شەوێك لەشەوان لەگەڵ (هێمن)ی شاعیردا لەشیلاناوێ‌

یەک ساڵ لەمەوپێش



دكتۆر سەباح غالب

ئەگەرچی شیلاناوێ مەفتەن و زێدی مام هێمنی شاعیر بوو، بەڵام قەدەغە بوو لەدێ بچێتە دەرێ، نەیاندەهێشت تێر بەچاوانی بڕوانێ، بۆ دوور روانین جگە لەخەیاڵ، مام هێمن چی دیكەی بەدەستەوە نەبوو، جار جارەش خەیاڵیان لێ دەتاراند. ئەوكات تەمەنی 61 ساڵان بوو، من دەمێك بوو بەناوبردنی بە مام هێمن راهاتبووم، ئەوەش دەگەڕایەوە بۆ رۆژانی دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول، ئێمە لەشاخ بووین دیوانی تاریك و روونی چاپ و بڵاوكردبۆوە، كە پێكگەیشتینەوە، پێشكەشی كردم و لەسەری نووسی: «پێشكەشە بە صەباح كە بەقەدەر صەڵاحم خۆشدەوێ«، با شاعیریش نەبێ، بەڵام بۆ هەستی شاعیر یەكجار دڵخۆشیترە كە بۆنی دووری تاقانە كوڕەكەی بنێ بەكەسێكەوە، لەوەوە مام هێمن و من زیاتر لەیەكدی نزیكبووینەوە، ئەو پیرو من مورید.

ئەو شەوەم چاك لەبیرە، یا بابڵێم هەر چوارەدە شەو و رۆژی سەردانەكەم لەناخدایە، نازانم بۆ شەوی 21 لەسەر 22ی ئابی 1982، لەشەوانی دیكە تایبەتر بوو، خۆ هەموو شەوەكان وەنەوزێك نەبوو، قسەش لەمام هێمن نەدەبڕا، منیش لەگوێگرتن وەڕز نەدەبووم، سات بەسات لەبیرمدا تازە دەبۆوە كە لەیەكەم رۆژەوە، پێی وتم: صەباح گیان رێگەم بدە هەر من قسەت بۆ بكەم، بەهاتنی تۆ، دوو لەزەت لەڕۆحمدا كۆبوونەتەوە، دیداری تۆو زمان كردنەوەی من، سكم پڕە لەقسە، وا بۆ ساڵ زیاتر دەچێ، كەسێكم چنگ نەكەوتووە قسەی بۆ بكەم، نەیانهێشتووە رێبوارێك رێی بكەوێتە ماڵی ئێمە، بۆیان نەدەكرا، دەنا لەڕقی من، نەیاندەهێشت ماڵیاتی ئێمە بلەوەڕێ، بۆقیان لەقیڕە دەخست، ئاویان لەدێراوان دەبڕی، بۆنیان لە سمڵ و رێحانە رەشە دەستاند، ... بەڕاستی هونەرت نواند دوای ئەوەی حزب گرتیانی و زۆریان عەزیەت كردی، كەچی هەر هاتیتەوە بۆ لای من، دیسان دەیڵێمەوە: هەر گوێم لێبگرە.

سەرەتای تەممووزی 1982 بوو، دوو جار بەنیازی سەردانی مام هێمن لەمەهاباد دەركەوتم، جاری یەكەم لە 10 كیلۆمەتری مەهاباد، پاسدار چاویان بەستم و نەمدەزانی بۆ كوێم دەبەن، برادەرێكم لەگەڵ بوو ناوی كەمال بوو، خەڵكی سلێمانی بوو، خۆشبەختانە ئەو لەگێچەڵی پاسدار بەدوور بوو، جاری دووەم لەماڵی مام هێمن، حزبی دیموكرات، بەكێشان كردم بۆ كۆمیتەی شارستانی مەهاباد لەشاروێران كە كاك حەسەنی شەرەفی بەرپرسیاری بوو. ئەو رووداوانە گێڕانەوەی زۆر هەڵدەگرن.    

ئەو شەوە، وشە بە دەوری خۆیدا دەسوڕایەوە، شیعر، جا شیعری هێمنیش بێ، هەوڵیدەدا، لەژاوەژاوی بووندا، بۆشاییەك بدۆزێتەوە، قەیران و كارەسات بڵاوێنێتەوە، لەوەش زیاتر، گرشەی پێبداو لەبیردا بمێنێتەوە، تا دەهات خەو بەرتەسك دەبۆوە، تادەهات نادیاری پەنای بۆ دیمەنی شەهید دەبرد، ئێستای لێڵ و وێل، لەسبەینێی كەیلی سەرخۆشی و تاریكیدا دەبینییەوە. لەو كەشوهەوایەدا، مام هێمن شیعری خۆی بۆ دەخوێندمەوە.

هەژار ئەفسەرێكی كوردی سوپای شای ئێران بوو، لەهیچی كەم نەبوو، چەوساندنەوە و ئازاری نەتەوەكەی هێنابوویە ناو بزووتنەوەكەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدژی رژێمی خومەینی، لەو بوارەدا ببووە یەكێك لەفەرماندە هەرە ئازاو گیان لەسەر دەستەكان، بەو نیازەی بەگیانی خۆی و هەزارانی وەك ئەو، كورد هەنگاوێك بەرەوپێشەوە بنێ، كەچی ... رۆژانی دواتر زیاتر كارەسات دەباری، زۆربەی كارەساتەكانیش بەعەقڵی كوردو بەدەستی كورد دەخولقێنران. بۆ ئەو هەژارە، بەدەنگێكی هێمنانەوە، مام هێمن دەیگووت: ئێ ئەمە دنیایە، هەژار ببیسێ كەهیچ نەبێ ناوی ون نابێ و لەدڵی من و گەلێكی دیكەدا، بەگەورەیی و بەدوندی دەمێنێتەوە:

وەرە رێبوار دەمێ راوەستە لێرە

تەمـاشـاكـە كـە ئێرە گۆڕەشـێرە

ئـەوە گـڵـكـۆی هـەژارێكی بـوێـرە

كـە پێشـمەرگەیەكی ئازاوو دلێرە

 

شەو، شەوی پەژارەڕشتنی مام هێمن بوو، منیش كۆمدەكردەوە، ئەگەرچی منیش زامداربووم، بەڵام هی ئەوم لا باڵاتر بوو، بۆیە لای خۆمەوە شەوی دڵدانەوەی ئەو بوو، پیرو موریدئاسا، زیاتر دەچووینە گیانی یەكدییەوە، ئەو بەلێزمەی قسە داكردن، منیش خۆم خستبووە بەر باران. 

بەهاری كوردەواری سوورو شینە

لەدەورەی تەرمی خوێنین كۆڕی شینە

كـە پێت خۆشـە بەهاری كورد ببینـی

وەرە گــونـدی (قـەڵاتــان)م بـبـیـنە

 

لەڕێگای وشەوە، حەقیقەت و بەهەشتی شاعیرو نووسەری راستگۆ بونیاد دەنرێ، شاعیری راستگۆ، منەت بەسەر خوێنەرو نەتەوەكەیدا ناكا، وەك خۆی دەیگووت: كێ وەك شەم دەسووتێ، شاعیری بەئەمەك نەبێ، شیعری مام هێمن رووبارێك و دەیان رووبار بوون، دەڕژانە ناو زەریای چەرخەكانی مێژووی نەخۆشی شارستانییەتی مرۆڤایەتییەوە، كوا جارێك، دانیشتوانی ئەم گۆی زەمینە نیگایەكی دەگرتە كارەساتەكانی نەتەوەی كورد.

مام هێمن، شاعیر بوو، سیاسەتمەدار نەبوو، بەڵام سەلیقەی سیاسەتی هەبوو، زۆر چاك لەوە تێگەیشتبوو، بەزەیی حكومەتان درۆیە، دروشمی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، گاڵتەیە، ئەگەر وا نەبوو، بۆ لە سووچێكی ئەو جیهانەوە، حكومەتێكی خۆهەڵكێش بەمافی ئینسان، ورتەیەكی لێوە نایە، بۆ؟ بۆ بۆ سەدان كارەساتی كوردەواری لەشێوەی (قارنێ)، هاوارێكیان لێ هەڵناستێ؟ بۆ كەسێك تووڕەیی لەبەرامبەر تاوانی پاسداران، ژەندرمەو ئەفسەرانی داگیركەرانی پارچەكانی كوردستان دەرنابڕی؟ مام هێمن وایدەزانی كەشیعر، مەشخەڵی دەگمەندە، لە شەوی زماندا دادەگیرسێ، بەو پێوانەی لەبزووتنەوەیەكی هەمیشەییدایە، رەگەزەكانی ژیان كۆدەكاتەوەو زەمینسازی بۆ دەربڕینی مرۆڤانە دەنەخشێنێ

ئەوی پاسـداری نابەكار كردی پارەكـانە لەدێیەكەی (قارنێ)

بەزەیی گەر لە عالەما مابا، بەشەریەت دەبوو یەخەی داڕنێ

 

شەهیدی هەر پارچەیەكی كوردستان، شەهیدی هەموو نەتەوەیە، شەهید هی ئەوە نییە، حزب خۆی پێوە بابدا، لەقاڵبدانی شەهید لەحزبێكدا، شەهیدی پێ بچكووك دەبێتەوە، لەو روانگەیەوە، مام هێمن تەماشای شەهیدی دەكرد. شەهید هێند مەزنە بەپەیڕەوو پڕۆگرامی حزب تاریف ناكرێ، هەر نەتەوەی هۆشیار تێدەگا كە نابێ بەخشینی شەهید بەخۆڕایی بڕوا، تێگەیشتن و هەستی حورمەتی شەهید، بەر لەهەموو كەسێك لای شاعیری راستگۆ (ڕووناكبیریی راستەقینە) دەردەكەوێ، ئەویش لەو روانگەیەوە كە بێ ماربڕینی كولتوورو بیرمەند لەگەڵ سیاسەتمەداری دڵسۆزی بەڕاستی، شەهید لە بیردەچێتەوە، قوربانی بەرهەمی نابێ، مام هێمن، بۆ ئەوە كاری دەكرد، بەڵام سیاسەتمەداری زوو لەخۆبایی بوو، كوا ئەوە دەزانێ.

مام هێمن، وایدەزانی خۆی ناتوانێ بەقەدەر گەورەیی شەهید، شینی بۆ بكا، بۆیە پەنا دەباتە بەر نالی كە ئەو تەماشایەكی ئاسمانی كوردەواری بكا، بزانێ هەموو شەوێك (شەهاب)ێك لەئاسمانی كوردستان دەكشێ و شەهابیشی لێ نابڕێ:

نالی لە كوێی ببینێ كە پایتەختی شارەزوور

ئەستێرەكانی رادەكشێن، وەك شەهابی نوور

 

هەموو شتێك لەسەر لێواری نەمانە، ئەوەی پێشین و ئەوەی دێ، كەعەقڵ و زانست، پەیان پێنابەن، بەرەو هەڵوەرین، بەرەو لەبیرچوونەوە، بەرەو بێ بنی دەبنەوە، كێ بیر لەوانە دەكاتەوە؟ زۆر كەم، كە وا نەبوایە، هەموو هەناسەیەكی ژیان خۆش دەبوو، هەڵبەت، ئەوە دەسەڵاتداری زاڵمە، نەزان و نەشارەزایە، نا دڵسۆزە، خۆشی لەمن و لەتۆ و لەو، نەك هەر لەوڵاتی خۆمان، بەڵكو لەسەرانسەری جیهان لێی تاراندووین. لەناو شاعیراندا، كەمیان هەیە لەپاڵ زۆرداردا نەبووبێ یا نەبن، ئەوەی وا نییە لەجێی نەبوانە، مام هێمن لەجێی بووان بوو. لەو ژیانە جەنجاڵەدا، لەو ناسۆرو ئازارەدا، ئەوەی سەرگەرمی سەرخۆشیمان دەكا، داهێنانە، لەگەڵ ئەوەشدا كە هەموو شتێك لەڕووخان و تەپینایە، ئەگەر شتێك خۆپارێزی پێبكەین لەو جیهانە، تەنیا وزەی داهێنانە كەژیان جوان دەكا، مەشخەڵ دادەگیرسێنێ، رێگە رووناك دەكاتەوە، دیارە ئەو وزەیەش، وشەی جوان و كاری بەپێزە. دەشێ خوڵقێنەری ئەوانە، شاعیر بێ، دەشێ سیاسەتمەدار بێ، دەشێ جوتیار، كرێكار، فەرمانبەر، یا سەربازو پێشمەرگەیەك بێ، بەڵام هەموو ئەوانە بەمانا راستەقینەكەیان، نەك بەناولێنان، مام هێمن، كۆكەرەوەی وشەی جوان و كاری جوان بوو.

خودا یاربێ، جارێكی دیكە باسی رۆژی دوای ئەو شەوە دەكەم، گشتمان بەخێرو بەسڵامەت.

 

شەوی 21 لەسەر 22ی ئابی 1982، شیلاناوێ ـ مەهاباد ـ رۆژهەڵات

 

 

سەرنج:

1- قەڵاتان و قاڕنێ دوو دێی رۆژهەڵاتی كوردستانن لەنزیك نەغەدە هەڵكەوتوون، لەئەیلولی 1979، كوردو ئازەری لەو دەوروبەرە بەشەڕهاتن، بۆ گەلەكۆمەكە لەكوردو بۆ لەسەركردنەوەی ئازەرییەكان، ئایەتوڵڵا حەسەنی، نوێنەری خومەینی و ئیمام جومعەی ورمێ، بەفەرماندەیی هێزێكی دڕندەی پاسداران، هێرشی كردەسەر دێهاتە كوردییەكانی ناوچەكە، لەو دوو دێیە كوشتاری زۆری لێكردن كەمنداڵی شیرەخۆرەو سەرلانكیشیان تێدا بوو، ئەو دێڕانەی مام هێمن، هێمان بۆ رەشەكوژی كورد لەو دوو دێیە.

2-شەهاب، مەبەست لەشەهابی شێخ نووری شێخ صاڵحە، كە یەكێك بوو لەسیاسەتمدارە ماركسی ـ لینینییە دەكمەنەكانی باشووری كوردستان، زیاتر بیركردنەوەی پێوەدیار بوو وەك لەحزبایەتی، لەگەڵ باوەڕەكەی خۆی راستگۆ بوو، لەو پێناوەدا زۆر كاری كردو بێ ئەندازە زەحمەتی كێشا، هێندە ئازا بوو بۆ دوژمنی نەدەسلماند، لەبەرامبەر فەرمانی كوشتنی خۆڕاگر بوو، لەڕۆژانی دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول، دەیەویست بەڕێبازی بیركردنەوەكەی، درێژە بە بزووتنەوەی چەكداری بدا، لەئەنجامدا، حكومەتی بەعسی بەغدا، لە 21ی تشرینی دووەمی 1976، لەسێدارەی دا. یادی هەموو راستگۆیەك بەخێر بێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار