازییەكان بووە، هەروەها تەقەمەنییەكی دیكەیان داناوە بە مەبەستی بە ئامانج گرتنی دادوەرێكی پارێزگاكە و چەندین بەرپرسی دیکە.